ئەردۆغان: ئەوانەی منداڵی دووەمیان دەبێت، لە قەرزی هاوسەرگیری دەبەخشرێن

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا مزگێنییەکی نوێی بۆ ئەو هاوژینە گەنجانە راگەیاند کە قەرزی هاوسەرگیرییان لە سندووقی خێزان و گەنجان وەرگرتووە و رایدەگەیێنێت، ئەو هاوژینانەی لە ماوەی دانەوەی قەرزەکەدا ببنە خاوەنی منداڵی دووەم، تەواوی قەرزە ماوەکەیان بۆ دەکرێتە بەخشین.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی دووشەممە 4ـی ئایاری 2026 دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، لەبارەی پاکێجی پاڵپشتیی خێزان بۆ هاوژینە گەنجەکان قسەی کرد. ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت بە قەرزێکی بێ سوود کە دەگاتە 250 هەزار لیرە، پاڵپشتیی ئەو گەنجانە دەکات کە دەیانەوێت خێزان پێکبهێنن.
 
تەواوی قیستە ماوەکان دەبنە بەخشین
 
سەرۆککۆماری تورکیا روونیکردەوە کە لە سیستمی ئێستادا بۆ منداڵی یەکەم تەنیا دواخستنی قەرز و بەخشینی بەشەکی هەبوو، بەڵام ئێستا هەنگاوێکی دیکە چوونەتە پێشەوە. ئەردۆغان گوتی: "بڕیارمان دابوو قیستی 12 مانگی ئەو هاوژینانە ببەخشین کە لە ماوەی دانەوەی قەرزدا دەبنە خاوەنی یەکەم منداڵ. ئێستا لە ئەگەری بوونی منداڵی دووەم لەو ماوەیەدا، تەواوی قیستە ماوەکان دەبەخشین."
 
مەرجەکانی وەرگرتنی قەرزەکە
 
بەپێی رێنوێنییەکان، گەنجانی تەمەن 18 بۆ 29 ساڵ دەتوانن داواکاری بۆ وەرگرتنی ئەم قەرزە پێشکەش بکەن. گەنجانی تەمەن 18-25 ساڵ بڕی 250 هەزار لیرە و گەنجانی تەمەن 26-29 ساڵیش بڕی 200 هەزار لیرە قەرزی بێ سوودیان پێدەدرێت.
 
لە نێو مەرجەکاندا هاتووە کە دەبێت لانی کەم 2 مانگ پێش مارەبڕینی فەرمی داواکارییەکە پێشکەش بکرێت، هەروەها نابێت داهاتی خێزان 2.5 هێندەی کەمترین مووچە تێپەڕێنێت. داواکارییەکانیش لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی سندووقی خێزان و گەنجان دەکرێن.
 
حکومەتی تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا چەندین پڕۆژە بۆ هاندانی گەنجان بۆ هاوسەرگیری و زیادکردنی منداڵبوون راگەیاندووە. ئەم هەنگاوە نوێیەی ئەردۆغان وەک بەشێک لەو ستراتیژییەتە دەبینرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی پیربوونی دانیشتووان و کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی خێزانە نوێیەکان، بەتایبەتی لە کاتێکدا تورکیا بەدەست هەڵاوسانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای تورکیا و ئەرمینیا

دوای 18 ساڵ، شاندێکی باڵای تورکیا سەردانی ئەرمینیا دەکات

یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەشتەمین لووتکەی کۆمەڵگەی سیاسی ئەورووپا، گەیشتە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا. ئەمە یەکەمین سەردانی فەرمییە لە ئاستی باڵای ئەو وڵاتە دوای 18 ساڵ