رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەم پارتی دەڵێت، مانگێک زیاترە عەبدوڵڵا ئۆجەلانمان نەبینیوە، هیوادارین بەمزووانە رێگە بدەن شاندی ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلان بکات. لەبارەی دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی بۆ پێگەی ئۆجەلان دەڵێت، گرنگە هەلێک بۆ ئۆجەلان بڕەخسێنرێت کە وەک ئەکتەرێکی سەرەکی لە بنیاتنانی ئاشتی مامەڵە بکات.
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، ئایشەگول دۆغان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا تیشکی خستە سەر چەند بابەتێک و سەبارەت بە پێشنیازەکەی سەرۆکی مەهەپە لەسەر پێگەی ئۆجەلان، گوتی: "بۆ ئێمە گرنگییەکی زۆری هەیە کە هەلومەرجێک بۆ ئۆجەلان بڕەخسێت، بتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی و کاریگەرانە وەک کاراکتەرێکی سەرەکی لە بنیاتنانی ئاشتی و کردنەوەی گۆڕەپانی سیاسیی دیموکراسی دا مامەڵە بکات."
سەبارەت بە دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، دۆغان رایگەیاند، زیاتر لە مانگێکە شاندی ئیمرالی نەیانتوانیوە لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە و دەشڵێت، "پێمان وایە رەخساندنی هەلومەرجێک بۆ پەیوەندیکردنی راستەوخۆ زۆر پێویستە، ئاواتەخوازین کە بە زووترین کات لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە بکرێت."
دۆغان ئاماژەی بەوەدا، نادڵنیایی و دواکەوتن لە پرۆسەی چارەسەری و هەنگاوە یاساییەکاندا هەیە و گوتی، "سەبارەت بە هەنگاوە یاساییەکان دواکەوتن هەیە. یەکێک لەو کەسانەی کە چەکەکەی سووتاند، (بەسێ هۆزات) بوو لە سەرکردایەتی. بەڵام نەیانتوانی بگەڕێنەوە، چونکە هیچ زەوینەیەکی یاسایی نەبوو بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە."
لەبارەی ئامادەکردنی رەشنووسی هەنگاوە یاساییەکان، دۆغان گوتی، "هەنگاوی یاسایی هەنگاوگەلێکن کە لەڕووی یاساییەوە ئەم پرۆسەیە مسۆگەر دەکەن. پرۆسەکە بەبێ یاسا پێشناکەوێت و چەقبەستوو دەبێت. ئەم ئاستەنگییانە پێویستی بە تێپەڕاندن هەیە. ئێمە ئامادەکاریمان هەیە سەبارەت بە چوارچێوەی یاسایی."
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە ناو و لۆگۆی دەم پارتی لە (کۆنگرەی نوێکردنەوە)دا دەگۆڕدرێت، دۆغان گوتی، "ئێمە باسی نوێکردنەوە دەکەین. هەموو ئەمانە لە ساڵی داهاتوودا لە کۆنگرەکەدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ