رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەک لە تورکیا سزای چوار ساڵ و دوو مانگ زیندانیکردنی بەسەر فاتیح ئاڵتایڵی، رۆژنامەڤانی ناسراوی تورکیا سەپاند. دادگە بڕیاریشی دا ئاڵتایڵی ئازاد نەکرێت و لە گرتووخانە بمێنێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26-11-2025، لە دادگەی سلیڤری دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی فاتیح ئاڵتایڵی بەڕێوەچوو، کە لە 22ـی حوزەیرانی ئەمساڵەوە بە تۆمەتی "هەڕەشەکردن لە سەرۆککۆماری تورکیا" دەستبەسەر کرابوو.
بەگوێرەی بڕیاری دادگە، سەرەتا بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سزای پێنج ساڵ زیندانیکردن بۆ ئاڵتایڵی دەرچوو، بەڵام دادوەر بەهۆی "باشیی رەفتار"ی ئەو لەو ماوەیەی لە زینداندا بووە، سزاکەی بۆ چوار ساڵ و دوو مانگ کەمکردەوە.
دادگە بڕیاری بەردەوامیی مانەوەی ئاڵتایڵی لە زیندان دا. بەگوێرەی سزاکە، ئەو دەبێت بۆ ماوەی دوو ساڵ و هەشت مانگ لە زینداندا بمێنێتەوە، دوای ئەوەی ئەو ماوەیەی تاوەکو ئێستا تێیدا بووە، لە سزاکەی کەمدەکرێتەوە
لە دانیشتنەکەی دادگەدا پارێزەری رەجەب تەیب ئەردۆغان و ژمارەیەک رۆژنامەڤان و پەرلەمانتارانی جەهەپە (سەزگین تانریکوڵو و ئوتکو چاکرئۆزەر) ئامادەبوون.
فاتیح ئاڵتایڵی لە کاتی بەرگریکردن لە خۆی گوتی: "ئەو قسانەی من کردوومن، ئەستەمە بتوانن ترس لای سەرۆککۆمار دروست بکەن".
فاتیح ئاڵتایڵی، پێشتر لە بەرنامەیەکی خۆیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە نزیکەی 1.7 ملیۆن فۆڵووەرزی هەیە، بەراوردێکی لەنێوان دەسەڵاتی ئێستا و سەردەمی عوسمانییەکان کردبوو.
ئاڵتایڵی گوتبووی: "لە رابردوودا میللەتەکەمان ئەو بەڕێوەبەرانەی کە نەیانویستوون، خنکاندوویانن. زۆر پاشای عوسمانی هەن کە خنکێندراون، کوژراون یان گوتراوە خۆیان کوشتووە."
ئەو قسانە کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە و ئۆکتای سەرال، راوێژکاری ئەردۆغان پەیامێکی بڵاوکردبووەوە و گوتبووی: "ئاڵتای! ئاوی تۆش گەرم دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ