نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو؛ مسقاڵێکی عەیار 21 بە 905 هەزار دینارە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار نرخی مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی نێوخۆ و جیهاندا بەرزترین ئاستی تۆمارکرد و  یەک مسقاڵ عەیار 21 بە 905 هەزار دینار دەفرۆشرێ.
 
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوێنێ عەیار 21 مسقاڵێکی بە 890 هەزار دینار بوو، ئەمڕۆ 15 هەزار دیناری دیکە بەرزبووەوە".
 
جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر گوتی: "ئەو نرخەی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای نرخی ئۆنسەیەک بە 4 هەزار و 533 دۆلار و هەر 100 دۆلار بە 142 هەزار و 500 دینار دیاریکراوە".
 
هەر ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 948 هەزار دینارە و عەیاری 18 بە 775 هەزار دینارە.
 
لەکاتی داخرانی بازاڕەکانی جیهاندا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 53 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4532 دۆلار. پێش داخرانی بازاڕ، ئاستی 4547 دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
 
تەنیا لە یەک هەفتەی رابردوودا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 195 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گرانبوونی زێڕ، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاتێک رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لە نایجیریا. نایجیریا خاوەن بڕێکی زۆر نەوتە. 
 
ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ تووندکردنی گوشارەکانی واشنتن بۆ سەر هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا، کە ترسی پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی وزە و نائارامی لای بازرگانان دروستکردووە.
 
هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، پەیوەستە بە لاوازبوونی نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە سەرەکییەکانی دیکە. 
 
بازاڕەکان پێشبینی دەکەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ساڵی 2026ـدا دوو جار رێژەی سوود کەمبکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی نیشانەکانی دابەزینی هەڵاوسان و خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری دەرکەوتوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە