ئۆجەلان داوای بینینی حەسەن جەمالی کردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حەسەن جەمال، نووسەر و رۆژنامەنووسی ناسراوی تورکیا رایگەیاند عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رێگەی برازاکەیەوە داوای دیداری لێکردووە و ئەویش وەک رۆژنامەنووسێک ئامادەیە بۆ ئەو چاوپێکەوتنە.
 
لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، "فۆرومی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئازادی" بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە رووناکبیران، نووسەران و سیاسەتمەداران بەڕێوەچوو. حەسەن جەمال یەکێک بوو لە بەشداربووان و لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان، زانیاریی نوێی لەسەر پرۆسەی ئاشتی و داواکارییەکەی ئۆجەلان خستەڕوو.
 
"ئۆجەلان دەیەوێت بمبینێت"
 
حەسەن جەمال رایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رێگەی عومەر ئۆجەلانی برازای و پەرلەمانتاری دەم پارتی، (لە دیداری 23ی تشرینی یەکەمی 2024) پەیامی ناردووە و ئارەزووی کردووە دیدار لەگەڵ حەسەن جەمال سازبکات.
 
ئەو نووسەرە گوتی، "منیش گوتم باشە؛ چۆن دەبێت وەک رۆژنامەنووسێک نەمەوێت بیبینم؟ تەماشا بکەن دەفتەری تێبینییەکانم هەر لێرە لە لای خۆمە." ئاماژەی بەوەش کرد، یەکەم پرسیار کە ئاراستەی ئۆجەلانی دەکات ئەوە دەبێت: "ئایا بەبێ دیموکراسی و بەبێ یاسا، کێشەی کورد چارەسەر دەبێت؟"
 
"دانپێدانانی دەوڵەت بە واقیعی کورد"
 
حەسەن جەمال باسی لەوە کرد، مامەڵەکردنی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک لایەنی گفتوگۆ، بە واتای قبوڵکردنی واقیعی کورد دێت لە تورکیا. گوتیشی: "لە لێدوانەکانی ئۆجەلانەوە دەبینم کە ئەویش گومان و پرسیاری  زۆری هەیە، بەڵام دەڵێت 'با ئەم دەرفەتەش لەدەست نەدەین'، ئەمەش تەواو راستە."
 
ئەو رۆژنامەنووسە رەخنەی لە دۆخی ئێستای ئۆجەلان گرت و رایگەیاند، بارودۆخی ئەو لە زینداندا لە دۆخێکی یەکساندا نییە و پێویستە ستاتۆیەکی گونجاوی بۆ فەراهەم بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن وەک ساڵی 1993 لە دۆڵی بیقاع، رووبەڕوو پێکەوە گفتوگۆ بکەن.
 
حەسەن جەمال یەکێکە لە نووسەر و رۆژنامەڤانە دیارەکانی تورکیا، زۆرترین کات و هەوڵی بۆ پرسی کورد و پرۆسەکانی ئاشتی و بزووتنەوەی سیاسی کورد تەرخان کردووە و بابەتی رۆژنامەڤانی مەیدانی بەرفراوانی لەسەر ئەم بابەتە کردووە. حەسەن جەمال نەوەى جەمال پاشا، سەرکردەیەکی دیاری کۆمیتەی ئیتیحاد و تەرەقی و وەزیری هێزی دەریایییە لە سەردەمی عوسمانیدا. بۆ یەکەمجار لە 14ی نیسانی 1993 لە کەمپێکی دۆڵی بیقاع لە لوبنان رووبەڕوو چاوپێکەوتنی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە