رووداو دیجیتاڵ
گرتووخانەیەک لە باکووری کوردستان پاش چەندین ساڵ کرایەوە مۆزەخانە و لە ژێر ناوی ''مۆزەخانەی زیندوو بۆ ژنان'' کارا کراوەتەوە. لەو شوێنەدا گرنگی بەو پیشانە دەدرێت کە مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە.
ئەو گرتووخانەیە لە سێوازی باکووری کوردستانە و لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی عوسمانیدا دەزگای کاری دەستی بووە، ئەوکات گەنجان تێیدا فێری هونەر و پیشەی جۆراوجۆر دەبوون. ئێستاش کراوەتە مۆزەخانە و گرنگی بەو پیشانە دەدرێت کە مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە، وەک دروستکردنی مافوور، کاری دەستی، مسکاری، هونەری تەختە و چەند جۆرێکی دیکە.
فاتیح محەممەد تانریڤێرەن، بەرپرسی مۆزەخانەکانی سێواز دەڵێت، "ساڵی 2019 لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەکە، کۆنسێپتی مۆزەخانەیەکی زیندووی وەرگرت. بەمجۆرە راهێنانە پیشەییەکان دوای 58 ساڵ جارێکی دیکە دەستیانپێکرایەوە. ئێستا خولەکانمان دەستیانپێکردووەتەوە."
ئەو خولانە وایانکردووە گەشتیاران سەردانی مۆزەخانەکە بکەن و بە رەنگێکی دیکەوە بیبینن. بەهۆی ئەو خولە پیشەییانەوە گەنجان دەتوانن بڕوانامە وەربگرن و شوێنکاریش بکەنەوە.
فاتیح محەممەد تانریڤێرەن، گوتیشی، "دوای ئەم خولانە هەر یەک لە بەشداربووانمان بڕوانامە وەردەگرن. بڕوانامەی بەشداریکردن لە خولی پیشەیی وەردەگرن، تەنانەت هەندێکجار بڕوانامەی وەستاییش بە بەشداربووانی زیرەک دەدرێت."
خولەکانی دروستکردنی مافوور، کاری دەستی، مسکاری، هونەری تەختە و چەند جۆرێکی دیکەی خول لەو مۆزەخانەیە هەن.
سەما باڵ، بەشداربووی خولی پیشەیی مۆزەخانەکەیە و باسی لەوە کرد، "کاتێک بیستم هاتم و بەشداریم کرد، زۆر بەسوود بوو و خۆشحاڵبووم، باشمکرد بەشداریم لەم خولانەدا کرد. بۆ نموونە کاری مس وەکو پیشەیەکی مردوو بوو، کاتێک لە ماڵەوە مسمان دەبینی، نەماندەزانی بەهایەکی هەیە. بەڵام کە هاتمە ئەم خولە لە بەهای مس تێگەیشتین."
ئەو مۆزەخانەیە لە ساڵی 1961 کرایە گرتووخانە. دواتر کرایە مۆزەخانە و ئێستاش بە کردنەوەی ئەو خولانە گەڕێندرایەوە سەر شێوازە رەسەنەکەی خۆی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ