چەندین باخچەی ساوایانی کوردی-ئەڵمانی لە بەرلین هەن

19 December 2025
چەندین باخچەی ساوایانی کوردی-ئەڵمانی لە بەرلین هەن
لە یەکێک لەو زارۆخانانەی دامەزراوەی یەکمال لە شاری بەرلین، خەمسێ بایرام بە کوردییەکی شیرین بەخێرهاتنی ستافی بەرنامەی دیاسپۆرا دەکات. ئەو خانمێکی دیاسپۆرانشینی گەنجە و بەڕێوەبەری ئەو زارۆخانەیەیە کە لە تابلۆی سەر دەرگای دەرەوەیەوە بگرە تا دەگاتە ژووری فێربوون و یاریکردن و چێشتخانەکەشی هەموو شتێك هەم بە کوردی و هەم بە ئەڵمانی نووسراون. وەک خەمسێ باسیدەکات ئەو جۆرە زارۆخانە کوردی و ئەڵمانییانە لەسەر بنەمایەکی پەروەردەیی زانستی دامەزراون و پشتیوانی لە جووت زمانی لە فێركردنی منداڵاندا دەکەن. (بەپێی یاساکانی پاراستنی تایبەتمەندیی کەسێتی لە ئەڵمانیا، نابێت منداڵان بەبێ مۆڵەتی دایکوباوکیان بۆ تەلەڤیزیۆن وێنەیان بگیرێت، بۆیە هیچ یەکێک لە منداڵەکان لە دیاسپۆرا پیشان نادرێن). بەڕێوەبەری زارۆخانەکە دەڵێت ئەوانەی منداڵەکانیان دەنێرنە لای ئەوان هەموویان کورد نین: "جگە لەو منداڵانەی دایک و باوکیان کوردن، منداڵمان هەن کە دایکیان یان باوکیان ئەڵمانن، هەندێکیشیان هەم دایکیان و هەم باوکیان ئەڵمانن". سەبارەت بەوەی کە بۆچی ئەڵمانێک لە بەرلینی پایتەختی کۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیا زارۆکەکەی دەنێرێتە زارۆخانەیەکی کوردی، خەمسە بزەیەک دەکات و دەڵێت: "دەزانن لێرە ئەڵمانییەکی باش فێردەبن و لەتەنیشت ئەوە زمانێکی دیکەش فێردەبن. ئەمە دەوڵەمەندیی ژیرییە بۆ منداڵەکەیان و حەزدەکەن بیکەن".


لە بەرلین، یەکمال وەک ڕێکخراوێکی کوردی بایەخ بە زمان و کولتووری کوردی دەدات

یەکێتییەک بۆ خێزانە کوردستانییەکان، دامەزراوەی یەکمال هەر زارۆخانەی کوردی و ئەڵمانی نین. لە سەرتاسەری ئەڵمانیا ژمارەیەکی زۆر بنکەی راوێژکاریی یاسایی و کولتووری و فێرکردنیان بە زمانی کوردی و 29 زمانی دیکە هەن. جگە لەوەش ئەکادێمیایەکیشیان هەیە. لە بارەگای سەرەکیی یەکمال لە بەرلین بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەکە دەبینین. گیونای داریجی بۆخۆیشی بە کوردییەکی خاوێن و شیرین چیرۆکی یەکمالمان بۆ دەگێڕێتەوە. باسی ئەوە دەکات کە چۆن لە ساڵی 1993 یەکمال دامەزراوە و ناوەکەی کورتکراوەی (یەکێتیی ماڵباتە کوردستانییەکان)ە. سەرەتای بیرۆکەکە بۆ هەرێمی بەرلین بووە، بەڵام ساڵی 2000 پرۆژەکە گەورەتر دەکرێ و یەکمال لە هەرێمەکانی دیکەی ئەڵمانیاش لق و بنکەی نوێ دەکاتەوە. جگە لە ژمارەیەکی زۆر دامەزراوەی پەروەردەیی و کولتووریی گەورە لە ئەڵمانیا، حکومەتی ئەڵمانیاش گەورەترین پشتیوانی پرۆژەی یەکمالە.

لە ترسی تورکیا منداڵەکانیان فێری کوردی ناکەن

گیونەی یاریجی باسی ئەوە دەکات کە سەرەڕای ئەو پشتیوانییەش کە حکومەتی ئەڵمانیا لە پرۆژەکەی دەکات و ئەو دەرفەتەی بۆ ماڵباتە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا هەیە بۆ وەرگرتنی یارمەتی بە زمانی کوردی و ناردنی منداڵەکانیان بۆ زارۆخانەکانی یەکمال بۆ فێربوونی زمانی کوردی و ئەڵمانی، کەچی زۆر ماڵبات نەوێراون منداڵەکانیان بنێرنە ئەو زارۆخانانە. چونکە وەک بەڕێوەبەری گشتیی یەکمال باسیدەکات: "دەترسان لە تورکیا شکاتیان لێبکرێ و تووشی کێشە ببن". ئەو ئومێدەوارە ئەو "ئاشتی"یەی ئێستا لە باکووری کوردستان و تورکیا کاری لەسەر دەکرێ سەربگرێ و ئەو ترسەش نەمێنێ. دەشڵێ هاتنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بۆ ئەڵمانیا وایکردووە بایەخی زۆرتر بە زمانی کوردی بدرێ، "چونکە ئەوان کە دەچنە فەرمانگەکان دەڵێن کوردین و دەمانەوێ وەرگێڕی کوردمان بۆ بهێنن".

کتێبەکانیان بە کورمانجی و سۆرانی و زازاکی بڵاودەکەنەوە

هەرچەندە وا دەردەکەوێ کە یەکمال زۆرتر کار بۆ دیاسپۆرانشینانی خەڵکی باکووری کوردستان بکات، بەڵام وەک شاسوار مامە، بەڕێوەبەری میدیا و پەیوەندییە گشتییەکانی یەکمال بۆی باسکردین: "جگە لە کورمانجی بە سۆرانی و زازاکیش کتێبی فێرکردنی زمانی کوردی و پرۆگرامەکانی خوێندن ئامادە دەکرێن". ئەو چەند نموونەیەکی کتێب و بەرهەمە چاپکراوەکانی دیکەیانمان پیشاندەدات. کوالێتی کاخەز و چاپی ئەو بەرهەمانە هاوشێوەی ئەوانەیە کە لە ئەڵمانیا دەکرێن و ئاستیان بەرزە. نێوەڕۆکەکانیان بە وێنە و دەقی کوردی بە هەرسێ زاراوەکە رازێندراونەتەوە". 
شاسوار بۆخۆی خەڵکی رانیەی باشووری کوردستانە و دە ساڵە چووەتە ئەڵمانیا. ئەو دەڵێت دیاسپۆرای کوردی لە بەرلین لەچاو دە ساڵ پێش ئێستا كاریگەرتر و دەرفەتدارترە.

پلانی کردنەوەی قوتابخانەی بنەڕەتی بە زمانی کوردی

گیونەی یاریجی ئەوە بۆ دیاسپۆرا ئاشکرا دەکات کە پلانی داهاتوویان ئەوەیە کە تەنیا زارۆخانە نا، بەڵکو قوتابخانەی بنەڕەتیش بکەنەوە کە بە کوردی و ئەڵمانی تێیدا بخوێندرێ. بەپێی یاساکانی ئەڵمانیا ئەمە رێگەی پێدراوە و ئەو دەڵێت کارەکانی خەریکە تەواو دەبن و ساڵی 2027 بۆ یەکەمجار لە مێژوودا قوتابخانەیەکی بنەڕەتی لە ئەڵمانیا دەکرێتەوە کە بە کوردی و ئەڵمانی تێیدا دەخوێندرێ. دەشیانەوێ ناوی لێبنێن قوتابخانەی (رەزا باران): "بەڕێز ڕەزا ساڵانی دوور و درێژ ژیانی خۆی بۆ خزمەتی دیاسپۆرای کوردی تەرخانکرد و ئێستا لە ژیاندا نەماوە: "دەمانەوێ یادی ئەو و کارەکانی بۆ دیاسپۆرای کوردی بۆ هەمیشە لەیاد نەکرێن". 

جەنگیز یازگی ئەلبوومێکی 12 تراكی بڵاودەکاتەوە

هونەرمەند جەنگیز یازگی بەمزووانە ئەلبوومێکی 12تراکی بڵاودەکاتەوە. ئەو کە خەڵکی شاری سێرتی باکووری کوردستانە، زۆرتر لە بەرنامەی کورد ئایدل ناسرا. ئێستاش لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەواداری زۆری هەیە. ئەم هەفتەیە جەنگیز میوانی بەرنامەی دیاسپۆرای تۆڕی میدیایی رووداو بوو. ئەو دوو ساڵ و نیوە لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا دەژیت و لە دیاسپۆرا باسی سەختییەکانی ژیانی خۆی لە دەرەوە کرد. هەروەها ژمارەیەک گۆرانیی پێشكەشکرد کە یەکێکیان گۆرانییەکی نێو ئەلبوومە نوێکەی بوو.
جەنگیز دەربارەی ئەلبوومە نوێکەی دەڵێ هەموو تراکەکانی دوای هاتنی بۆ بەرلین بەرهەمهێنراون و بەرهەمی دیاسپۆران.

یوسف لەبەر تالاسیمیا هەولێری بەجێهێشت و ئێستا لە بەرلین فەرمانبەرێکی گرنگە

کاتێک لە بەرلین بیت و برسیت بێ، گووگڵ لەسەر بنەمای ئەو گەڕانانەی پێشتر کردووتە پێشنیازی چوونە ئەو خواردنگەیانەت بۆ دەکات کە خواردنی عەرەبی یان تورکی یان ئێرانییان هەن. بەڵام کەمێکی دیکەی لێ بپرسیت پێشنیازی خواردنگەیەکی کوردیت بۆ دەکات بەناوی (ئەربیل). لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دیاسپۆرای رووداودا ئەو ماڵباتە هەولێرییەی خاوەنی چێشتخانەکە و زۆر بزنسی دیکەن لە بەرلین چیرۆکی باڵکێشی خۆیان گێڕایەوە. یەکێک لە بووکە ئۆزبەکستانییەکانیشیان بە کوردی قسەیکرد و گلەییەکی لە کورد هەبوو. هەروەها ئەو برایەیان کە لە هەولێرەوە لەبەر نەخۆشیی تالاسیمیا هاتووەتە ئەڵمانیا ئەوەی گێڕایەوە کە چۆن لە ئەڵمانیا خوێندوویەتی و ئێستا فەرمانبەری دامەزراوەیەکی هەستیاری ئەڵمانییە لە بەرلین.

چیرۆکی کراسە چڵکنەکە

هێمن کانەبی، 25 ساڵ، پێش ئێستا دەگاتە ئەڵمانیا. ئەو لە گەڕەکی زانیاریی هەولێر لەدایکبووە. وەک خۆی باسیدەکات کاتێک گەیشتووەتە ئەڵمانیا و چووەتە ماڵی خزمێکی براژنەکەی، جلەکانی هێندە چڵکن بوون کە خاوەنماڵ داوایکردووە جلەکانی بگۆڕێ: "کە هاتم هەموو سەروەتەکەم ئەو جلە چڵکنانە بوو، بەڵام 25 ساڵ دواتر هێمن کانەبی بووەتە کارسازێکی سەرکەوتوو و ناسراوی بەرلین و ژمارەیەک سەرتاشخانە و خواردنگەی هەن. ئەو دەڵێ شەکەتیی زۆری کێشاوە و 8 ساڵیش چاوەڕوانی وەرگرتنی مافی مانەوە بووە، بۆیە دواکەوتووە لەوەی خەونی پێوە دەبینی لە ئەڵمانیا بیکات.

زاوای ئۆزبەکییەکان

هێمن زاوای ئۆزبەکییەکانە و هاوژینەکەی لە بەرلین ناسیوە. برایەکی دیکەشی زاوای ئۆزبەکییەکانە و چیرۆکێکی باڵکێشی هەیە. یوسف کانەبی بە پشتیوانیی هێمنی برای و بۆ وەرگرتنی چارەسەری دێتە ئەڵمانیا. نەخۆشیی تالاسیمیای هەیە و هەر چەند هەفتە جارێک پێویستی بە خوێنە. ئەمە واناکات یوسف نائومێد بێ و دەست لەسەر دەست دانێت. بەپێچەوانەوە لە ئەڵمانیا دەخوێنێ و ئێستا لە فەرمانگەی هاووڵاتییانی بەرلین فەرمانبەرە، کە بەپێی سیستمی ئەڵمانیا فەرمانبەرێکی گرنگە. ئەوگلەیی دەکات کە کوردی دیاسپۆرا بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە هەوڵدەدەن، بەڵام دوای ئەوە کەمتر هەوڵی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرز و خۆپێشخستن لەو کۆمەڵگە نوێیەدا دەدەن کە تێیدا دەژین.

چونکە لە خەسووی فێری کوردی بووە تەنها لە هەولێرییەکان تێدەگات

بووکی کوردان گلەیی هەیە هاوژینی یوسف ناوی (سەداقەت)ە. ئەو هەرچەندە ئۆزبەکییە بەڵام فێری کوردی بووە. کوردییەکەشی بە شێوە گۆتنی هەولێرییە و دەڵێ زۆر لە شێوە گۆتنەکانی دیکە تێناگات و چونکە کوردیەکەی لە خەسوی فێربووە. سەبارەت بە هاوژینەکەی دەڵێت زۆر بەڕێزە و زوو تووڕە نابێ. سەبارەت بە میوانە کوردەکانی چێشتخانەکەشیان لە بەرلین گلەییەکی هەیە و دەڵێت: "زۆریان داوای خواردنی زۆر  دەکەن و دوایی نایخۆن".


لە دیاسپۆردا بایەخ بە مژارە ئەوروپییەکان کە کاریگەرییان لەسەر کوردستان و رۆژھەڵاتی نێوەڕاست ھەبێ و ئەو مژارانەی جێگەی بایەخی رەوەندی کوردن دەدرێت. شۆیەکە لە کۆمەڵێک دۆسێ پێکدێت کە جگە لەوەی پاکێجی بۆ ئامادەدەکرێت، میوانیشی بۆ دەھێندرێت. بایەخی تایبەتیش بە توانا مرۆییەکانی رەوەندی کوردی لە ئەوروپا دەدات.
 
پێشکەشکار: هێمن عەبدوڵڵا
 
پرۆدیوسەر: سابیر یاسین و سەنگەر ستار