رووداو دیجیتاڵ
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەڵێ، گۆڕانکاریی گەورە لەپێش تورکیایە و بۆ بەهێزکردنی سیاسەتی دیموکراتی هەرچییان لەدەست بێت، دەیکەن.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی، مریەم گوڵ چفتچی یاریدەدەری سەرۆکی جەهەپە، سەزگین تانریکوڵو پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی ئامەد و ئەرکان باش سەرۆکی پارتی کرێکارانی تورکیا لە زیندانی ئەدیرنە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاشیان کرد کە زیاتر لە نۆ ساڵە لە گرتووخانەی ئەدیرنە زیندانە.
دوای کۆبوونەوەکە، تونجەر باکرهان، مریەم گوڵ چفتچی و ئەرکان باش قسەیان بۆ میدیاکان کرد و دوای لێدوانەکانیان، پەیامەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش خوێندرایەوە.
دەمیرتاش، دەڵێ: "با هەموو کەس ئەوە بزانێت، ئێمە بۆ دەرچوون رۆژەکانمان ناژمێرین. چۆن چوونەژوورەوەمان بۆ زیندان سیاسی بوو، دەرچوونمان هەر بەو شێوەیە دەبێت."
دەمیرتاش، لە پەیامەکەیدا ئاماژی بەوەدا، تێکۆشانی دیموکراسی لە ئەمڕۆ بەدواوە پێشدەکەوێت و گەشە دەکات و گوتی: "کاری لەپێشینە و هەستیارترین بابەتی ئێمە ئەوەبوو کە رێگری لە گیانلەدەستدانەکان بەهۆی پێکدادانەوە بکەین. دڵخۆشین کە بۆ ئێستا ئەوەمان بەدەستهێنا. هیوادارین بەو یاسایانەی دەردەچن، ئەم دۆخە هەمیشەیی بێت. بەڵام تێکۆشانی راستەقینە بۆ دیموکراسی، لە ئێستا بەدواوە پێشدەکەوێت و گەشە دەکات. ئێمەش لە هەموو شوێنێک بۆ بەهێزکردنی سیاسەتی دیموکراتی هەرچیمان لەدەست بێت، دەیکەین. ئێستا گۆڕانکاریی گەورە لەپێش تورکیایە. بۆ ئەوەی ئەم گۆڕانکارییانە لە بەرژەوەندیی گەل و کرێکارانماندا بێت، پێویستی بە یەکێتیی تێکۆشانێکی بەرفراوان و بەهێز هەیە."
دەمیرتاش، لە کۆتایی پەیامەکەیدا سوپاسی ئەو کەسانەی کرد کە بۆ سەردانیکردنی لە بەردەم دادگەی ئەدیرنە بوون.
ئەو دۆسیەیەی کە دەمیرتاش و هاوڕێکانی لەسەری دادگاییکران، بە دۆسیەی کۆبانێ ناسراوە.
ئەمەش دوای ئەوەی رێکخراوی داعش لە ئەیلوولی 2014 هێرشێکی بۆ سەر کۆبانێ لە رۆژئاڤای کوردستان دەستپێکرد و لە باکووری کوردستان داوای پشتیوانی بۆ کۆبانێ کرا.
یەکەم لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکانی کۆبانێ لە ساڵی 2014 دەستیپێکرد.
ژمارەیەک لە سیاسەتڤانانی هەدەپە بە تۆمەتەکانی وەکو "کوشتنی بەئەنقەست"، "تاڵانکردن"، "بریندارکردنی کارمەندی کەرتی گشتی بە چەک"، "سووتاندنی ئاڵا" و "تێکدانی یەکێتیی دەوڵەت و یەکپارچەیی وڵات" دادگایی کران.
دەمیرتاش لە تشرینی دووەمی 2016 ـدا دەستگیر کرا.
ئەو سکاڵانامەیەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرەوە ئامادەکرابوو، لە حەوتی کانوونی دووەمی 2021 لەلایەن دادگەی 22ـەمینی سزا قورسەکانی ئەنقەرەوە پەسند کرا و لە 26ـی نیسانی 2021 یەکەم دانیشتنی دادگەییکردنەکە بەڕێوەچوو.
لە دۆسیەکەدا 108 سیاسەتڤانی کورد دادگەییکران و تەنیا 12 کەسیان بێتاوان دەرچوون.
لە 15ـی ئایاری 2024 ـدا، سەڵاحەدین دەمیرتاش، و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە، سزای 42 ساڵ و 30 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ