رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، یەکەمین مووشەکی بالیستیی هایپەرسۆنیکی دوور مەودای نمایش کرد، کە ناوەکەی لە سوڵتانێکی عوسمانی وەرگرتووە و تەقەمەنییەکی زۆر بە خێراییەکی زۆر دەگەیێنێتە دووری 6 هەزار کیلۆمەتر.
یەکێک لە دوایین بەرهەمەکانی پیشەسازیی سەربازیی تورکیا، نمایشکردنی مووشەکێکی بالیستیی هایپەرسۆنیکە، کە بە تەواوی بەرهەمی نێوخۆی ئەو وڵاتەیە. مووشەکی هایپەرسۆنیکی (یڵدریمهان) مووشەکێکی کیشوەربڕە و خێراییەکەی لە 9 ماک (9 جار لە خێرایی دەنگ) زیاترە.
ئەو مووشەکە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە پەرەی پێدراوە، لە 5ی ئایار پەردەی لەسەر لادرا.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە گوتارێکدا گوتی، پیشەسازیی بەرگریی تورکیا ئێستا نەوەکو تەنیا بەدوای بەرهەمهێنانی زیاترە، بەڵکو چووەتە ئیکۆسیستمێک کە بە دوای تەکنەلۆجیای بەرزو پێشکەوتوو دا دەگەرێت، "تورکیا لە پیشەسازیی بەرگریدا چووەتە قۆناخێک بەدوای دروستکردنی بەرهەمی تەکنەلۆژیای بەرزە."
مووشەکەکە بەهۆی خێرایی و کاریگەرییەوە، بەناوی (سوڵتان بایزید)ی یەکەمی عوسمانی کراوە کە نازناوی (یڵدرم) بووە، واتا (برووسکە).
مووشەکەکە دەتوانێت خێراییەکەی بگاتە نێوان 9 بۆ 25 هێندەی خێرایی دەنگ – واتا نزیکەی 30 هەزار کیلۆمەتر لە کاژمێرێکدا، ئەمەش توانای ئەوەی پێدەبەخشێت کە خێراتر بگاتە ئامانجەکەی.
ئەو مووشەکە بە چوار بزوێنەری مووشەکیی بەهێز دەجووڵێت کە سووتەمەنی شلەی نایترۆجینی تێترۆکساید بەکاردەهێنن. هەروەها توانای بڕینی کیشوەرەکانی هەیە بە دووری 6 هەزار کیلۆمەتر و 3 هەزار کیلۆگرام تەقەمەنی هەڵدەگرێت.
تێکەڵکردنی خێرایی بەرز و توانای مانۆڕکردن، توانای ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و رێگریکردنی دووژمن کەمدەکاتەوە، ئەمەش توانای دزەکردن و پەڕینەوەی لە سیستمەی بەرگری ئاسانتر دەکات.
یەکەمین مووشەکی بالیستی هایپەرسۆنیکی تورکیا (تایفون بلۆک-4) بوو کە لە مانگی تەمووزی 2025 نمایشکرا، خێراییەکەی 5 بۆ 6 ماکە و مەودای 800 تاوەکو 1000 کیلۆمەتر دەبڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ