وەزیری دادی تورکیا: تەرمی گوڵستان دۆکو دۆزراوەتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) باسی دۆسیەی ونبوونی دوو کچە کورد بەناوەکانی گوڵستان دۆکو و رۆژین کابایش دەکات و رەخنەی تووند لە پارێزگاری پێشووی دێرسم دەگرێ کە ئێستا تۆمەتباری دۆسیەی گوڵستانە و دەستگیرکراوە.
 
لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتارێکی پێشکێشکرد و بەشێک لە گوتەکانی تایبەت بە دۆسیەی بێسەروشوێنبوونی گوڵستان دۆکو و رۆژین کابایش بوو.
 
باکرهان وەبیریهێنایەوە کە دوای شەش ساڵ جارێکی دیکە دۆسیەی گوڵستان دۆکو هەڵدراوەتەوە و گوتی:"ئەمە پێشهاتێکی گرنگە. گوڵستان ناوێک نییە، بەڵکو پرسیارێکە ماوەی شەش ساڵە ئاراستەی ویژدانی ئەم وڵاتە دەکرێ و وەڵامەکەی وەرنەگیراوەتەوە".
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ تونجای سۆنەل: تۆ پارێزگار و قەییوم بوویت و یاریت بە گیانی خەڵک کرد
 
دوای لێکۆڵینەوە، تیمەکان ژمارەیەک تۆمەتباریان لە دۆسیەی گوڵستان دۆکو دەستگیرکرد. یەکێک لەوانە مستەفا تورکای سۆنەل، کوڕی پارێزگاری پێشووی دێرسمە. 
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی رەخنەی تووندی لە تونجای سۆنەل، پارێزگاری پێشووی دێرسم گرت و گوتی:"سەیری ئەو کەسە بکەن، وەرە پارێزگار و قەییوم بە و مووچەی تەواو وەربگرە، لە ناوەندی گەنجان ژووری تایبەت بۆ کوڕەکەت تەرخان بکە، هاوکات ئۆتۆمبیلێکی بی ئێمی دوایین مۆدێل بەکاربێنە. باشە خۆ ئێمەش ساڵانێکە بەرپرسین! گەیشتن بەم شتانە هێندە ئاسانە؟ جا بەمانەشەوە مەوەستە و یاریی بە گیانی خەڵک بکە! ئینجا ئەفەندی کە دەستگیرکراوە دەڵێ، چوار رۆژە لە وانەکانی بێبەش بووە! حەوت ساڵە دەخوێنێت دەرنەچووە، بەڵام بەو چوار رۆژە لە وانەکانی بێبەش دەبێت".
 
باکرهان: دایکی گوڵستان بە باوکی رۆژینی گوت: "ئێمە هاودەردین"
وەزیری دادی تورکیا بە پێداگرییەوە رایگەیاندووە کە تەواوی دۆسیە بکەر نادیار و بە ستەم داخراوەکان هەڵدەدەنەوە و ماف بە خاوەن ماف دەگێڕنەوە.
 
لە گوتارەکەیدا هاوسەرۆکی دەم پارتی لەمبارەیەوە گوتی:"پشتیوان بەخوا دادگەیەکی سەربەخۆی دیموکراسی کاری خۆی دەکات و ئەوکات لێپرسینەوە لە مافی گوڵستان دەکرێ. پێویستە دەسەڵات بە وردی لەو بابەتە بکۆڵێتەوە و ئەوانەش سزابدرێن کە هەوڵی پەردەپۆشی بابەتەکە دەکەن. دایکی گوڵستان بە باوکی رۆژینی گوت، ئێمە هاودەردین".
 
دۆسیەی رۆژین کابایش 
 
رۆژینی تەمەن 21 ساڵ، کە بە مەبەستی خوێندنی زانکۆ لە ئامەدەوە چووبووە وان، لە رۆژی 27-9-2024ـەوە بێسەروشوێنە و هیچ هەواڵێکی نییە.
 
ئەوکاتە نیزامەدین کابایش، باوکی رۆژین لە نزیک دەریاچەی وانەوە بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ 16 بۆ 17 رۆژە لەنێو ئازار و خەفەتداین، بە ویستی خوا رۆژین بە ساخ و سەلامەتی دەدۆزرێتەوە، ئیدی هەموومان ئاسوودە دەبین."
 
لەچکی رۆژین لە شوێنێک دۆزرایەوە کە پێشتر پرۆسەی گەڕانی لێ بەڕێوەچووبوو. لەبارەی پرسیاری ئەوەی "ئایا دواتر ئەو لەچکە لەوێ دانراوە یان بۆچی پێشتر نەدۆزراوەتەوە؟'' باوکی رۆژین بەگومانەوە گوتی: "بە مەزەندەی منیش دوایی دانراوە."
 
لەدوای رووداوەکە 52 تیم کە 117 کەس لەسەر زەوی، ئاسمان و نێو دەریا، بۆ دۆزینەوەی رۆژین دەستیان بە گەڕان کرد. پێنج بەلەم، درۆنێک، هێلیکۆتەر و ئامێری سۆنار لەگەڵ 20 مەلەوان، پۆلیس و سوپا و تیمەکانی شارەوانی بەدوایدا گەڕان، بەڵام تاوەکو ئێستاش تەنیا لە لەچکەکەی بەولاوە هیچ شتێک نەدۆزراوەتەوە.
 
دوایین ڤیدیۆی رۆژین بەم دواییە لە تۆری کۆمەڵایەتی بڵاوکراوەتەوە کە رۆژی ونبوونییەتی. لە ڤیدیۆکەدا رۆژین لە زانکۆکەی دەردەچێت.
 
پارێزگار و هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی وان جارجار سەردانی ماڵباتی رۆژین دەکەن، بێ ئەوەی هیچ هەواڵێکی جیاوازیان لەبارەی کچەکەیانەوە پێبێت.
 
حکومەتی تورکیا یەکەیەکی بۆ دۆزینەوەی تەرمی گوڵستان دۆکو پێکهێناوە
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا، رۆژی سیشەممە 21-4-2026 لەبارەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گوڵستان دۆکو رایگەیاند، 11 کەس لەو دۆسیەیەدا خراونەتە زیندانەوە.
 
لەکاتێکدا هێشتا تەرمی گوڵستان نەدۆزراوەتەوە، ئاکن گورلەک گوتی: "لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی شوێنی تەرمی گوڵستان دۆکو بەردەوامە. یەکەیەکی تایبەتیمان بۆ ئەم مەبەستە پێکهێناوە".
 
وەزیری داد: تەرمی گوڵستان دۆزراوەیەوە و ئەو چەکەش کە تاوانەکەی پێ کراوە لەوێدا شارداوەتەوە
ئاکن گورلەک لە بەرنامەیەکی تەلەفزۆنیدا رایگەیاند، گرێکوێرەی لێکۆڵینەوەکان لە رێی گەواهیدەرێکی نهێنییەوە کرایەوە و گوتی:" گەواهیدەرەکە نهێنیی شوێنی تەرمی گوڵستان دۆکوی ئاشکرا کرد و تیمەکان گەیشتنە ئەوێ. هەروەها ئەو چەکەی تاوانەکەی پێ کراوە لەگەڵ تەرمەکەدا شارداوەتەوە. بەهۆی ئەوەی چەکەکە ماوەیەکی درێژ لەژێر خاکدا ماوەتەوە، ژەنگی هێناوە. کاتێک بەڵگەکان لەگەڵ گوتەی ئەو گەواهیدەرە یەکیانگرتەوە، راپۆرتی فەرمی ئامادە کرا".
 
گورلەک: لە یاسادا سەیری پلە و پۆستی کەس ناکرێ
 
وەزیر گورلەک ئاماژەی بەو مشتومڕە یاساییانەش کرد کە لەبارەی دەستگیرکردنی پارێزگاری پێشووی دێرسم، تونجای سۆنێل لە ئارادان و روونی کردەوە کە لێکۆڵینەوە لەبارەی پارێزگار و قایمقامەکان لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتییەوە بەڕێوەدەچێت.
 
گورلەک گوتیشی:"لە یاسادا سەیری ئەوە ناکرێ کەسەکە سیاسییە، پارێزگارە یان سەرۆکی شارەوانییە. تاکە ئامانجمان ئەوەیە ئەو کچە ببێتە خاوەنی گۆڕێک، خێزانەکەی بچنە سەر گۆڕەکەی و نزا بکەن. هەروەها تاوانبارانیش بە سزای خۆیان بگەیێندرێن."
 
ئەوانەی لە دۆسیەی گوڵستان دۆکو دەستگیرکران
 
رۆژی 14-4-2026 لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گوڵستان دۆکو، فەرمانی دەستبەسەرکردنی 14 کەس لە 7 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان دەرچوو، لە ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، بوڕسە، ئیزمیر، ئەنتالیا، خارپێت و دێرسیم ئۆپەراسیۆن ئەنجامدرا 13 کەس دەستگیرکران.
 
لە نێو دەستگیرکراوەکاندا ئەم کەسانە هەبوون:
مستەفا تورکای سۆنەل، کوڕی تونجای سۆنەل (پارێزگاری ئەو کاتەی دێرسیم و پشکنەری ئێستای وەزارەتی ناوخۆ)؛ 
زەینەل ئەباکارۆڤ، گومانلێکراوی سەرەکی و خۆشەویستی پێشووی (گوڵستان) دۆکو
ئەنگین یوچەر، زڕباوکی ئەباکارۆڤ کە پێشتر پۆلیس بووە؛
جەمیلە یوچەر، دایکی؛
ئەردۆغان ئەڵاڵدی، کارمەندی ئیدارەی تایبەتی پارێزگای دێرسیم
شوکری ئەرۆغڵو، پاسەوانی تونجای سۆنەلی پارێزگاری ئەو کاتەی دێرسیم
ئوغورجان ئاچکگۆز، هاوڕێی نزیکی مستەفا تورکای سۆنەل
گۆکهان ئەرتۆک، پۆلیسێکی پێشوو کە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە
 
چوار بەرپرسی کامێرای چاودێریی زانکۆی مونزوری دێرسیم؛
 
ساڤاش گولتورک
سولەیمان ئۆناڵ 
جەلال ئاڵتاش
نورشەن ئاریکان 
 
فراکسیۆنی دەم پارتی داوای لێپرسینەوە لە وەزیری نێوخۆی ئەوکاتە دەکات
رۆژی دووشەممە 20-4-2026 گوڵستان کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوتی: "پێمانوانییە بابەتەکە تەنیا پەیوەندیی بە پارێزگارەوە هەبێت. دەبێت لێپرسینەوە لە سولەیمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی ئەو کاتەش بکرێت کە هاوڕێیەکی نزیکی پارێزگار بوو. دەبێ ئەویش گوتەی لێ وەربگیرێت."
 
بەرپرسەکەی دەم پارتی هەروەها رەخنەی لە لایەنی پەیوەندیدار گرت بەوەی کەمتەرخەمی لە پاراستنی منداڵان هەیە و گوتی: "ئەو رووداوانە رێکەوت نین، رووداوی تاکەکەسی نین و دەرەنجامی تووڕەییەکی کاتی نین؛ بەڵکو دەرەنجامی کەمتەرخەمیی سیستم، پشتگوێخستنی سیاسەتی هەڵە و ناسەقامگیریی کەرتی پەروەردەن."
 
 چی روویدا؟
 
گوڵستان دۆکو، خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستانە. رۆژی 5-1-2020 کاتێک تەمەنی 21 ساڵ بوو، دوای ئەوەی لە بەشی ناوخۆیی زانکۆکەی لە پارێزگای دێرسیم چووە دەرەوە، بێسەروشوێن بوو. ئەو خوێندکاری بەشی گەشەپێدانی منداڵان بوو لە زانکۆی مونزوور.
 
دوای ونبوونی، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە گەڕان کرد و تەنانەت بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی ئەو کاتە، ئاوی بەنداوی ئوزونچایر زۆر کەم کرایەوە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی، بەڵام بێ ئەنجام بوو. 
 
ماڵباتی گوڵستان هەمیشە زەینەل ئەباکارۆڤی خۆشەویستی پێشووی کچەکەیان بە تۆمەتبار دەزانی، کە زڕباوکەکەی لە دێرسیم پۆلیس بوو و دواتر لە کارەکەی دوورخرایەوە. ئێستا بە دەرکەوتنی ئەم دانپێدانانە نوێیانە، دۆسیەکە رێڕەوێکی دیکەی وەرگرتووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە