رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێ، پارچەی ئەو فڕۆکەیەی سوپاسالاری لیبیای تێدایە لە گوندێکی باشووری ئەنقەرە دۆزراوەتەوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە دووەمین پۆستی دا لە تۆڕی ئێکس لەبارەی رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە لیبییەکە رایگەیاند، هێزەکانی جەندرمە پارچەی فڕۆکەکەیان لە گوندی کەسیککاڤاک لە شارۆچکەی هایمانای ئەنقەرە دۆزییەوە.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 23-12-2025 فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغای ئەنقەرەوە بەرەو لیبیا بەڕێکەوت و پەیوەندیی پچڕا.
فڕۆکەکە لە جۆری فاڵکۆن-50ـــە و لە ناکاو پەیوەندیی پچڕا و لە رادار دەرچوو.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە ئێکسی یەکەمیدا رایگەیاندبوو: "فڕۆکەیەکی جۆری فاڵکۆن-50 کە ئێوارەی ئەمرۆ کاژێر 8:10 خولەک لە فڕۆکەخانەی ئەسەن بۆغا لە ئەنقەرە فڕی، لە کاژێر 20:52ــەوە پەیوەندیی پچڕاوە".
وەزیری نێوخۆی تورکیا هەروەها گوتی، "فڕۆکەکە 5 کەسی تێدایە کە یەکێکیان محەممەد عەلی ئەحمەد حەداد، سوپاسالاری لیبیایە."
یەرلیکایا هەروەها رایگەیاند، "فڕۆکەکە لە ئاسمانی شارۆچکەی هایمانا لە نزیک ئەنقەرە رێنمایی نیشتنەوەی بەپەلەی پێدراوە، بەڵام دواتر پەیوەندیی پچڕاوە."
عەبدولحەمید دبەیبە، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی یەکێتیی نیشتمانیی لیبیا رایگەیاند: "ئەم کۆستە بەهۆی رووداوێکی دڵتەزێن و پڕ لە ئازارەوە بوو لە کاتی گەڕانەوەیان لە گەشتێکی فەرمی لە شاری ئەنقەرەی تورکیاوە."
عەبدولحەمید دبەیبە گوتیشی: "ئەم خەمە گەورەیە خەسارەتێکی مەزنە بۆ نیشتمان و دامەزراوەی سەربازی و تەواوی رۆڵەکانی گەل، چونکە پیاوانێکمان لەدەستدا کە بە دڵسۆزی و فیداکارییەوە خزمەتی وڵاتەکەیان کرد و نموونەی دیسپلین و بەرپرسیارێتی و پابەندیی نیشتمانی بوون."

سەرۆکوەزیرانی لیبیا ناوی ئەوانەی ئاشکرا کرد کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە:
فیتوری غەریبێل، سەرۆکی ئەرکانی هێزە وشکانییەکان، فەریق روکن
عەمید مەحموود قەتیوی، بەڕێوەبەری دەزگای پیشەسازیی سەربازی
محەممەد عەساوی دیاب، راوێژکاری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سوپای لیبیا
محەممەد عومەر ئەحمەد، وێنەگر لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەرکانی گشتی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ