تورکیا
گەریلایەکی پەکەکە لە 11-7-2025 بەشێوەی سیمبولیک چەکەکەی دادەنێت وەکو ئاماژەیەک بۆ پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپرسییەکی کۆمپانیای ئاساڵ بۆ توێژینەوە و راوێژکاری، لە باکووری کوردستان و تورکیا پشتگیری بۆ "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری" لەنێو هەموو چین و توێژەکاندا بەرز دەبێتەوە.
کۆمپانیای ئاساڵ، ئەنجامی راپرسی "راپۆرتی توێژینەوەی رۆژەڤی سیاسیی تورکیا بۆ کانوونی یەکەمی 2025"ی بڵاوکردەوە.
راپرسییەکە لە نێوان 5-14ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ لە 26 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان لەگەڵ هەزار و 895 کەسی سەرووی 18 ساڵ لە رێگەی تەلەفۆنەوە ئەنجامدراوە.
راپرسییەکە دەریدەخات، پشتگیری بۆ پرۆسەکە لە مانگی کانوونی یەکەمدا بەراورد بە مانگێک پێشتر، زیاتر لە 4 خاڵ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 60٪. بەرزترین رێژەی پشتگیری لەلایەن ئاکپارتی و مەهەپەوەیە، هەروەها رێژەی ئەوانەی لەنێو ئیی پارتی بە ئەرێنی سەیری پرۆسەکە دەکەن، رووی لە زیادبوون کردووە.
راپرسییەکە لەسەر بنەمای پرسیارنامەیەکی پێشوەختە ئامادەکراو و بە شێوازی CATI (راپرسیی تەلەفۆنی بە یارمەتیی کۆمپیوتەر) بەڕێوەچوو، کە پەراوێزی هەڵەی +/-2.5 و ئاستی دڵنیایی 95٪ بوو. دابەشکردنی نموونەکان بەپێی پارێزگاکان لەسەر بنەمای ژمارەی دەنگدەران لە دوایین هەڵبژاردنی گشتیدا بووە.
بەپێی ئەو گرافیکەی کۆمپانیای ئاساڵ بۆ لێکۆڵینەوە رۆژی سێشەممە لە هەژماری سۆشیاڵمیدیای خۆی بڵاویکردەوە، پشتیوانی بۆ پرۆسەکە لە بەرزبوونەوەدایە. بەپێی ئەنجامی ئەو راپرسییەی کە لە مانگی تشرینی دووەمدا بڵاوکرایەوە، رێژەی ئەو کەسانەی لە رای گشتیدا بە ئەرێنی سەیری پرۆسەکەیان دەکرد 55.8٪ بوو. لە کانوونی یەکەمی 2025 ـدا، ئەم رێژەیە بۆ 59.6٪ بەرزبووەتەوە.
بەرزترین پشتیوانی لەلایەن دەنگدەرانی ئاکپارتی و مەهەپەوەیە
لە هەردوو راپرسییەکەدا، دەنگدەرانی ئاکپارتی و مەهەپە بەرزترین رێژەی پشتیوانییان نیشان دا. لە مانگی تشرینی دووەمدا، 82.3٪ـی دەنگدەرانی ئاکپارتی و 78.6٪ـی دەنگدەرانی مەهەپە پرۆسەکەیان بە ئەرێنی هەڵسەنگاندبوو. لە مانگی کانوونی یەکەمدا، رێژەی دەنگدەرانی ئاکپارتی بۆ 87.2٪ و رێژەی دەنگدەرانی مەهەپە بۆ 84.4٪ بەرزبوونەتەوە.
دەنگدەرانی دەم پارتی
دەنگدەرانی دەم پارتی، بە بەراورد لەگەڵ پارتەکانی دەسەڵات، کەمێک بێمتمانەترن. هەرچەندە لە هەردوو راپرسییەکەدا پشتیوانییەکی بەرزیان بۆ پرۆسەکە نیشان داوە، بەڵام هەنگاوێک لە دوای دەسەڵاتەوە بوون. لە مانگی کانوونی یەکەمدا، پشتیوانییان لە 75٪ـی مانگی تشرینی دووەمەوە بۆ 80.8٪ بەرزبووەتەوە.
پشتیوانی لەنێو دەنگدەرانی جەهەپە و ئیی پارتیشدا بەرز دەبێتەوە
لە مانگی تشرینی دووەمدا، پشتیوانی بۆ پرۆسەکە لەنێو دەنگدەرانی جەهەپەدا کە یەکێکن لە گومانکارترینەکان، لە ئاستی 37٪دا بوو. لە مانگی کانوونی یەکەمدا بۆ 44.6٪ بەرزبووەوە. بەڵام لەنێو دەنگدەرانی جەهەپەدا، ژمارەی ئەوانەی بە نەرێنی سەیری پرۆسەکە دەکەن، لەوانەی بە ئەرێنی سەیری دەکەن زیاترە. هێشتا 47.9٪ـیان بە نەرێنی لە پرۆسەکە دەڕوانن.
پشتیوانیی دەنگدەرانی ئیی پارتی لە مانگی تشرینی دووەمدا لە 19.4٪ـدا چەقیبوو، بەڵام لە مانگی کانوونی یەکەمدا ئەم رەزامەندییەیان بۆ 30.4٪ بەرزکردووەتەوە. رێژەی ئەوانەی بە نەرێنی سەیری پرۆسەکە دەکەن، لە 70.8٪ ـەوە بۆ 66.1٪ دابەزیوە.
دەنگە خۆڵەمیشییەکان کەم دەبنەوە
بەرچاوترین گۆڕانکاری لەنێو دوودڵەکاندا روویدا کە لەژێر سەردێڕی "بۆچوونم نییە/وەڵامم نییە" پۆلێن کرابوون. رێژەی دوودڵەکان کە لە مانگی تشرینی دووەمدا 9.9٪ بوو، لە مانگی کانوونی یەکەمدا بۆ 6.4٪ دابەزیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ