دەم پارتی: دەستبەسەرکردنی ئیمامئۆغڵو نایاساییە

19-03-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان- دەم پارتی، دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەرەشارەوانی ئیستەنبووڵ بە نایاسایی و دژی دیموکراسی وەسف دەکات و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەکات.
 
دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی دەم پارتی، ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، خەڵکێکی زۆر لە نێویاندا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، رەسوڵ ئەمراهـ شاهان، سەرۆکی شارەوانی شیشلی، کارگێڕانی شارەوانی و رۆژنامەڤانان دەستبەسەرکران. وەک پێشتر چەندینجار ئاماژەمان پێدا، هەموو ئەم کردانە بە تەواوەتی کردەوەی کودەتاچین. تورکیا لە قۆناخێکدا دەژی کە پڕۆسەیەکی کودەتای مەدەنی 'دەسەڵاتی دادوەری و حکومەت بە هاوبەشی بەرهەمهێنراو' هەموو ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکاتە ئامانج". 
 
دەم پارتی پێیوایە، بڕیاری دەستبەسەرکردنەکە نایاسایی، ئارەزوومەندانە و دژە دیموکراسییە کە "ساڵانێکە دژی پارتەکەشمان پیادە کراوە".
 
دەم پارتی دەڵێت، "ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت هێرشێکە بە ئامانجی شکاندنی هیوای خەڵکی تورکیا بۆ ئاشتی و دیموکراسی. هەوڵێکە بۆ تێکدانی دەستپێشخەری گۆڕانکاری کە لە تورکیاوە دەست پێدەکات و بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاودەبێتەوە. ئێمە هەرگیز ئەمە قبووڵ ناکەین. ئەم کارانە هەرگیز سوودی نە بۆ تورکیا و نە بۆ ئەو کەسانە نابێت کە پەسندی دەکەن".
 
دەم پارتی خەت لەوە دەکاتەوە، پارتەکەیان لە هەموو هەلومەرجێکدا بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی خەباتی خۆی بۆ فراوانکردنی بواری سیاسەتی دیموکراسی و داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات دەستبەرداری ئەم کارانە بن و ئەوانەی ئەمڕۆ دەستبەسەرکراون بەتایبەت ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەستبەجێ ئازاد بکرێن. 
 
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە/کەجەکە و گەندەڵی دەستبەسەرکرا. 
 
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا بێجگە لە ئیمامئۆغڵو، فەرمانی دەستبەسەرکردن بۆ زیاتر لە 100 کەسی دیکە دەرکراوە. 
 
لە کاژێر 06:00ی بەیانی، بە فەرمانی پارێزگای ئیستەنبووڵ سەرجەم گەشتەکانی میترۆی ئەو شارە راگیران و بۆ ماوەی چوار رۆژ خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە سەرتاسەری ئیستەنبووڵ قەدەخە کرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندام پەرلەمانی دەم پارتی.

سری سورەییا ئۆندەر فۆبیای فڕۆکەی هەیە

دوو رۆژە، سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی کە هاوکات ئەندامێکی شاندی ئیمڕاڵیشە، تووشی پچڕانی شاخوێنبەری دڵی بووە (جەڵتە لێیداوە) و لە نەخۆشخانەیە.