دایکانی ئاشتی سەردانی پارتە سیاسییەکان دەکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی دایکانی ئاشتی، بەبۆنەی رۆژی جیهانی دایکانەوە بەمەبەستی "گەیاندنی پەیامی ئاشتی و برایەتی" سەردانی پارتە سیاسییەکان دەکەن.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، شاندێکی دایکانی ئاشتی کە ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی و عەدالەت کایا، پەرلەمانتاری پارتەکە یاوەرییان دەکەن، ئەمڕۆ و سبەی سەردانی ژمارەیەک پارتی سیاسی دەکەن.
 
شاندەکەی دایکانی ئاشتی، کاژێر 12:30 خولەکی ئەمڕۆ پێنجشەمە حەوتی ئایاری 2026 دەست بە سەردانەکانیان دەکەن و یەکەم سەردانیان بۆ لای پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەبێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان شاندەکەی دایکانی ئاشاتی لە پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ فیلیز کڵچ و ئەرکان ئاکچای، بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە کۆدەبنەوە.
 
دواتر شاندەکە لە کاژێر 14:00دا سەردانی ناوەندی گشتیی پارتی ئاییندە دەکات. دوایین سەردانی ئەمڕۆی شاندەکە، کاژێر 17:00 بۆ لای پارتی سەعادەت دەبێت.
 
شاندەکە، لە دووەم رۆژی سەردانەکانیدا کاژێر 12:00ـی رۆژی هەینی هەشتی ئایاری 2026 لە ناوەندی گشتیی پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە) دەبێت.
 
چاوەڕوان دەکرێت شاندی دایکانی ئاشتی لە سەردانەکانیدا بەبۆنەی رۆژی دایکانەوە "پەیامی ئاشتی و برایەتی" بگەیێنێت. 
 
دایکانی ئاشتی، بزووتنەوەیەکی مەدەنی و مافناسیی ژنانە، کە لە ساڵی 1996 لە تورکیا و باکووری کوردستان دامەزراوە. ئەم گرووپە زۆربەیان لەو دایکانە پێکهاتوون کە منداڵەکانیان لە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەدا گیانیان لەدەستداوە، بێسەروشوێن بوون، یان لە زیندانەکاندان.
 
داواکاری و ئامانجی سەرەکی ئەم بزووتنەوەیە، بریتین لە کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە رێگەی دیالۆگ، فەرمیکردنی زمانی کوردی وەک زمانی پەروەردە و خوێندن، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و باشترکردنی دۆخی زیندانەکان و ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا بێسەروشوێن کراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە