ئاکپارتی تاوتوێی نەخشەڕێگەکەی باخچەلی دەکات و ئۆفیسی ئۆجەلان لە ئیمراڵی ئامادەیە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) تاوتوێی ئەو نەخشەڕێگەیە دەکات، کە لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)وە پێشکەشکراوە؛ هاوکات دامەزراوە ئەمنییەکان چاوەڕێی رێنمایی سەرکردایەتیی سیاسیی وڵات دەکەن بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ.
 
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "تورکیا"، نەخشەڕێگەی باخچەلی بۆ زیندووکردنەوە و جووڵاندنی پرۆسەی "تورکیای بێ تێرۆر" لە بەرزترین ئاستی ئاکپارتی دا تاوتوێ دەکرێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی رابردوودا لایەنە ئەمنییەکان، ئیمراڵی و قەندیل لەسەر هێڵ بوون بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەکە.
 
ئۆفیسی کارکردنی ئۆجەلان لە ئیمراڵی ئامادەیە
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە ئۆفیسێکی تایبەت بە کارکردن بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان - رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە -  لەناو کۆمەڵگەی زیندانی ئیمراڵیدا ئامادەکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئۆجەلان نەبراوەتە ئەو ئۆفیسە. دەزگا ئەمنییەکان چاوەڕێی رێنمایی دەسەڵاتی سیاسی دەکەن بۆ گواستنەوەی؛ پێشبینیش دەکرێت لەم قۆناخە بەدواوە رێگە بە ئۆجەلان بدرێت دیدار و چاوپێکەوتنی جیاواز بکات، بۆ ئەوەی راستەوخۆ پەیوەندی بە رێکخراوەکەیەوە بکات و هانیان بدات بۆ دانانی چەک.
 
پێگەی "رێکخەر" بۆ ئۆجەلان بەستراوەتەوە بە دانانی چەک
 
پێشنیارەکەی باخچەلی بۆ پێدانی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بە ئۆجەلان و دەستنیشانکردنی وەک "رێکخەری ئاشتی و بەسیاسیکردن" لەلایەن ئاکپارتییەوە بە "گونجاو" بینراوە، بەڵام بە چەند مەرجێک. ئاکپارتی پێش کۆنترۆڵکردن و پشتڕاستکردنەوەی دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە، سڵ لە هاوێشتنی هەنگاوی نوێ دەکاتەوە.
 
پسپۆڕانی یاسایی لە ئاکپارتی ئاماژە بەوە دەکەن بەهۆی سزای زیندانی هەمیشەیی تووندکراوی ئۆجەلانەوە، پێدانی "پێگەی یاسایی" بە ئۆجەلان پێویستی بە یاسا هەیە، بەڵام دەکرێت لەژێر ناونیشانی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی کار لەسەر پێشنیارەکەی باخچەلی بکرێت. بڕیاری کۆتاییش دوای پێشکەشکردنی راپۆرتی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) دەبێت، کە تێیدا ته‌وه‌ره‌كانی گفتوگۆ لەگەڵ ئیمراڵی و قەندیل روون دەکرێنەوە.
 
پیشنیارەکەی باخچەلی چی بوو؟
 
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان لە 5ی ئایاری 2026 پێشنیازی کرد کە رۆڵێک، هاوشێوەی "رێکخەری ئاشتی و بەیاساییکردن" بە ئۆجەلان بدرێت لە چوارچێوەی ناساندنی پێگەی ئۆجەلان. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تەقەکەرەکە شۆفێرێکیشی کوشتووە، ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕاوە

لە مێرسین پیاوێک هاوژینی پێشووی و پێنج کەسی دیکەی کوشت

هاووڵاتییەکی تەمەن 37 ساڵ بەناوی (مەتین ئۆ ) لە پارێزگای مێرسینی تورکیا هاوژینی پێشووی ئاڕزوو ئۆزدەنی 32 ساڵان دەکوژێت، دواتر بە هەڕەمەکی تەقە لە خەڵک دەکات و پێنج کەسی دیکەش دەکوژێت.