باخەوانانی سێ گوندی سنووری سکتان کاژێری ئاو بە دوو هەزار دینار دەکڕن
باخەوانانی گوندەکانی کامووسەک، کۆلکەڕەش و نازەنین لە سنووری ناحیەی سکتان کاژێری ئاو بە دوو هەزار دینار دەکڕن و هەندێ باخەوان مانگی تەنیا یەک جار نۆرەیان بەردەکەوێ. گوندنشینان داوا دەکەن پڕۆژەی بەنداوی نازەنین کە 12 ساڵە بە تەواونەکراوی جێهێڵدراوە، کارەکانی دەستپێبکاتەوە.
ئەم ساڵ جووتیاران و باخەوانانی گوندی نازەنین، بەهۆی کەم بارانی و وشکبوونی کانیاوەکان، بە نۆرە و بە کاژێر بۆ ئاودانی باخەکانیان ئاو دەکڕن. بەشێکیان بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی ئاو، لەسەر ئەرکی خۆیان بیری 'سووری'یان لێداوە.
لەشکر ساڵح، باخەوانە لە گوندی نازەنین، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "بۆ کشتوکاڵ، ئاودێریی و باخداری دۆخمان زۆر خراپە. بیر هەیە 60 باخ ئاو دەدات. میراو کاژێری دوو هەزارمان لێوەردەگرێ و بە 28 رۆژ جارێک بەرمان ناکەوێ. تاوەکو ئاومان پێدەگات باخەکانمان وشک دەبێت. بەهۆی کەمئاوییەوە بەرهەم لە سنوورەکەمان کەمیکردووە."
بەنداوی نازەنین یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژە تەواونەکراوەکانی سنووری قەزای کۆیە، لە گوندی نازەنین سەر بە ناحیەی سکتانە، 2013 بەگوژمەی نزیکەی 8 ملیار دینار چووەتە واری جێبەجێکردن، دوای تەواوکردنی 30٪ـی کارەکانی، 12 ساڵە بەنیوەچڵی بەجێهێڵدراوە.
پێدانی پارە بە میراو و نۆرەگرتن، وەک ئەنجوومەنی گوندی نازەنین باسی دەکات، بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی ئاوە و پارەکەش بۆ خزمەتگوزاریی بیرەکان تەرخان دەکرێن.
نادر قادر لە بەرپرسیار گوتی: "شەش بیری گوندەکەمان کار دەکەن، بەڵام کێشەی کەمیی کارەبامان هەیە، لە وەرزی هاوین کێشەی گەورەمان هەیە، دانانی وزەی خۆر و تەواوکردنی بەنداوی نازەنین کێشەی کەمیی ئاو چارە دەکات. ژمارەی بیرەکانمان کەمە و ئەو بیرە سووریانەی کە خەڵک خۆیان لێیانداوە لەنێو زەوییەکانیان و ئەوانەی کە نۆرەی ئاو درەنگ پێیان دەگات، زۆربەی ئاو بیرانەش وشکی کردوون."
پەیامنێری رووداو لە سنووری راپەڕین، سەردانی باخدارانی گوندی نازەنینی کرد و بەدواداچوونی بۆ هۆکاری تەواونەبوونی بەنداوەکە کرد. مەهدی مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی سکتان بە ئەبوبەکر ئیسماعیلی گوت: "شەڕی داعش و قەیرانی دارایی هۆکاری تەواونەکردنی بەنداوەکەبوون، کۆمپانیا کارەکەی بەجێهێشت، لە هەوڵداین بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی کار لەو پڕۆژە گرنگەدا."
بەنداوی نازەنین، پانییەکەی لە بنچینەیی دا (101) مەترە و لە سەرەوەیدا (7) مەترە، ئەو ئاوەی گلی دەداتەوە رووبەری نزیکەی 400 دۆنم زەویی کشتوکاڵی دادەپۆشێت. بەگوێرەی دیزاینی پەسندکراوی بەنداوەکە، 21 مەتر بەرزە، توانای گلدانەوەی نزیکەی دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەتەواوبوونی رووبەری 20 هەزار دۆنم زەوی بەراو دەکات.
تەندەری تەواوکردنی پڕۆژەکە دراوەتە کۆمپانیایەکی رۆمانی و کارەکانی بە نیوەچڵی جێهێشتووە. بەڕێوەبەری ئاودێریی کۆیە، هۆکاری تەواونەکردنی پڕۆژەکەی بۆ "خەرجنەکردنی گوژمە و رۆیشتنی کۆمپانیای جێبەجێکار" گەڕاندەوە.
نەوا محەممەد لە بەرپرسیار گوتی: "ساڵی 2013 بەردی بناخەی بەنداوەکە دانرا و لە 25٪ـی کارەکانی کرا و دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی، کۆمپانیا پڕۆژەکەی جێهێشت. لە وەزارەت چەندین جار داوای لێکراوە یان بگەڕێتەوە و پڕۆژەکە تەواوبکات یان گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا گرێبەستەکەی بەردەوامە. پێویستە گرێبەستەکەی هەڵبوەشێندرێتەوە و ئینجا بدرێت بە تەندەر و کۆمپانیایەکی دیکە وەریبگرێت. لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەوڵی جیدی داین بۆ هێنانە سەرخەتی کۆمپانیاکە."
تەواوبوونی پڕۆژەی بەنداوی نازەنین سێ سوودی سەرەکی بۆ سنوورەکە هەیە؛ چارەسەری کێشەی کەمئاوی، زیادکردنی بەرهەمی جووتیاران و کردنەوەی شوێنی گەشتیاریی نوێ. نەوا محەممەد گوتی: "ئەو رێژە کارەی لە بەنداوەکە کراوە هەمووی تێکچووە و دەبێت دووبارە پلان و کەشفی بۆ بکرێتەوە."