رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کە ناوەندەکەی ئیستەنبووڵ بوو لە دوو پارێزگای دیکەش بەڕێوەچوو، 110 کەس بە تۆمەتی داعشبوون دەستبەسەرکران.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی ئایاری 2026 تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەواڵگریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ، لە ئیستەنبووڵ و دوو پارێزگای دیکە، هەڵیانکوتاوەتە سەر چەندین ناونیشان کە پێشتر دەستنیشانکراون.
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمی تورکیا، تیمەکان 110 کەسیان دەستبەسەرکردووە کە گوایە لە کۆمەڵە نایاساییەکاندا وانەیان گوتووەتەوە و منداڵانیان بەپێی ئایدۆلۆژیای داعش پەروەردە کردووە، هەروەها پارەیان بۆ ئەو کەسانە کۆکردووەتەوە کە لە زیندانن و چالاکیان بۆ داعش کردووە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەو کەسانە هەوڵیانداوە ئەندامی نوێ بۆ داعش پەیدا بکەن و بۆ دابینکردنی خەرجییەکان و پڕوپاگەندەی رێکخراوەیی، کتێب و گۆڤاریان فرۆشتووە.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا بێجگە لە دەستبەسەرکردنی 110 کەس، دەست بەسەر چوار تفەنگ، 90 فیشەک، ژمارەیەکی زۆر بڵاوکراوەی قەدەخەکراو و بەڵگەنامەی رێکخراوەیی و کەرەستەی دیجیتاڵیدا گیراوە.
ئەو 110 کەسەی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەرکراون، بۆ رێکارە یاساییەکان گوێزراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ