رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی راپۆرتی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و شەش کەسی دیکە تۆمەتبارکراون بە هاوکاریکردنی پەکەکە.
داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ رۆژی پێنجشەممە 20-3-2025 لەبارەی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی گوتە لە 87 تۆمەتباری دۆسیەکانی "گەندەڵی و تیرۆر" دەستیپێکرد.
لەکاتێکدا بە گشتی 107 کەس دەستگیرکراون کە حەوتیان تۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکەیان لەسەرە.
داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ دەڵێت، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و ماهیر پۆڵات، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و رەسول ئەمیراهـ، سەرۆکی شارەوانیی شیشلی و چوار کەسی دیکە بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی پەکەکە" دەستگیرکراون.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 19-3-2025 ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 100 کەسی دیکە لە سەرۆکشارەوانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان، بە تۆمەتەکانی "پاڵپشتیکردنی تیرۆر و گەندەڵی دارایی" دەستگیرکران و کاردانەوە نێوخۆیی و دەرەکییەکان لەمبارەیەوە بەردەوامن.
بەرپرسانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەڵێن، هۆکاری دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەسەڵات دەیەوێت ئاستەنگ لەبەردەم بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دروست بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە بەرپرسانی دەسەڵات ئەمە رەتدەکەنەوە و دەڵێن، بابەتەکە تەنیا پەیوەندیی بە دۆسیەکانی گەندەڵی و تیرۆرەوە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ