رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ لەبارەی ئاڵۆزییەکانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب رایدەگەیێنێت، هەرچەندە ئەمڕۆ گۆڕەپانی یارییەکە سووریایە، بەڵام ئامانجی کۆتایی تورکیایە. هەروەها ئەمریکا و ئیسرائیل بە پشتیوانیکردنی هەسەدە تۆمەتبار دەکات.
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ (Yeniden Refah) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاندووە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پابەندی "رێککەوتنی 10ی ئادار" نەبوون و بە ئەنقەست رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ حکومەتی سووریا هەڵبژاردووە، ئەمەش رێگە بۆ قەیرانی نوێ لە ناوچەکەدا خۆش دەکات.
ئەربەکان، کە بە هەڵوێستە تووندەکانی دژی ئیسرائیل ناسراوە، نووسیویەتی، "بێگومان لەپشت ئەم هەڵبژاردنەوە (شەڕی هەسەدە) ئیسرائیل هەیە، کە هاندەری ئاڵۆزییەکانی ئێرانیشە؛ هەروەها بێگومان ئەمریکاش هەیە کە مەشق بە پەکەکە/یەپەگە دەکات و پڕچەکیان دەکات."
سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ دەڵێت، ئەو ئاڵۆزییانە سەلمێنەری راست دەرچوونی هۆشدارییەکانی ئەوانن لە سەرەتای پرۆسەی چارەسەرییەوە، کە گوتوویانە: "تاوەکو یەپەگە کۆتایی نەیەت، پەکەکە کۆتایی نایەت."
فاتیح ئەربەکان جەخت لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەلامەتیی هاووڵاتییان دەکاتەوە و دەڵێت، "ئەو هێزانەی نەیانتوانی تورکیا پارچە بکەن، ئەمجارە سەرنجیان خستووەتە سەر دابەشکردنێکی کردەیی لە سووریا؛ هەرچەندە ئەمڕۆ گۆڕەپانی یارییەکە سووریایە، بەڵام ئامانجی کۆتایی تورکیایە."
قسەکانی ئەربەکان لە کاتێکدایە، لە رۆژی سێشەممەوە گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب کەوتوونەتە بەر هێرشی تووندی سوپای سووریا. بەگوێرەی ئاسایشی حەلەب، لە ماوەی سێ رۆژدا 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 57ی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ