رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونێک، زیندانەکانی تورکیا 131% لە سەرووی توانای خۆیانەوە زیندانییان تێدایە.
بەدواداچوونەکە کە لەلایەن زانکۆی لۆزانەوە لەسەر ناوی ئەنجوومەنی ئەورووپا کراوە، دەریخستووە زیندانەکانی تورکیا و فەرەنسا لە نێو ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، قەرەباڵخترینن.
بەگوێرەی داتاکانی سەرەتای ساڵی 2025، رێژەی پڕبوونەوەی زیندانەکان لە هەردوو وڵاتدا 131% بووە، بەڵام بەرپرسانی فەرەنسا رایانگەیاندووە، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا دۆخی وڵاتەکەیان خراپتر بووە و تاوەکو مانگی نیسانی 2026، رێژەی پڕبوونەوەی زیندانەکان بۆ 139.1% بەرزبووەتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لەنێو 51 بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەکان کە داتاکانیان بۆ بەدواداچوونەکە لەگەڵ زانکۆی لۆزان هاوبەش کردووە، 14یان ژمارەی زیندانییەکانیان لە سەرووی توانای ئێستایانەوە بووە.
بەگوێرەی ئەمە، دوای فەرەنسا و تورکیا، کرواتیا لە پلەی سێیەم دێت (بۆ هەر شوێنێک کە توانای لەخۆگرتنی 100 زیندانی هەیە، 123 زیندانی دەمێننەوە). دوای ئەویش ئیتاڵیا (121)، ماڵتا (118)، قوبرسی روومی (117)، هەنگاریا (115)، بەلجیکا (114) و ئێرلەندا (112) دێن.
ئەو وڵاتانەی کەمترین رێژەی پڕبوونەوەی زیندانەکانیان هەیە بریتین لە ئۆکراینا (50)، ئیسپانیا (77) و ئەڵمانیا (80).
زۆرترین سزای زیندانیکردن لە تورکیایە
لەنێو 46 وڵاتی ئەندامی ئەنجوومەنی ئەورووپادا، تورکیا بووە ئەو وڵاتەی کە زۆرترین سزای زیندانیکردنی سەپاندووە، بە جۆرێک لە هەر 100 هەزار کەسێک 458 کەس سزادراون. ئازەربایجان، بە 271 زیندانی لە پلەی دووەم و مۆڵدۆڤاش بە 245 زیندانی لە پلەی سێیەمدا بوون.
لە ماوەی یەک ساڵدا لەنێوان کانوونی دووەمی 2024 و کانوونی دووەمی 2025، ئەو وڵاتەی کە زۆرترین زیادبوونی لە ژمارەی زیندانییەکانیدا تۆمار کردووە، تورکیا بووە بە رێژەی 29%، مۆنتینیگرۆ بە رێژەی 22% و لۆکسمبۆرگ بە رێژەی 20% دوای تورکیا دێن.
هەر لەو وادەیەدا، ئەو وڵاتەی زۆرترین کەمبوونەوەی لە ژمارەی زیندانییەکانیدا تۆمار کردووە، ئۆکراینا بووە بە رێژەی 18%. دوای ئۆکرایناش سلۆڤاکیا بە رێژەی 16% و جۆرجیا بە رێژەی 11% دێن.
تاوەکو 31ی کانوونی دووەمی 2025، لە سەرجەم وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی ئەورووپا کە توێژینەوەکە گرتوویەتەوە، زیاتر لە 1.1 ملیۆن زیندانی هەن. ئەمەش بەراورد بە ساڵی پێشتر، 8.5% زیادی کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، رێژەی زیندانییانی ژن لەنێوان کانوونی دووەمی 2024 و کانوونی دووەمی 2025 لە 4.8٪ـەوە بۆ 5.2٪ بەرزبووەتەوە.
داتا فەرمییەکانی تورکیا
بەپێی داتا نوێیەکانی ساڵی 2026، لە تورکیا و باکووری کوردستان بە گشتی 403 زیندان هەن کە توانای لەخۆگرتنی 304 هەزار و 956 کەسیان هەیە. ئەمەش دەریدەخات کە زیندانەکان بە رێژەی نزیکەی 35% بۆ 38% زیاتر لە توانای فەرمیی خۆیان زیندانییان تێدایە.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گرتووخانە و زیندانەکانی وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە، تاوەکو مانگی ئایاری 2026، لە زیندانەکاندا 420 هەزار و 798 کەس هەن (357 هەزار و 283 سزادراو، 63 هەزار و 515 راگیراو).
بەپێی پلانی وەبەرهێنانی وەزارەتی دادی تورکیا، بڕیارە لە ساڵی 2026 ـدا نۆ زیندانی نوێ دروست بکرێن و بخرێنە نێو سیستمەکەوە. پلانیش هەیە بە تەواوبوونی پڕۆژە نوێیەکان تاوەکو کۆتاییی ساڵی 2028، کۆی ژمارەی گرتووخانەکان بۆ 424 بەرز ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ