لە هەر سێ کەس لە تورکیا یەکێکیان چەکی هەیە

54 خولەک له‌مه‌وپێش
رەسەن رەمزی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە شەوێکی ئاسایی شاری ئەستەنبوڵدا، دەمەقاڵێیەکی سادەی سەر رێگە لە نێوان دوو شۆفێردا، تەنیا چەند چرکەیەکی خایاند تاوەکو دەست بۆ دەمانچەیەک بردرا و گەنجێکی 30 ساڵان بووە قوربانی. ئەم دیمەنە، کە رۆژانە لە هەواڵەکاندا دووبارە دەیبنی، تەنیا رووداوێکی تاوانکاری نییە، بەڵکو پەردە لەسەر برینێکی قووڵی کۆمەڵایەتی لادەبات: بڵاوبوونەوەی ترسناکی چەکی بێ مۆڵەت لە تورکیا.
 
لە کاتێکدا دەوڵەت هەوڵی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و چاودێریکردنی دابینکردنی چەک دەکات، پرسیارە جەوهەرییەکە لای پسپۆڕان و شەقام ئەوەیە: لە تورکیا بەڕاستی چەند چەک هەیە و چەندیان لە دەرەوەی تۆماری فەرمین؟ ئایا کێشەکە تەنیا ژمارەیە، یان فەشەلی سیستەمی کۆنترۆڵکردن؟
 
دوو ئاماری مەترسیدار
 
بەپێی راپۆرتە نافەرمییەکان و لێکۆڵینەوەکانی رێکخراوی ئوموت (Umut Vakfı) کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی چەکداریی تاکەکەسی، ئامارەکان شۆکهێنەرن. مەزەندە دەکرێت لە تورکیادا نزیکەی 20 بۆ 25 ملیۆن پارچە چەک لەدەستی هاووڵاتییاندا بێت.
 
کارەساتەکە لێرەدایە: بەچەکی دەستی سوپاشەوە، تەنیا 3 بۆ 4 ملیۆن لەو چەکانە مۆڵەتی فەرمییان هەیە. ئەمە بەو مانایەیە کە لە تورکیا لە هەر 9 پارچە چەک، تەنیا یەکێکیان تۆمارکراوە. بە گوتەی پسپۆڕانی ئەمنی، نزیکەی 15 بۆ 20 ملیۆن پارچە چەکی "بێ مۆڵەت و قاچاخ" لەناو ماڵ، ئۆتۆمبێل و بەرپشتی هاووڵاتییاندایە، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی دروست کردووە.
 
بەپێی راپۆرتی ناوەندی دەستپێشخەری جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو لە سویسرا، ژمارەی چەکی تۆمارنەکراو یاخود بێ مۆڵەت لە تورکیا بە 36 ملیۆن مەزەندە دەکرێت. تەنیا 2.9 ملیۆن چەک لە تورکیا مۆڵەتیان هەیە یاخود تۆمارکراون. بەپێی داتاکانی ئەو راپۆرتە، چەکی تۆمارنەکراو یان بێ مۆڵەت زیاتر لە 90٪ لە تێکرای ژمارەی چەک لە تورکیا پێکدەهێنێت. بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی دانیشتووانی تورکیا، دەردەکەوێت لە هەر سێ کەس یەکێکیان چەکدارە.
 
بەپێی داتاکانی Small Arms Survey لە سەرجەم وڵاتانی ئەورووپا لە ساڵی 2017دا تەنیا 35 ملیۆن چەکی تۆمارنەکراو هەبووە.
 
هۆکاری زۆری ئەو ژمارەیە لە تورکیا
 
چەکی بێ مۆڵەت لە تورکیا لە چوار سەرچاوەی سەرەکییەوە دێت. بەتایبەت لە ناوچەکانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان)، بەهۆی ناسەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ، بازاڕی قاچاخی چەک گەرمە.
 
وەرشەی ژێر زەمینییەکان لە هەندێک ناوچەی وەک دەریای رەش و شاری کۆنیا، وەرشەی بچووک هەن کە دەمانچەی کۆپی یان چەکی نایاسایی بەرهەم دەهێنن.
جۆرێکی دیکە لە دابینکردنی چەکی بێ مۆڵەت، دەستکاریکردن و گۆڕینی چەکە. یەکێک لە گەورەترین کێشەکان، کڕینی دەمانچەی "دەنگی"یە (Blank Firing) کە بە شێوەیەکی یاسایی دەفرۆشرێن، بەڵام پاشان لە وەرشە نایاساییەکاندا لوولەکانیان دەگۆڕدرێت بۆ فیشەکی راستی.
 
لەگەڵ ئەوەش "میراتێکی تۆمارنەکراو"هەیە کە  هەزاران پارچە چەک لە باپیرانەوە بۆ نەوەکان ماونەتەوە بەبێ ئەوەی لە دەزگا ئەمنییەکاندا تۆمار بکرێن.
 
داتاکانی وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی تورکیا نیشانی دەدەن کە زۆربەی تاوانەکانی کوشتن، بریندارکردن و دزیی چەکداری، بە چەکی بێ مۆڵەت دەکرێن.
 
نرخی چەك لە تورکیا
 
نرخی چەک لە بازاڕی رەش لە تورکیا بەپێی جۆر و کاریگەری و ساڵی دروستکردنی و خواست دەگۆرێت. لە تورکیا یەک چەکی بچووک (دەمانچە) ئەگەر دروستکراوی کارگە بێت، نرخەکەی لە 400 یۆرۆوە دەست پێدەکات. ئەگەر لە رێگەی پرینتەری 3D دروست کرابێت، نرخەکە لە 1050 یۆرۆوە دەست پێدەکات. چەکی کلاشینکۆف نرخەکەی لە 1250 یۆرۆ دەستپێدەکات. چەکی لوولەدرێژیش لە 1400 یۆرۆوە دەستپێدەکات ئەو نرخانە بە بەراورد لەگەڵ بازاری ڕەش لە وڵاتانی وەکو یۆنان و بولگاریا هەرزانترە. 
 
رۆژنامەڤان و لێکۆڵەر تیمور سۆیکان دەڵێت: "بەهۆی کەمی نرخ و ئاسان دەستکەوتنی، چەکی دروستکراوی تورکی لە بازاڕی رەشی ئەورووپا خواستی زۆری لەسەرە. بەتایبەتیش لەلایەن گرووپە مافیاکان. بەپێی داتاکان. مافیاکانی سڕبیا، مۆنتێنێگرۆ، سوید و یۆنان لە زۆرترین بەکارهێنەرانی چەکی دروستکراوی تورکیان."
 
چۆنیەتی دەستکەوتنی چەک لە تورکیا
 
دەستکەوتنی چەک و بەدەستهێنانی مۆڵەتی چەکهەڵگرتن لە تورکیا قورس نییە. کڕیاری چەک دەبێت تەمەنی لە سەرووی 21 ساڵییەوە بێت. جگە لە شوێنە فەرمییەکانی فرۆشتنی چەک، تۆری کۆمەڵایەتی تێلێگرام نێوەندێکی دیکەی کڕین و فرۆشتنی چەکە. دەتوانی بە ئۆنڵاین، لەماوەی چەند خولەکێک چەکێکی بچووک بکڕی، کە نرخەکەی لە 5000 لیرەی تورکی دەست پێدەکات.
 
دەتوانرێت لەسەر یەک مۆڵەت 5 چەک تۆمار بکرێت، بەڵام رێگە دەدرێت، بە یەک مۆڵەت تەنیا یەک چەک هەڵبگری.
 
یاسا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەکات؟
 
لە تورکیا یاسای ژمارە 6136 تایبەتە بە هەڵگرتنی چەکی ئاگرین. بەپێی ئەم یاسایە: هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت سزاکەی لە 1 بۆ 3 ساڵ زیندانی و سزای داراییە، بەڵام پارێزەران رەخنە لەوە دەگرن کە زۆرجار بڕیاری زیندانییەکە دەگۆڕدرێت بۆ سزای دارایی یان "دواخستنی جێبەجێکردنی سزا"، ئەمەش وا دەکات سزا کورتخایەنەکان نەبنە رێگر. پسپۆڕانی یاسایی دەڵێن: "تاوەکو هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت وەک تاوانێکی گەورەی دژ بە ئاسایشی گشتی سەیر نەکرێت و سزای قورسی بێ لێخۆشبوونی بۆ دانەنرێت، ئەم شەپۆلە راناوەستێت."
 
"چەک = هێز"؛ کولتوورێکی مەترسیدار لە سۆشیاڵ میدیا
 
کۆمەڵناسان هۆشداری دەدەن لەوەی لە تورکیا "چەک" لە ئامرازێکی پاراستنەوە بووەتە هێمایەکی کولتووری بۆ "پیاوەتی و هێز".
 
 دیاردەی نیشاندانی چەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک "تیکتۆک" و "ئینستاگرام"، گەنجان بە شانازییەوە وێنە و ڤیدیۆی چەکەکانیان بڵاودەکەنەوە. ئەمە جۆرێک لە "ئاسایی پیشاندانی تووندوتیژی" دروست کردووە. هەروەها کاتێک هاووڵاتی هەست دەکات کەسانی دەوروبەری چەکدارن، ئەویش پەنا بۆ کڕینی چەکی بێ مۆڵەت دەبات بۆ "بەرگری لەخۆکردن"، ئەمەش بازنەیەکی داخراوی پڕ لە چەک دروست دەکات.
 
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پرسە، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رۆژانە سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەیە کە بازرگانی پێوە دەکەن.
 
تەنیا لە ساڵی 2025 دا وەزارەتی ناوخۆیی تورکیا دەستی بەسەر  110 هەزار چەکی بێ مۆڵەتدا گرتووە.'
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە