ئابووری
ئەرزڕوم، باکووری کوردستان - لە چوارچێوەی یەکێک لە پرۆژەکانی گەشەپێدان، هەلی کار بۆ ژمارەیەک ئافرەت رەخسێنراوە.
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی گەشەپێدانی باکووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ رایگەیاند، لە 5 ساڵی رابردوودا پشتیوانیی چەند پرۆژەیەکیان بە بەهای 1.8 ملیار لیرەی تورکی (نزیکەی 44.4 ملیۆن دۆلار) کردووە، کە هەلی کار بۆ 1200 کەس لە پارێزگاکانی ئەرزەڕووم و ئەرزینگانی باکووری کوردستان دەڕەخسێنێت.
رۆژی سێشەممە 29-07-2025 ئۆکتای گوڤەن، سکرتێری گشتیی ئاژانسی گەشەپێدانی باکووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ - KUDAKA رایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی دامەزراوەکەیان کارکردنە بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی و نەهێشتنی جیاوازی لەنێوان ناوچەکاندا.
بە گوتەی سکرتێری ئاژانسەکە، لە 5 ساڵی رابردوودا پشتیوانیی زیاتر لە 300 پڕۆژە و چالاکییان کردووە، "ئەوەش بووەتە هۆی وەبەرهێنانێک بە بەهای نزیکەی 1.8 ملیار لیرەی تورکی. نزیکەی یەک ملیار لیرەی ئەم وەبەرهێنانە راستەوخۆ لەلایەن KUDAKAـەوە دابینکراوە."
ئاژانسەکە لە ساڵی 2008 بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لە دوو پارێزگای باکووری کوردستان و پارێزگایەکی تورکیا دامەزراوە، پشتیوانیی چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆر لە بوارەکانی گەشتوگوزار، ئاژەڵداری، کشتوکاڵ و پیشەسازیدا دەکات.
گوڤەن ئاماژەی بەوە کرد، پرۆژەکان هەلی کاریان بۆ نزیکەی 1200 کەس رەخساندووە و لەگەڵ کەرتی تایبەت، حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کار بۆ سوودوەرگرتن لە سەرچاوە سرووشتییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت لە کەرتەکانی گەشتوگوزار، بەرهەمەکانی گۆشت و شیر و هەنگەوانیدا دەکەن.
ئاژانسەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆجیای تورکیا، چوار بواری سەرەکیی بۆ وەبەرهێنان لە پارێزگای ئەرزەڕووم دیاریکردوون:
یەکەم؛ پێشنیازی دامەزراندنی کارگەیەک هەیە کە پێستە وەکو کاڵای خاو نەفرۆشێت، بەڵکو بەرهەمی جۆراوجۆری لێ دروست بکات و بە نرخی باشتر بیخاتە بازاڕەوە.
دووەم؛ پێشنیازی وەبەرهێنان لە بواری کۆگای مۆڵەتپێدراودا.
سێیەم؛ پێشنیازی دامەزراندنی کارگەیەک هەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو کەرەستانەی لە پێستە دروست دەکرێن، بەتایبەتی کە ئەو بەرهەمانە لە کەرتی خۆراکدا بەکاردەهێندرێن، وەکو کۆلاجین.
چوارەم؛ پێشنیازی وەبەرهێنانی دامەزراندنی پڕۆژەیەکی بەخێوکردنی ئاژەڵی گەورە، کە توانای لەخۆگرتنی لانیکەم 1000 سەر ئاژەڵی هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ