یەکێتیی ئەوروپا رێنمایی نوێی بۆ پەناخوازانی رۆژئاوای کوردستان دەرکرد

05 December 2025
یەکێتیی ئەوروپا رێنمایی نوێی بۆ پەناخوازانی رۆژئاوای کوردستان دەرکرد
ئاژانسی پەنابەریی یەکێتیی ئەوروپا، ئەم هەفتەیە رێنمایی نوێی سەبارەت بە دۆسیەی پەنابەریی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بۆ وڵاتانی ئەندام ئاشکرا کرد، کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر چارەنووسی هەزاران پەناخواز دەبێت. بەپێی رێنماییە نوێیەکان، کەسێک چیتر تەنیا بەهۆی هەڵاتنی لە خزمەتی سەربازیی رژێمی ئەسەد مافی پەنابەری وەرناگرێت. هەروەها، عەرەبی سووننە تەنیا لەبەرئەوەی ناسنامەیان عەرەبی سووننەیە مافی پەنابەرییان پێنادرێت و داواکارییەکانیان رەتدەکرێتەوە.

لە بەرامبەردا، داواکاریی پەنابەریی پێکهاتەکانی دیکە وەک کورد، عەلەوی، درووز و کریستیانەکان پێویستە بە وردی و بەپێی کەیسەکانیان لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و بڕیاریان لەسەر بدرێت، نەک بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی رەتبکرێنەوە. یەکێک لە خاڵە جێی سەرنجەکانی نێو رێنماییەکان ئەوەیە کە ئەو کەسانەی (وەک یەکێتییەکە دەڵێت) لەدەست "هێزە کوردییەکان" هەڵاتوون، یان دەتوانن بیسەلمێنن کە بەرهەڵەستکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات یان یەپەگە بوون و هەڕەشەیان لەسەرە، دەتوانن مافی پەنابەری وەربگرن. هەروەها، ئەگەر کەسێک مەترسیی ئەوەی لەسەر بێت کە لەلایەن ئەو هێزانەوە منداڵەکەی بە زۆر چەکدار بکرێت، دەکرێت مافی مانەوەی پێبدرێت. رێنماییەکان جەخت لەوەش دەکەنەوە کە پێویستە هەڵسەنگاندنی تایبەت بۆ کەیسی رۆژنامەڤانان، ژنان و منداڵان بکرێت و داواکارییەکانیان بە شێوەی ئۆتۆماتیکی رەتنەکرێنەوە.



ئەڵمانیا سزا لەسەر ساختەکردنی بڕوانامەی زمان تووندتر دەکات

هەردوو فراکسیۆنی پارتی کریستیان دێموکرات (CDU) و سۆسیال دێموکراتەکان (SPD) لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا، لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا پڕۆژەیاسایەکیان بۆ تووندترکردنی رێوشوێنەکانی پێدانی رەگەزنامەی ئەڵمانی بردووەتە پەرلەمان. بەپێی پڕۆژەیاساکە، ئەو بیانیانەی لە کاتی داواکردنی پاسپۆرتی ئەڵمانی، بەڵگەنامە و بڕوانامەی ساختەی فێربوونی زمانی ئەڵمانی پێشکەش دەکەن، رووبەڕووی سزای تووند دەبنەوە و بۆ ماوەی 10 ساڵ لە مافی داواکردنی وەڵاتینامە بێبەش دەکرێن. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بەدەستهێنانی بڕوانامەی زمانی ئەڵمانی تا ئاستی B1، کە قۆناخی سێیەمی فێربوونی زمانەکەیە (دوای A1 و A2)، یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکان بۆ وەرگرتنی پاسپۆرت. ئەم ئاستە بۆ بەشێک لە بیانییەکان قورسە و ناتوانن بە ئاسانی بەدەستی بهێنن، بۆیە هەندێکیان پەنا بۆ ساختەکاری دەبەن. لەم چوارچێوەیەدا، پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا رایگەیاندووە کە لە کۆتایی مانگی 11ی ئەمساڵ، لە هەڵمەتێکدا لە شارەکانی فرانکفۆرت و شتوتگارت، 15 کەسیان بە تۆمەتی ساختەکردنی بڕوانامەی زمان دەستگیرکردووە.

پرۆفیسۆرێکی کورد بەرهەمی 25 ساڵ توێژینەوەی خۆی پێشکەشی زانکۆی سلێمانی کرد

پرۆفیسۆر بەرهەم شەوکەت، مامۆستای کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی کوێلنی ئەڵمانیا، بەرهەمی 25 ساڵ توێژینەوەی زانستیی خۆی، کە لە هەزاران سلایدی پزیشکیی دەگمەن پێکدێت، بە دیاری بەخشییە زانکۆی سلێمانی. د. بەرهەم شەوکەت لە لێدوانێکدا بۆ بەرنامەی دیاسپۆرا رایگەیاند، "ئەم سلایدانە بەرهەمی 25 ساڵ کارکردنی خۆم و هاوڕێکانمە لەسەر ئەو لاشانەی کە دوای مردنیان پێشکەشی زانکۆی کوێلن کراون. بەهۆی زۆریی ژمارەیانەوە کە زیاتر لە 4 هەزار سلایدە و نرخەکەیان زۆر گرانە، بۆ نموونە سێ چوار ساڵ لەمەوبەر داوای 43 هەزار یۆرۆیان کرد بۆ 300 سلاید، بڕیارمدا بیاننێرمەوە بۆ کوردستان تاوەکو خوێندکارانی پزیشکی، پزیشکیی ددان و ڤێتێرنەری لە هەموو زانکۆکانی کوردستان سوودی لێ ببینن و هیوادارم بە یەکسانی دابەش بکرێت." لەلایەن خۆیەوە، د. فەرەیدون عەبدولسەتار، مامۆستای کۆلێژی ڤێتێرنەری لە زانکۆی سلێمانی، پشتڕاستیکردەوە کە سلایدەکانیان بەدەست گەیشتوون کە کێشیان 40 کیلۆیە و گوتی، "سلایدەکان لە رووی کوالێتییەوە زۆر بەرزن، پاک و سافن و سوودێکی زۆریان بۆ خوێندکارانی قۆناخی دووەمی کۆلێژە پزیشکییەکان دەبێت."



نڤار شێخانی؛ گەنجێکی کورد لە بواری ژیریی دەستکرددا جیهان سەرسام دەکات

نڤار هەنگاو ئەنوەر شێخانی، گەنجێکی 21 ساڵی خەڵکی هەولێر و نەوەی هونەرمەندی کۆچکردوو ئەنوەر شێخانییە، لە ماوەیەکی کەمدا بووەتە یەکێک لە ناوە دیارەکانی بواری ژیریی دەستکرد (AI) لە بەریتانیا. ئەو کە بە گوتەی خۆی رۆژانە 15 کاژێر دەیخوێند، لە ماوەی سێ ساڵدا خوێندنی زانکۆی تەواو کردووە. یەکێک لە کارە هەرە دیارەکانی نڤار لە کاتی خوێندندا بوو، کاتێک بە خۆبەخشی ئەلگۆریتمێکی بۆ کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی مۆز لە کۆستاریکا دروستکرد. کێشەکە ئەوە بوو کە کرێکارەکان نەیاندەتوانی بە وردی قەوسی مۆزەکان بپێون بۆ ئەوەی لەگەڵ داواکاریی سوپەرمارکێتەکانی بەریتانی بگونجێت، ئەمەش دەبووە هۆی بەفیڕۆدانی رێژەیەکی زۆری بەرهەم. ئەلگۆریتمەکەی نڤار توانیی بە وردیی 99.9% و بە هەڵەی تەنیا 0.1 ملیمەتر قەوسی مۆزەکان بپێوێت، کە بووە هۆی گەڕاندنەوەی نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار ساڵانە. دواتر، لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیدا کە 45 وڵات و 100 زانکۆی بەناوبانگی جیهان (وەک MIT و ستانفۆرد) بەشدارییان تێدا کردبوو، پلەی دووەمی بەدەستهێنا. ئەم سەرکەوتنە سەرنجی گەورە وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکانی وەک گووگڵ و Hugging Faceی بۆ لای خۆی راکێشا و ئێستا لە کۆمپانیای Hugging Face کاردەکات.

دڵشاد نوعمان، رۆڵەی ئەنفال، خەڵاتی ئەدەبیی ویلایەتی بایرنی بەدەستهێنا

دڵشاد نوعمان، هونەرمەند و نووسەری گەرمیانیی نیشتەجێی ئەڵمانیا و رزگاربووی ئەنفال، خەڵاتی هونەر و ئەدەبی ساڵی 2025ی ویلایەتی بایرنی پێ بەخشرا. ئەم خەڵاتە رێزلێنانە لە کارە ئەدەبییەکانی، بەتایبەتی کتێبەکەی بە زمانی ئەڵمانی بە ناوی (هیچ شوێنێک ماڵی من نییە). دڵشاد نوعمان لە لێدوانێکدا بۆ بەرنامەی دیاسپۆرا رایگەیاند، "ئەم خەڵاتە بۆ من زۆر گەورەیە و ناتوانم وەسفی بکەم. من کە رۆژێکیش نەچوومەتە بەر خوێندنی رەسمی و بەهۆی ئەنفال و زوڵمی رژێمی بەعسەوە دواڕۆژمان رەش بوو، خۆم فێری خوێندن و نووسین کردووە. گەیشتنم بەم ئاستە بۆ من وەک ئۆسکارێک وایە." سەبارەت بە کتێبەکەی، گوتی، "دەمەوێت لە رێگەی ئەدەبەوە نەهامەتی و چیرۆکی راستی میللەتی کورد و ئەنفال بۆ ئەڵمانەکان بگێڕمەوە، نەک تەنیا لە رێگەی هەواڵەکانەوە. دەمەوێت بچمە نێو قوڵایی ئەدەب و پێیان بڵێم ئێمە کێین و چ توانایەکمان هەیە. باوەڕم وایە وشەی راست لە تفەنگ بەهێزترە." ئەو پێیوایە ئەم خەڵاتە دەیسەلمێنێت کە تاکی کورد لە هەر کوێیەک بێت، توانای خەباتی هەیە و دەتوانێت سەرکەوتوو بێت.


مەزن بەرهەم عەلی؛ گەنجێکی 19 ساڵ دەنگی کوردستان بە هۆڵەندا و جیهان دەگەیەنێت

مەزن بەرهەم عەلی، گەنجێکی 19 ساڵی کوردە و لە تەمەنی دوو ساڵییەوە لە هۆڵەندا دەژی، بووەتە دەنگێکی دیار بۆ ناساندنی دۆزی کورد. ئەو کە خوێندکاری زانستە سیاسییەکانە لە زانکۆی ئەمستردام، لە تەمەنی 15 ساڵییەوە هەستی بەوە کردووە کە پێویستە کار بۆ ناساندنی کوردستان بکات، چونکە کاتێک لە زانکۆ باسی ئەوەی دەکرد خەڵکی کوردستانە، کەس نەیدەزانی کوردستان لە کوێیە. وەک بەشێک لە رێکخراوی "یەکبوون" کە لە 17 گەنجی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە سەرتاسەری جیهان پێکهاتووە، لە کۆبوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێکی کاریگەری لەسەر بارودۆخی گەلی کورد پێشکێش کرد. ئەم چالاکییە دەنگدانەوەی بەرفراوانی لە میدیاکانی هۆڵەندا هەبوو و وایکرد جارێکی دیکە باس لە مێژووی کوردستان بکرێت. مەزن ئاماژەی بەوە کرد کە زانیاری لەسەر کورد و کوردستان بە زمانی هۆڵەندی زۆر کەمە، بۆیە چالاکییەکانی ئەو بووەتە هۆی ئەوەی هاوپۆل و هاوڕێ هۆڵەندییەکانی زیاتر ئاشنای دۆزی کورد بن. مەزن، کە بە پشتیوانیی بەردەوامی دایک و باوکی توانیویەتی لەم بوارەدا کار بکات، داوا لە دایک و باوکانی دیکەی کورد دەکات کە پشتگیریی منداڵەکانیان بکەن بۆ ئەوەی کار بۆ خاک و وڵاتی خۆیان بکەن و ناسنامەی خۆیان لەبیر نەک
 
 
 
 
لە دیاسپۆردا بایەخ بە مژارە ئەوروپییەکان کە کاریگەرییان لەسەر کوردستان و رۆژھەڵاتی نێوەڕاست ھەبێ و ئەو مژارانەی جێگەی بایەخی رەوەندی کوردن دەدرێت. شۆیەکە لە کۆمەڵێک دۆسێ پێکدێت کە جگە لەوەی پاکێجی بۆ ئامادەدەکرێت، میوانیشی بۆ دەھێندرێت. بایەخی تایبەتیش بە توانا مرۆییەکانی رەوەندی کوردی لە ئەوروپا دەدات.
 
پێشکەشکار: هێمن عەبدوڵڵا
 
پرۆدیوسەر: سابیر یاسین و سەنگەر ستار