رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە، لەکاتی داخرانی بازاڕەکانی جیهاندا نرخی ئۆنسەیەک پلاتینیۆم 246 دۆلار، یاخود 10.91٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 2507 دۆلار.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی پلاتینیۆمە لە مێژوودا تۆمارکرابێت.
تەنیا لە یەک هەفتەی رابردوودا، هەر ئۆنسەیەک پلاتینیۆم 477 دۆلار بەرزبووەتەوە.
لە سەرەتای ئەم ساڵیشەوە تاوەکو ئێستا، هەر ئۆنسەیەک پلاتینیۆم 180.50٪ بەرزبووەتەوە، بەوەش پێش زیو کەوتەوە لە رووی زۆرترین قازانجی ئەم ساڵ.
ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە جیهان بەدەست چەندین قەیرانی جیۆسیاسییەوە دەناڵێنێت، کە دیارترینیان گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلایە. ئەمە رۆڵی پلاتینیۆمی وەک پەناگەیەکی ئارام بەهێزکردووە.
هاوکات پلانی یەکێتی ئەورووپا بۆ کەمکردنەوەی سنووردارکردنی بزوێنەرە ناوخۆییەکان، خواستێکی زۆری لەسەر پلاتینیۆم دروستکردووە، چونکە ئەم کانزایە لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا بەکاردێت.
بەهێزیی خواستی کارگەکانی چین و کردنەوەی مامەڵەکانی پلاتینیۆمیش لە بۆرسەی گوانگژۆ نرخەکەی زیاتر بەرزکردووەتەوە.
بەپێی راپۆرتەکان، ئەفریقای باشوور کە گەورەترین بەرهەمهێنەری پلاتینیۆمە لە جیهاندا، بەهۆی کێشەی تەکنیکی و ناوخۆییەوە نەیتوانیوە وەک پێویست پلاتین بخاتە بازاڕەوە.
بۆیە پێشبینی دەکرێت بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک بازاڕی پلاتینیۆم رووبەڕووی کورتهێنان ببێتەوە، بەجۆرێک کە بڕی 692 هەزار ئۆنسە کەمتر لە خواستی بازاڕ بەردەست بێت.
ئێستا کۆگاکانی پلاتینیۆم لە جیهاندا گەیشتوونەتە نزمترین ئاست لە دوای ساڵی 2020ـەوە و بەشی تەنیا پێنج مانگیان تێدا ماوە، ئەمەش وایکردووە کێبڕکێیەکی توند لەنێوان کڕیارانی پیشەسازی و وەبەرهێنەراندا دروست ببێت و نرخەکەی بەم شێوەیە بەرز ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ