کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری، کە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان کۆدەبێتەوە و درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە تاوتوێ دەکات.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، کاژێر 11:00ی ئەمڕۆ چوارشەممە 24-12-2025، کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی 20ـەمین کۆبوونەوەی خۆی دەکات. 
 
بڕیاربوو ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە 31ـی مانگی کانوونی یەکەم تەواو بێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی راپۆرت و گفتوگۆی پەرلەمانتاران، چاوەڕێ دەکرێت ماوەی کارکردنی درێژبکرێتەوە.
 
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رایگەیاندبوو، درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە بۆ ماوەی دوو مانگ لە کارنامەدایە.
 
کۆچیغیت، ئاماژەی بەوەدا، چاوەڕوانن نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەدا "نەخشەڕێگەیەک" رابگەیێنێت.
 
کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە لە پەرلەمانی تورکیادا پێکهێنراوە و لە مانگی ئابدا دەستی بە کارەکانی کرد، لە چوارچێوەی 19 کۆبوونەوەدا گوێی لە چین و توێژە جیاوازەکان گرت. بەمەش قۆناخی گوێگرتن کۆتاییهات و پێی نایە قۆناخێکی نوێ کە ئامادەکردنی راپۆرتی کۆمیسیۆنەکەیە. 
 
سەرجەم لایەنەکان راپۆرتیان پێشکێش کردووە و چاوەڕوان دەکرێ تیمێکی تایبەت راپۆرتی کۆتایی ئامادە بکات و دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەندامانی کۆمیسیۆنەوە، پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا بکرێ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە