رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندی ناوداری تورکیا، ئیبراهیم تاتڵیسەس رایگەیاند، فێڵیان لێی کردووە و بڕی 4 ملیۆن دۆلاریان خواردووە.
لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لە ئیزمیری تورکیا، ئیبراهیم تاتڵیسەس باسی دوایین گۆڕانکارییەکانی ژیانی کرد. باسی هۆکاری جێهێشتنی ئیستەنبووڵ، ژیانی لە ئیزمیر و نیگەرانییەکانی لەنێو خێزانەکەیدا کرد.
فێڵیان لێی کردووە و چوار ملیۆن دۆلاری خوراوە
لەبارەی ئەوەی کە بۆچی ئیستەنبووڵی جێهێشت و لە ئیزمیر نیشتەجێ بوو، تاتڵیسەس گوتی، "بێوەفاییم بینی و نەمویست ئیدی لە ئیستەنبووڵ بژیم."
تاتڵیسەس هەروەها گوتیشی، "لە ئیزمیر هێشتا ئاسوودە نیم. فێڵم لێ کرا و بڕی 4 ملیۆن دۆلارم خورا. بەهۆی ئەو زیانەی بەرم کەوتووە، ئێستا زۆر بە وریاییەوە مامەڵە دەکەم. من میهرەبانم، بەڵام ویژدانم هەندێک شت قبووڵ ناکات."
سەبارەت بە کاریگەریی لەدەستدانی 4 ملیۆن دۆلار، ئەو هونەرمەندە گوتی، "لای من پارە تەواو نابێت، تەنیا کەم دەبێت."
"ئەوەی خزم دەیکات، دووپشک نایکات"
تاتڵیسەس گلهیی و گازندەی لە ئەندامانی خێزانەکەی کرد و گوتی، "دەڵێن ئەوەی خزم بە خزمی دەکات، دووپشک بە دووپشکی ناکات."
ئەو هونەرمەندە دەڵێت، کوڕەکەی ئەحمەد تاتڵی، 5 شوقەی خۆی لە مانیسا فرۆشتووە، بەڵام پشکی بە خوشک و براکانی نەداوە. سەبارەت بە دیلان چیتاکی کچیشی گوتی، "کاتێک دەکەوێتە تەنگانە دەڵێت 'کچی ئیبراهیم تاتڵیسەسم'، بەڵام کە کێشەی نییە دەڵێت نایناسم."
ئیبراهیم تاتڵیسەس لە 01-01-1952 لە شاری ئورفای باكووری كوردستان لە ماڵباتێكی كورد لەدایكبووە، بەڵام زۆرتر لە شارە توركیاییەكان و بەتایبەتیش ئیستەنبووڵ ژیاوە، هەر بە توركیش قسەی كردووە و گۆرانییەكانی تۆمار كردوون، بۆیە زیاتر وەك هونەرمەندێكی تورك دەناسرێت.
ئیبراهیم تاتڵیسەس خاوەنی زیاتر لە 40 ئەلبوومی گۆرانییە و بە ئیمپراتۆڕی هونەری گۆرانیی توركی ناسراوە. بەشداری چەندین فیلمی كردووە. ئەو جگە لە كاری هونەری سەرقاڵی كاری بازرگانیش بوو.
تاتڵیسەس لەساڵی 2011 لە هەوڵێكی كوشتن رزگاری بوو، بەڵام بەشێكی جەستەی لەكاركەوت و تاوەكو ئێستاش چارەسەر وەردەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ