ژیوار حاجبی ناسراو بە خەتەر گیانی لەدەستدا
ژیوار حاجبی ناسراو بە خەتەر گیانی لەدەستدا
ژیوار حاجبی، ناسراو بە خەتەر، راپەر و پرۆدیوسەر و کارسازی ناسراوی کوردستانی و ئەڵمانی، یەکێک لە کاریگەرترین هونەرمەندەکانی 30 ساڵی رابردووی بواری راپ لە ئەڵمانیا و ئەورووپا رۆژی هەینی 9/5/2025 لە تەمەنی 43 ساڵیدا ''گیانی لەدەستداوە''.
هێشتا ماڵباتەکەی هیچ راگەیەندراوێکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام هاوڕێ هەرە نزیکەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیدا هەواڵەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە، هەروەها میدیای ئەڵمانیش لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی بە ''ئەفسانەی راپ'' ناویان هێناوە. هونەرمەندان و کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەڵمانیاش بە لێشاو کاردانەوەیان بۆ گیانلەدەستدانی پیشانداوە.
پێشتر خەتەر میوانی بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو بوو و باسی سەختییەکانی ژیانی کرد. ئەو ماوەیەک کەوتووەتە زیندان و لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ دیاسپۆرا دەڵێ لە زینداندا بەهۆی قورئانەوە ئارامیی لە ژیانیدا دۆزیوەتەوە.
ژیوار حاجبی سەرەتای ساڵانی نەوەت نازناوی (خەتەر)ی بۆخۆی هەڵبژارد. لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ رووداو روونیدەکاتەوە کە بۆ ئەوە ناوی لەخۆی نەناوە کە خەتەر بێ، بەڵکو لە ئەڵمانیدا ئەگەر شتێک سەرنجڕاکێش و بەهێزبێ، پێیدەڵێن ''ئەوە خەتەرە''.
بەهۆی دەنگدانەوەی کارەکانی و ماوەیەکیش کەوتنە زیندانەوە، ژمارەیەکی زۆر بەڵگەفیلم و ریپۆرتاژ لەسەر ژیان و کەسایەتیی خەتەر لە میدیای ئەڵمانی و ئەوروپیدا بەرهەمهاتوون.
لە ژیانی هونەریدا خەتەر 6 ئەلبوومی گۆرانی، 17 گۆرانیی جیا، 4 فیلم و کتێبێکی لەسەر ژیانی خۆی بڵاوکردووەتەوە.
دوایین فیلمی بەناوی Rheingold کە ساڵی 2022 بڵاوکرایەوە، یەکێک لە پڕفرۆشترین فیلمەکانی نێو سینەمای ئەڵمانیا بوو.
لەبارەی چۆنییەتی گیان لەدەستدانی خەتەر، سیدار جۆشکون، هاوڕێی خەتەر، بۆ دیاسپۆرا قسەیکرد و رایگەیاند، خەتەر بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستداوە و ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە رەوشی تەندروستی بەرەو خراپی چوو و رۆژی هەینی گیانی لەدەستدا.
سێدار جۆشکن ئاشکرایکرد، خەتەر ماوەی دوو ساڵ دەبێت تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بووە و چارەسەری وەرگرتووە.
سەبارەت بە کاریگەری خەتەر لەسەر هونەری راپ لە ئەڵمانیا، سێدار گوتی"هەموو کەس لە شۆکدایە، بەڕاستی ونبوونێکی گەورەیە بۆ ئەڵمانیا، خەتەر یەکەم راپەری کورد بوو کە ناوبانگی پەیدا کرد و دروشمی کورد و کوردستانی لە ئەڵمانیا بەرزکردەوە، هەموو گەنجانی کورد پشتگیریان دەکرد و ئەڵمانەکانیش بە گەرمی پێشوازییان لێ دەکرد".
سێدار جۆشکن کە ماوەی 20 ساڵە هاوڕێی خەتەرە لەبارەی دۆخی خێزانی خەتەرەوە گوتی"لەگەڵ دایکی قسەم کرد، خاتوونەکە تووشی شۆکێکی گەورە بووە، بارودۆخەکە زۆر سەخت و دژوارە".
خەتەر لەدایکبووی ساڵی 1982ـی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دواتر چووەتە ئەڵمانیا و لەوێ ژیاوە، ئەو باوکی دوو منداڵە و جگە لەوەی وەک راپەر کاریکردووە، هەروەها وەک ئەکتەریش بەشداریی لە چەندین فیلمدا کردووەو هەروەها چەند کتێبێکیشی نووسیوە.
سوێد .. گومان دەکرێ دەستی گرووپێکی مافیایی کوردی لەپشت کوشتنی سێ کەس بووبێ لە شاری ئۆپسالا
سوێد لەم ساڵانەی دواییدا هەواڵی ئەو گرووپە تاوانکارییانەش تەواو نابن کە سەرکردە و زۆر لە ئەندامەکانیان کوردن و خەڵک دەکوژن و تاوانی دیکە دەکەن.
ئەوانەی دەمێکە بەرنامەی دیاسپۆرا دەشۆپێنن دەزانن کە بەشێوەی مەیدانیش چووینە بنج و بناوانی ئەو تاوانکارییانە و زانیاریی زۆرمان بۆ گێڕانەوە. هەندێک لەوانەی لە راپۆرتەکانی ئێمەدا قسەیان بۆ کردین و لە شوێنی تاوانکارییەکان بینیمانن، خۆشیان لە رووداوی دیکەدا بوونە قوربانی و کوژران.
یەکێک لەو شوێنانەی بۆی چووین شاری ئوپسالا بوو لە سوێد، شاری زانکۆ و زانست، کەچی ببووە شوێنی شەڕی نێوخۆیی دوو سەرکردەی گرووپە تاوانکارییەکان کە کوردن. یەکێک لەوانە ناوی ئیسماعیل عەبدۆیە و خەڵکی باکووری کوردستانە. ساڵی 2023 رکابەرەکانی تا ئەو رادەیە رۆیشتن کە دایکی لەنێو ماڵەکەیدا بکوژن. لەم چەند رۆژەی رابردوودا جارێکی دیکە لە ئوپسالا رووداوێکی دیکە روویدا کە نەک هەر لە سوێد، بەڵکو لە هەموو ئەوروپاش دەنگیدایەوە.
لە سەرتاشخانەیەکی ئوپسالا لەپڕ یەکێک خۆی دەکات بە ژووردا و دەست دەکات بە تەقەکردن لەوانەی لەوێن. لە ئەنجامدا 3 کەس دەکوژرێن، کە تەمەنیان 15 ساڵ تاوەکو 20 ساڵە. پۆلیسی سوێدی ئەو نەریتەی هەیە کە قەت زانیاریی کەسی قوربانییەکان بڵاوناکاتەوە و میدیاش خۆیان لەوە دەپارێزن. پۆلیس دەڵێت ئەمە هەم بۆ پاراستنی پرایڤسیی قوربانییان و کەسوکارییانە، هەمیش بۆئەوەیە کە بەوهۆیەوە تۆڵە و تۆڵەکاری زۆرتر نەبێ. بۆیە سەبارەت بە ناسنامەی ئەو سێ کەسە کوژراوەش هیچ زانیاریی نەداوە.
بەپێی بەدواداچوونی ئێمە یەکێک لەو کەسانەی کوژراوە، ماوەیەک پێشتر لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە. گوایە پلانی هەبووە ئەندامانی سەر بە گرووپەکەی ئیسماعیل عەبدۆ بکوژێ. بۆیە وا لێکدەدرێتەوە کە سەر بە گرووپێک بێ کە دەگوترا کەسێک بەناوی رەوا مەجید، کە خەڵکی باشووری کوردستانە، سەرکردایەتی دەکران و لەگەڵ عەبدۆ کوشت و کوشتار لەنێوانیاندا هەبووە. رەوا ماوەیەک لەمەوپێش لە سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە دەسگیرکرا.
ئەو کەسەی 3 گەنجەکەی لە سەرتاشخانەکەدا کوشتووە، یەکسەر دوای رووداوەکە بە ماتۆڕێک بۆی دەرچووە. تاوەکو ئێستا چەند کەسێک لەسەر ئەو کەیسە دەستگیرکراون. سێیان دانیشتووی ئوپسالان و تەمەنیان لەنێوان 25 تاوەکو 34 ساڵدایە. یەکێکی دیکە تەمەنی 20 ساڵە و بەمدواییانە ماڵی لە ئوپسالا بارکردووە. یەکسەر دوای رووداوەکەش گەنجێکی بە بنەچە سۆماڵیی 16 ساڵ دەستگیرکرابوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە ئازادکرا. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە ئەندریاس نایبێرگ، لە داواکاری گشتییە، ئاشکرایکردووە کە لێکۆڵینەوەکان لە سەرتاشخانەکەدا پیشانیدەدەن جگە لەو سێ کەسەی کوژراون، کەسی دیکەش هەبوونە کە لەوێ تەقەیان لێکراوە و لە مردن رزگاریان بووە. پۆلیس لەسەر ئەمەش خەریکی لێکۆڵینەوەیە.
بەهۆی ئەو رووداوانەی لە ئوپسالا و شوێنەکانی دیکەی سوێد روودەدەن، زۆرجار دایکان و باوکانی گەنجانی کورد پێیانگوتووین کە دەیانەوێ بۆ پاراستنی گیانی منداڵەکانیان کۆچ بکەن بۆ وڵاتی دیکەی ئەوروپا یان لەنێو سوێد بچنە شارێکی دیکە.
وەزیرێکی حکومەتی نەرویج بە زمانی کوردی قسە لەگەڵ دیاسپۆرانشینانی کورد لە وڵاتەکەی دەکات
لە ئەسکەندەناڤیا دیاسپۆرای کوردی هێندە چالاکە کە کاربەدەستانی ئەو وڵاتانە حەزدەکەن لەگەڵیان کۆببنەوە و تەنانەت بە کوردیش قسەیان بۆ بکەن.
لە نەرویج خانم تۆنیێ برێننا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەشداریی لە بۆنەیەکی کوردی دانیشتووی وڵاتەکەی کردووە و دەستپێکی قسەکانی بە زمانی کوردییە، دەڵێ" رۆژ باش، ناوم تۆنیە، من وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی نەرویجم".
تۆنیێ برێننا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی نەرویج:
"بەڕاستی شتێکی زۆر گەورەیە کە هەموو پارت و رێکخراوە کوردییەکان بەرامبەر دیمەشق بۆ دۆزی خۆیان و مافەکانیان بوونەتە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست. ئەو یەکڕیزییە بووەتە جێی دڵخۆشیی هەمووان لە کوردستان و لە نەرویجیش. خەڵک شانازی بەو یەکڕیزی و یەکهەڵوێستییەوە دەکەن".
سەڵاح کشتی، سەرۆکی کۆمەڵەی مهاباد لە نەرویج و رێکخەری بۆنە کوردییەکە لە نەرویجەوە میوانی دیاسپۆرا بوو، باسی کۆمەڵەکەی و چالاکییەکانی کرد و گوتی"کۆمەڵەکەمان ناوی مەهابادە و پێکهاتووە لە کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان، بەڵام زیاترینی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و ئامانجمان پاراستنی زمانی کوردیییە لەنێو دیاسپۆرای کورد لە نەرویج و هەروەها لۆبیکردنی دۆزی کوردە لە هەموو پارچەکان بەتایبەتی بۆ رۆژئاوای کوردستان".
سەرۆکی کۆمەڵەی مهاباد لە نەرویج روونیکردەوە، کۆمەڵەکەیان لە ساڵی 2018 دامەزراوە، بەلام تاوەکو هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێ لە ساڵی 2024 چالاک نەبوو، بەڵام ئێستا زۆر چالاکە و پەیوەندی پتەوی بە بەرپرسانی نەرویج هەیە و دەڵێت" بۆنەیەکمان رێکخست و تێیدا جگە لە میوانی هەموو پارچەکانی کوردستان، کە زۆرترینیان لە رۆژئاوای کوردستان بوون، بانگهێشتی وەزیرێکی نەرویجمان کرد، ئەویش خاتوو تۆنیێ برێننا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی نەرویج بوو، کە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵی هەیە و لە بۆنەکەدا بە چەند وشەیەکی کوردی سەرەتای وتارەکەی دەستپێکرد و دواتر دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، هەر لە بۆنەکەدا پەرلەمانتارێکی نەرویج کە خەڵکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە کە مانی حوسێنیە بەشداربوو".
سەڵاح کشتی ئاماژەی بەوەدا، کە رای گشتیی نەرویج هاوسۆزی دۆزی کوردە و ئەوانیش کار لەسەر ئەو هاوسۆزییە دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی دۆزی نەتەوەکەیان پێبکەن.
کشتی گوتیشی" ئێستا خوێندگەی زمانی کوردییان لە نەرویج هەیە و دەیانەوێ پارێزگاری لە زمان و چاندی کوردی بکەن، بەتایبەتی لەنێو نەوەی نوێی کوردی دیاسپۆرای نەرویجدا.
لە بەریتانیا هەشت کەس بەتۆمەتی کارکردن بۆ ئێران و ئامادەکاری بۆ کردەوەی تیرۆریستی دەستگیرکراون
هەندێک لەو دەستگیرکراوانە کوردن
لە بەریتانیا رووداوێک هەیە کە سەرنجی زۆری لەسەرە. ئەم چەند رۆژە لە دوو ئۆپەراسیۆندا 8 کەس بە تۆمەتی سیخوڕی و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە بەرژەوەندیی ئێران دەستگیرکران.
ئۆپەراسیۆنەکە زۆر گەورە بوو و پۆلیسی گەورە شاری لەندەن و دەزگای دژەسیخوڕی و هێزە تایبەتەکان بەشدارییان تێداکرد. لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا چوار هاووڵاتیی ئێران و یەکێکی دیکە کە ئاشکرا نەکراوە خەڵکی کوێیە دەستگیرکران. ئەو گرووپە بە تۆمەتی ئەوە دەستگیرکراون کە ویستوویانە هێرش بکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل یان سیناگۆگێک (پەرستگای جووەکان) لە لەندەن.
هاوکات لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا 3 کەس لە لەندەن دەستگیرکران کە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێرانیان لەسەرە.
لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەنێو کوردی دیاسپۆرادا وا بڵاوکرایەوە کە هەندێک لە ئەندامانی ئەو گرووپە دەستگیرکراوە کوردن. بەپێی بەدواداچوونی ئێمە هیچ بەڵگە و ئاماژەیەک لەبەردەست نییە کە پیشانی بدات هیچیەک لەوانە کورد بن.
ئەو کەسەی ئێرانی نییە و ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە دانیشتووی شاری مانچێستەرە و پۆلیس بەشێوەیەکی کاتی ئازادی کردووە. مەرجی ئەوەشی بۆ داناوە مانچێستەر بەجێنەهێڵێ.
بەریتانیا.. وەرگرتنی ڤیزا بۆ ئەو کەسانەی هاووڵاتیی وڵاتێکن کە زۆر پەنابەر لێیەوە روو لە بەریتانیا دەکەن قورستر دەکرێ
لە بەریتانیا دوو هەواڵ هەن کە بۆ کوردی دانیشتووی ئەوێ و بۆ ئەوانەش کە لە کوردستانەوە دەیانەوێ بچنە بەریتانیا گرنگن. یەکەمیان ئەوەیە کە حکومەتی بەریتانیا پلانی داناوە لەمەودوا پرۆسەی پێدانی ڤیزا بۆ ئەوانە قورس بکات کە لە وڵاتەکەیانەوە زۆر کەس لە بەریتانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە.
هەفتەی داهاتوو حکومەتی بەریتانیا پلانێکی نوێی بۆ کۆچبەری ئاشکرا دەکات کە بە ئینگلیز پێیدەڵێن (ئیمیگرەیشن وایت پەیپە) و تێیدا روونیدەکاتەوە چۆن دەیەوێ وابکات کەمتر کۆچبەر بێنە بەریتانیا. ئەمە دوای ئەوە هات کە حکومەتی ئێستای بەریتانیادا کە بەدەست پارتی کرێکارانەوەیە، بەهۆی بەرز مانەوەی رێژەی هاتنی کۆچبەران لەژێر گوشاری گەورەی شەقام و دەنگدەراندایە.
داتاکانی حکومەتی بەریتانیا پیشانیدەدەن کە لەنێو 108 هەزار داواکاریی پەنابەریدا کە پار (واتە 2024) پێشکەشکراون، 16 هەزار کەسیان بە ڤیزای خوێندن هاتوونەتە بەریتانیا و دواتر داوای مافی پەنابەرییان کردووە.
حکومەت دەیەوێ وابکات کە لەمەودوا بۆنموونە ئەگەر لە عێراقەوە داواکاریی پەنابەری زۆربن، چیدیکە بەئاسانی ڤیزا نەدرێتە ئەوانەی لە عێراق و باشووری کوردستانەوە دەیانەوێ بە ڤیزا بێنە ئەو وڵاتە.
مەرد میکائیل هەرکی بە ئاڵای کوردستانەوە دەچێتە سەر سەکۆی یاریی کیکبۆکسین و لە رکابەرەکانی دەباتەوە
مەرد هەرکی لە هۆڵەندا لەدایکبووە، حەزی لە کیکبۆکسینە و تێشیدا زۆر سەرکەوتووە. ئەمڕۆژانە مەرد بە ئاڵای کوردستانەوە چووە سەر سەکۆ بۆئەوەی رکابەری بکات بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتیی کیکبۆکسین لە هۆڵەندا بۆ تەمەنی خۆی. کاتێک نازناوەکەی بەدەستهێنا، ئاڵای کوردستانی بەرزکردەوە. ئینجا رکابەرە بەزیوەکەی لەباوەش کرد.
مەرد میکائیل- یارییزانی کیکبۆکسین:
ناوم مەرد میکائیلە و تەمەنم 12 ساڵە و لە هۆڵەندا لەدایکبوومە و باوکم منی بردە یاریی کیکبۆکسین و لەو کاتەوە تا ئێستا لە یارییکردن و راهێنان بەردەوامم، خەونم ئەوەیە ببمە پاڵەوان لەسەر ئاستی جیهان و ئاڵای کوردستان بەرزبکەمەوە.
سەڵاح هەرکی- باپیری مەرد
من سەڵاح هەرکیم، باپیری مەردم، هاتوومەتە ئێرە بۆ هاندانی مەرد، ئەو یاریی کیکبۆکسین دەکات و ئێستا تەمەنی 12 ساڵە و لێرە لە هۆڵەندا لەدایکبووەو کاتێک باوکی ئەوم هێنایە ئێرە تەمەنی تەنیا چوار ساڵ بوو، هەستێکی کوردایەتیم لەنێو خێزانەکەمدا دروست کردووە، بۆیە تەنانەت مەردیش بەو منداڵییەوە کە یاریی کیکبۆکسین دەکات دەیەوێ ئاڵای کوردستان بەرزبکاتەوە.
چیا میکائیل هەرکی- باوکی مەرد
من چیا میکائیل هەرکیم باوکی مەردم لەو بۆنە و پاڵەوانەتییە ئامادەین بۆ پشتیوانیکردنی مەردۆ بۆ ئەوەی یەکەم بێت و ئاڵای کوردستان بەرزبکاتەوەو سەری کورد بەزر بکاتەوە و هیوادارم سەرکەوتوو بێت.
راهێنەری مەرد میکائیل:
من راهێنەری مەرد میکائیلم، بەهرەیەکی کوردییە، ئەمڕۆ یاریی کرد بۆ بەدەستهێنانی پاڵەوانێتی. توانی هەر سێ قۆناخەکە بە سەرکەوتوویی ببڕێ و ببێتە پاڵەوانی هۆڵەندا. بژی کوردستان.
رێبەر مارف- هاندەری مەرد
من رێبەر مارفم، ئەمڕۆ هاتم لەگەڵ مەردۆ بم، بەهرەمەندەکەمان کە لە شاری ئارنهێمەوە هاتووە، ئەو ئاڵای کوردستان بەرز رادەگرێ، زۆر شانازیی پێوە دەکەین، ئەمڕۆ پیشانیدا کە چەند کەسێکی بەنرخە، هەروەها لەسەر سەکۆ پیشانیدا مەشقەکانی باش کردووە، دەبێ زۆر سوپاسی رووداویش بکەین کە ئەمڕۆ لەگەڵمان بوو. بەهیوای دیدار.
مەرد لەگەڵ چیای باوکی لە ستۆدیۆی رووداو لە ئەڵمانیا میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوون و چیای باوکی تیشكی خستە سەر ئەو دەستكەوتە گرنگەی کوڕە وەرزشكارە بچووكەی كە لەو تەمەنە كەمەدا پلەی یەكەمی پێشبڕكێكانی هۆڵەندا بەدەستیهێناوە، هەروەها لەگەڵ بەدەستهێنانی پشتێنی پاڵەوان ئاڵای كوردستان بەرزبکاتەوە.
چیای باوكی مەردۆ پشتێنی پاڵەوانیی کورەکەی هێنابووە ستۆدیۆ و لەسەر مێزی دیاسپۆرا داینابوو، بە شانازییەوە گوتی"ئەوە پشتێنی پاڵەوانیەتییە بۆ یەكەمجار لە ژیانی مەردۆی 12 ساڵاندا، كە توانیویەتی لە هۆڵەندا لە یاریی كیكبۆكسیندا بەدەستی بهێنێت و ببێتە پاڵەوان".
مەرد ئەو منداڵە كوردەی كە سەرەتا لە یاریی تۆپی پێدا دەستی بە وەرزش كردووە، دواتر لە كاتی سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا، رووی لە كیكبۆكسین كردووە و لەم بوارەدا پێشكەوتنی بەرچاوی تۆماركردووە، باوكی ئەم پاڵەوانە بچووكە ئاماژەی بەوە كرد سەرقاڵبوون بە وەرزشەوە هیچ كاریگەرییەكی خراپی لەسەر خوێندنی كوڕەكەی دروست نەكردووە.
بە پێی قسەكانی باوكی مەردۆ "ئێستا لە هۆڵەندا لە ئاستێكی زانستی بەرزدایە، بەردەوامە لە خوێندن و هاوكات وەرزشیش دەكات، كە ئەمەش ئاستێكی نموونەییە لەو وڵاتەدا".
پلانی داهاتووی مەردی منداڵ بریتییە لە بەردەوامبوون لەسەر یاریی كیكبۆكسین و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانیەتی ئەورووپا، کەلە مانگی داهاتوو پێنج یاری ئەنجام دەدات و مانگی شەشیش كێبڕكێیەكی دیكەی لە بەردەمدایە.
مەردۆ بە هەستێكی نیشتمانپەروەرانەوە رایگەیاند "دەمەوێت ئەم پشتێنە بە دیاری بدەمە سەرۆك مەسعود بارزانی، لەبەر ئەوەی ئەو كەسەیە كە ئاڵای كوردستانی بەرزكردووەتەوە و وەك هەموو كوردێك شانازی بە بوونمەوە دەكەم".
ئەمستەردام.. فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بەڕێوەدەچێت
لە ئەمستەردام فێستیڤاڵی فیلمی کوردی دەستیپێکردووە. ئەمساڵ زۆرتر لە 30 بەرهەم لە فێستیڤاڵەکەدا نمایشدەکرێن.
مەیل سیان یەکێکە لە بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە و میوانی دیاسپۆرا بوو لەبارەی فێستیڤاڵەکەوە رایگەیاند، دەستخۆشی ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو و بەرنامەی دیاسپۆرا دەکەین کە هەموو ساڵێک گرنگییەکی تایبەت بە فێستیڤاڵەکەمان دەدات، ئەمەش بۆ ئێمە بەهای زۆری هەیە، گوتی "ئەمساڵ تێمای سەرەکیمان بریتییە لە باشووری کوردستان و چەمکی ئازادی، ئەو ئازادییەی کە دەبێتە هەوێنی ژیانی کورد، لە باشووری کوردستان ئێمە بەشێک لەو ئازادییەمان دەستەبەر کردووە، بەڵام لە پارچەکانی دیکەی کوردستان هێشتا ئەو ئازادییە نەهاتووەتە دی".
فێستیڤاڵەکە بە شێوازێکی فۆلکلۆری کوردی و لەگەڵ لێدانی دەهۆڵ و زوڕنا و چەند خولەکێک هەڵپەڕکێ دەستیپێکرد، لە هەوڵێکدا بۆ پیشاندانی رەسەنایەتی کولتووری کوردی بە میوانان و بەشداربووان، یەکەم بەرهەمی سینەمایی کە لە فێستیڤاڵەکەدا پێشکەش کرا، فیلمی "1988" بوو کە باس لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات، بە بەشداری هونەرمەندی ناودار شەماڵ عەبدولڕەحمان (عەبەڕەش).
سیان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی دا کە چالاکییەکانی فێستیڤاڵ بەردەوام دەبن بۆ رۆژانی هەینی و یەکشەممە لە هۆڵی "کەیتڵ هاوس" لە ناوەندی شاری ئەمستەردام، دەشڵێت"ئەمساڵ فێستیڤاڵەکەمان فراوانتر کراوە، بێجگە لە هۆڵی سەرەکی، شوێنێکی دیکەشمان لە بەرامبەر کەیتڵ هاوس لە ناوچەی جیندریا کردووەتەوە کە تێیدا نەک تەنیا بەرهەمی سینەمایی، بەڵکو هەموو رەهەندەکانی کولتووری کوردی بە جۆرێکی فرەچەشن پێشکەش دەکەین؛ لە خواردەمەنی کوردی و جلوبەرگی نەتەوەیی، تاوەکو دەگاتە بەرهەمە کوردییەکان وەک زەیتی زەیتوون و هونەری تاتۆ بە دیزاینی کوردی".
لە چوارچێوەی بەرنامەکانی فێستیڤاڵدا، گۆرانیبێژانی ناسراوی دیاسپۆرای کوردی "شەیدا" و "چامۆس" چەندین بەرهەمی هونەری پێشکەش دەکەن، هەروەها فیلمەکانی فێستیڤاڵ لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە نمایش دەکرێن، لەوانە بەرهەمە کلاسیکییەکەی دەرهێنەر شەوکەت ئەمین کۆکی بە ناوی "پاشای کەرکووک"، کە ئەمساڵ بە میوانداری خودی دەرهێنەر نمایش دەکرێت.
سیان بانگەوازی ئاراستەی دیاسپۆرای کوردی هۆڵەندا و وڵاتانی دراوسێ کرد تاوەکو بەشداریی لە فێستیڤاڵەکە بکەن و گوتی "پڕۆگرامێکی دەوڵەمەند و پڕ لە سورپرایزمان بۆ میوانان ئامادە کردووە و ئارەزوو دەکەین هەمووتان بەشداربن".
بهشی بكه لە