ئەردۆغان: دانیشتووانمان بەرەو پیربوون دەچن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری تورکیا نیگەرانیی خۆی لەبارەی پیربوونی دانیشتووانی وڵاتەکەی و کەمبوونەوەی هێزی کار پێشان دەدات و رایدەگەیێنێت، تاوەکو ساڵی 2050 یەک لەسەر چواری دانیشتووانی جیهان تەمەنیان لە سەروو 60 ساڵەوە دەبێت.
 
رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە شەشەمین لووتکەی هاوئاهەنگیی ئابووری و گەشەپێدانی رێکخراوەیی لە ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر ئاڵنگارییەکانی بەردەم کەرتی کار.
 
ئەردۆغان رایگەیاند: "لەکاتێکدا دانیشتووانمان بەرەو پیربوون دەچێت، هێزی کارمان رووبەڕووی ئاڵنگاری و گوشاری نوێ دەبێتەوە. لە هەندێک سێکتەردا داواکاری بۆ کار کەمبووەتەوە و لە هەندێک کەرتی دیکەشدا بە زەحمەت کارمەند دەستدەکەوێت."
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە ئامارە جیهانییەکان کرد و گوتی، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2030دا پێنج یەکی دانیشتووانی جیهان تەمەنیان سەروو 60 ساڵ بێت، لە ساڵی 2050ـیشدا ئەو رێژەیە بۆ یەک لەسەر چوار بەرز دەبێتەوە.
 
ئەردۆغان کە بەردەوام داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات لانیکەم سێ منداڵیان هەبێت، نیگەرانیی خۆی لە "سیاسەتی دژە زیادبوونی دانیشتووان" پێشاندا و گوتی: "ئێمە ئەو هەڕەشەیەمان بینی، بەڵام نەمانتوانی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین. تەنانەت ئەوانەی بە دۆستی خۆمانیان دەزانین، دژی زیادبوونی دانیشتووانن، ئەمەش خەمبارمان دەکات."
 
بەپێی گوتەکانی ئەردۆغان، رێژەی لەدایکبوون لە تورکیا لە ئاستی 3ـەوە بۆ خوار 1.5 دابەزیوە، ئەوەش بە "قۆناخێکی مەترسیدار" ناودەبات.
 
سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداری دەدات کە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، تورکیا رووبەڕووی مەترسییەکی دیمۆگرافیی گەورە دەبێتەوە. 
 
ئەردۆغان پێشتر رایگەیاندبوو: "بەگوێرەی گەشبینانەترین بۆچوون، 10 ساڵی دیکە ژمارەی دانیشتووانی تورکیا لە زۆربوونەوە دەوەستێت و بەرەو دابەزین دەچێت؛ لە کۆتایی ئەم سەدەیەدا چاوەڕێ دەکرێت دانیشتووانمان 10 ملیۆن کەس کەم بکات."
 
ئەردۆغان زۆرجار رەخنەی تووند لە حکومەتەکانی پێشووی تورکیا و بەتایبەتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەگرێت و ئەوان بە بەرپرسیار دەزانێت لە داڕشتنی ئەو بنەما کۆمەڵایەتییانەی بوونە هۆی کەمبوونەوەی گەشەی دانیشتووان لە وڵاتەکەیدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە