تورکیا پرۆژەیاسا بۆ دیاریکردنی سنوورە ئاوییەکانی ئامادە دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رەسەن رەمزی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تورکیا خۆی بۆ پێشکێشکردنی پڕۆژە یاسایەکی گرنگ لە پەرلەمان ئامادە دەکات بۆ ئەوەی ناوچەکانی دەسەڵاتی دەریایی خۆی لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی سنووری دەریای ئیجە و رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست تۆماربکات.
 
پرۆژە یاسایەک پێشنیاز کراوە کە چاوەڕوان دەکرێت پێشکێشی پەرلەمان بکرێت کە دەکرێت گرژییەکانی نێوان تورکیا، یۆنان و قوبرس لەسەر سەرچاوەکانی وزە و ناوچەکانی دەسەڵاتی دەریایی لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست دووبارە بخاتە بەر باس.
 
ئەم هەنگاوە کە بە ئامانجی دامەزراندنی مافی خاوەندارێتی یاساییە بەسەر نەوت و  گازی سرووشتیدا، دەتوانێت گرژییەکان لەگەڵ یۆنان و یەکێتی ئەوروپادا دەست پێبکاتەوە.
 
بەگوێرەی میدیای تورکیا، ئامانج لەو پڕۆژە یاسایە دیاریکردنی ئەو سنورە ئاویانەیە کە تورکیا بەپێی یاسای ناوخۆ پێناسەی کردوون. هێشتا کاتی پێشکێشکردنی پڕۆژە یاساکە بە پەرلەمان روون نییە.
 
رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست لە ساڵانی رابردوودا بووە یەکێک لە ناوەندەکانی کێبڕکێی ناوچەیی، بەهۆی یەدەگی گازی سرووشتی و ناوچەکانی دەسەڵاتی دەریایی و پڕۆژەکانی گواستنەوەی وزە. 
 
تورکیا سیاسەتێکی چالاک لە ناوچەکەدا پەیڕەو دەکات، بە ئاماژەدان بە پێویستی پاراستنی مافەکانی خۆی و بەرژەوەندییەکانی قوبرسی باکوور.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە پەرلەمان ئاماژەی بە هاوکارییەکانی فەرەنسا، یۆنان، قوبرس و ئیسرائیل دا لە بوارەکانی ئاسایش و وزەدا و گوتی:" تورکیا رێگە نادات مافەکانی پێشێل بکرێن."
 
باخچەلی هەروەها رایگەیاند، تورکیا وڵاتێک نییە کە بەدوای گرژیدا بگەڕێ، بەڵام ئەگەر سنورەکانی دەسەڵاتی دەریایی پێشێل بکرێن، وەڵامێکی یەکلاییکەرەوەی دەبێت.
 
ئەنقەرە و ئەسینا خوێندنەوەی جیاوازیان هەیە 
 
یەکێک لە ناکۆکییە بنەڕەتییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لە لێکدانەوە جیاوازەکانەوە سەرچاوە دەگرێ سەبارەت بە کاریگەریی دوورگەکان لەسەر سنووری دەریایی.
 
یۆنان دەڵێ، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دوورگەکان دەتوانن سنووری دەسەڵاتی دەریایی پێکبهێنن. تورکیا دژایەتی ئەم بۆچوونە دەکات.
 
رەشنووسی یاسا چاوەڕوانکراوەکە دەتوانێت بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی ئەم هەڵوێستەی تورکیا بخاتەڕوو.
 
مەترسی گرژی لەگەڵ یۆنان و قوبرس
 
ئەم هەنگاوەی تورکیا دەتوانێت سەرچاوەیەکی نوێی گرژی لەگەڵ یۆنان و کۆماری قوبرس دروست بکات کە هەردووکیان ئەندامی یەکێتی ئەورووپان، بە تایبەتی بوونی یەدەگی گازی سرووشتی لە کەناراوەکانی قوبرس لە مێژە پرسی سەرەکی ناکۆکی بووە لە ناوچەکەدا.
 
لە کاتێکدا کۆماری قوبرس بانگەشەی سەروەری بەسەر تەواوی دوورگەکەدا دەکات، تورکیا دەڵێت قوبرسی باکوور- کە تەنیا لەلایەن ئەنقەرەوە دانیپێدانراوە- مافی دەستڕاگەیشتنی بە سەرچاوەکانی وزەی دەوروبەری دوورگەکەی هەیە.
 
ئەمریکا پێشتر داوای دیالۆگی لەنێوان تورکیا و یۆنان کردبوو و داوای لێکردوون کە ناکۆکییەکان سەبارەت بە چالاکییەکانی گەڕان بەدوای وزە و دەسەڵاتی دەریایی لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکەن.
 
هەروەها یەکێتیی ئەورووپا لە ماوەی رابردوودا نیگەرانی بەرامبەر تورکیا دەربڕیوە بەهۆی چالاکییەکانی گەڕان بەدوای وزە لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست، ئەمەش دوای بانگەوازەکانی یۆنان و قوبرس.
 
پرسی قوبرس لە ناوەندی گرژییەکانە
 
قوبرس لە ساڵی 1974ەوە دابەش بووە. تورکیا باس لەوە دەکات کە دەستوەردانی سەربازی لە ساڵی 1974 بە ئامانجی پاراستنی قوبرسی باکوور بووە، لە کاتێکدا یۆنان و کۆماری قوبرس ئەم دەستوەردانە بە داگیرکاری ناودەبەن.
 
قوبرسی باکوور تەنیا لەلایەن تورکیاوە دانپێدانراوە. ئەنقەرە دەڵێت هاووڵاتییانی ئەوێش مافی خۆیان هەیە لەو سەرچاوە وزەیانەی کە لە کەناراوەکانی قوبرسدا دەدۆزرێتەوە.
 
ئەگەر پڕۆژە یاساکە ببێتە یاسا، ئەوا ئارگیومێنتەکانی ئەنقەرە لە یاسای ناوخۆدا زیاتر بەرچاو دەکەوێ، بەڵام پێشبینی دەکرێ ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی دروستبوونی گرژیی دیپلۆماسی نوێ بۆ ئەنقەرە لەگەڵ ئەسینا و نیکۆسیا و برۆکسل.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە