رووداو دیجیتاڵ
دوای دەستلەکارکێشانەوەی 9 سەرۆکی شارەوانی سەر بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پەیوەندیکردنیان بە ئاکپارتی، دەنگۆ دەستلەکارکێشانەوەی بەشێکی دیکەی سەرۆکی شارەوانییەکانی ئەو پارتە بڵاوبووەتەوە.
بەتایبەتی قسە و باسی زۆر لەسەر مەنسور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە هەیە. لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا هەواڵی زۆر لەبارەی جیابوونەوەی یاڤاش لە جەهەپە و پەیوەندیکردنی بە ئاکپارتی بڵاوکراوەتەوە.
شەممە 16-8-2025 یەکەی میدیایی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە راگەیێندراوێکی نووسراوی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە، کە لە بەشێکیدا هاتووە: "هەندێک هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵ و دەنگۆی و بێ بنەما بڵاودەکەنەوە. هیچ هۆکارێک نییە تاوەکو ئەو جۆرە دەنگۆیانە بە جدی وەربگیرێن. بەداخەوە بۆگەنی سیاسی بە هەموو شوێنێکدا بڵاوبووەتەوە. بەداخەوە کە ئەو هەواڵ و دەنگۆیەی دەبیسترێت، بێ بەدواداچوون لە پلاتفۆرمەکاندا بڵاودەکرێتەوە."
گەورەشارەوانیی ئەنقەرە داوایش لە دەزگا میدیاییەکانی وڵاتەکەی دەکات، بەوپەڕی بەرپرسیارییەتییەوە هەڵسوکەوت بکەن و لەو زانیارییانە دڵنیا ببنەوە کە بڵاویان دەکەنەوە.
ئەحمەد ئاراس، سەرۆکی گەورەشارەوانیی موغڵا بە هەمانشێوە رەتیکردەوە دەستی لە جەهەپە کێشابێتەوە و ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە لەبارەی پەیوەندیکردنی بە ئاکپارتی بڵاوکراونەتەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە دەنگۆیانە لەکاتێکدایە کە 9 سەرۆکشارەوانیی جەهەپە دەستیان لە پارتەکەیان کێشایەوە و پەیوەندییان بە ئاکپارتییەوە کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی پێنجشەممە 14-8-2025 لە کۆبوونەوەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی ئاکپارتیدا پێشوازیی لەو سەرۆکشارەوانییانە کرد و نیشانەی ئاکپارتی پێوە هەڵواسین.
ئەو سەرۆکشارەوانییانەی جەهەپە کە چوونەتە ریزەکانی ئاکپارتی
- سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئایدن
- سەرۆکی شارەوانیی سۆکە، پارێزگای ئایدن
- سەرۆکی شارەوانیی یەنیپازار، پارێزگای ئایدن
- سەرۆکی شارەوانیی سوڵتان هیسار، پارێزگای ئایدن
- سەرۆکی شارەوانیی شەهید کامیل، پارێزگای دیلۆک
- سەرۆکی شارەوانیی ئاڵتنئۆڤا، پارێزگای یاڵۆڤا
- سەرۆکی شارەوانیی یاڵڤاچ، پارێزگای ئسپارتا
- سەرۆکی شارەوانیی یەشیلتەپە، پارێزگای ئاکسارای
- سەرۆکشارەوانیی بۆزکوڕت، پارێزگای کاستامۆنو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ