سووری و ئەفغانییەکانی ئەڵمانیا دە ئەوەندەی ئەڵمانەکان تاوان ئەنجامدەدەن

12 December 2025
سووری و ئەفغانییەکانی ئەڵمانیا دە ئەوەندەی ئەڵمانەکان تاوان ئەنجامدەدەن
نوێترین ئاماری فەرمانگەی تاوانی ئەڵمانیا بۆ ساڵی 2024 زانیاریی سەرنجڕاکێشی تێدایە، هاووڵاتییانی سووری و ئەفغانی نیشتەجێی ئەڵمانیا دە هێندەی ئەوانەی بە رەچەڵەک ئەڵمانن تاوانیان ئەنجامداوە. 

ئەو ئامارانە ئاشکرای دەکەن کە لەنێو هەر 100 هەزار کەسی بە رەچەڵەک ئەڵمان 163 کەس تاوانیان کردووە، بەڵام لەنێو کۆچبەرانی سووریی نیشتەجێی ئەڵمانیا رێژەکە دە ئەوەندە زیاترە و لە 100 هەزار کەس، 1740 کەس تاوانیان ئەنجامداوە. ئەفغانییەکانیش وەک سوورییەکان لە هەر 100 هەزار کەس، 1722 کەس تاوانیان کردووە. 

لە تاوانەکانی وەک تووندوتیژی و دەستدرێژیی سێکسی و مامەڵەکردن بە مادەی هۆشبەر، سووری و ئەفغانییەکان لەپێش ئەڵمانەکانن.

نزیکەی ملیۆنێک پەنابەری سووری و نیو ملیۆن پەنابەری ئەفغانی لە ئەڵمانیا دەژین، ئەو ئامارانە زۆر جار پاساو دەدەنە کاربەدەستانی ئەڵمانیا بۆئەوەی هەوڵی زۆرتر بدەن بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی سووری و ئەفغانی بۆ وڵاتەکانیان، لەو داتایانەدا دەرناکەوێ کە چەند لەسەتی ئەوانەی بە سووری لەقەڵەمدراون خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن.

لەسەر ئەم مژارە پارێزەری ناسراو و سەرکەوتووی کوردستانی و ئەڵمانی رۆژ خەڵەف میوانی دیاسپۆرا بوو رایگەیاند، زۆرجار میدیا باسی ئەوە ناکات کە تاوانبارەکان کێن و خەڵکی کوێن، میللەتی ئێمەو عەرەب و سووری و ئەفغانیش لە نێو ئەو کەسانەدا هەن کە تاوان ئەنجامدەدەن و پێویستە میدیا روونتر ئاماژە بە ناسنامەیان بکات، چونکە ئەگەر بەراورد بکەین ژمارەی تاوانبارانی بیانی زیاترن لەو ئەڵمانانەی کە تاوان ئەنجامدەدەن، ئەوەش شتێکی باش نییە. 

ئەو پارێزەرە کوردە دەربارەی کوردانی ئەڵمانیا نیگەرانی خۆی پیشاندا کە بەشێکیان تائێستاش پەنا نابەنە بەر یاسا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بەڵکو بە دەستی خۆیان هەوڵی چارەسەرکردن دەدەن و زۆرجاریش ئەوە چارەسەر نییەو تووشی کێشەو هەڵە دەبن. 

رۆژ، نموونەی ئەوە دەهێنێتەوە کە بەشێکی هاوژینانی کورد کاتێک لە ئەڵمانیا جیادەبنەوە، ئایا زێر دەبێتە موڵکی ژنەکە یان هی پیاوەکەیە دەبێتە کێشەو دەکەوێتە دادگا، چونکە لە نێوان یاسای ئەڵمانیاو نەریت و کولتووری ئێمەدا جیاوازی هەیە، دەبێت نەوەی نوێی کوردان خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگاو یاساکانی ئێرە بگونجێنن. 

یەکێتیی ئەورووپا تورکیا دەخاتە لیستی وڵاتە ئارامەکان

پەنابەرانی باکووری کوردستان لە ئەورووپا چانسی وەرگرتنی مافی پەنابەریان کەمە
وەزیرانی نێوخۆی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا ئەم هەفتەیە بڕیارێکی نوێیان داوە کە کاریگەریی لەسەر پەناخوازانی هاتوو لە باکووری کوردستانەوە دەبێ. 

بەپێی بڕیارەکە تورکیا دەخرێتە لیستی ئەو وڵاتانەی لە لیستی وڵاتە تەناکان (یان سەلامەتەکان)ی یەکێتیی ئەورووپا دان، ئەو لیستە وادەکات کاتێک کەسێکی هەڵگری وەڵاتینامەی تورکیا لە وڵاتێکی یەکێتیی ئەورووپا داوای پەنابەری دەکات، چانسی وەرگرتنی مافی پەنابەریی بەهێز نەبێ. 

یەکێتیی ئەورووپا لەسەر بنەمای سێ پێوەر بڕیار دەدات کە کام وڵاتانە سەلامەتن، ئەوانیش: نەبوونی جەنگ، نەبوونی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر وڵاتەکە و ئەوەش کە لە ماوەی رابردوودا کەمتر لە رێژەی 20 لەسەتی ئەوانەی لەو وڵاتەوە هاتوونەتە ئەورووپا، مافی پەنابەرییان درابێتێ. 
بەپێی داتاکان دەردەکەوێ تورکیا هەرسێ مەرجەکەی تێدایە، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە هێشتا دوو قۆناخی دەمێنێ کە پەرلەمان و جڤاتی یەکێتیی ئەورووپایە و دەبێ لەوێش قبوڵ بکرێ، بۆیە چاوەڕواندەکرێ نێوەڕاستی مانگی حەوتی ساڵی داهاتوو، جێبەجێ بکرێ.

هەفتەی پێشتریش یەکێتیی ئەورووپا پێوەرەکانی بۆ پێدانی پەنابەری بە هەڵگرانی وەڵاتینامەی سووری هەموارکردەوە، لە هەموارکردنەوەکەدا هاتووە کە چیدیکە ئەوانەی دژی ئەسەدن مافی وەرگرتنی پەنابەرییان نامێنێ، لە بەشێکیشیدا دەڵێت 'ئەگەر کەسێک لەدەست هێزە کوردییەکان رایکردبێ و بیسەلمێنێ کە هەڕەشەی لەسەرە، دەکرێ مافی پەنابەری وەربگرێ'. 

یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی دیاسپۆرانشین لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت

100 ژنی دیاسپۆرانشین لە کۆنفرانسی ژنان لە ئەڵمانیا بەشداردەبن 

رۆژی شەممە 13.12.2025، یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی دیاسپۆرانشینی کوردستان لە دوسەلدۆرف سازدەکرێ، زۆرتر لە 100 ژنی کورد لە سەرتاسەری ئەورووپا و وڵاتانی دیکەوە دێنە کۆنفرانسەکە و رووداوێکی مێژوویی دەبێ.

شیرین زەکی، سەرۆکی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرا، میوانی دیاسپۆرا بوو، ئاماژەی بەوەکرد هەوڵدەدەن ئەو کۆنفرانسە ببێتە هۆکارێک بۆ کۆکردنەوەی زۆرینەی ژنانی بەشەکانی کوردستانی نیشتەجێی دیاسپۆرا، بۆ ئەوەی بتوانین یەکتر بناسین و بە یەکەوە کاربکەین.
شیرین گوتیشی" لە دیاسپۆرا بۆشاییەک هەبووە و دەیانەوێت بە کارکردن بۆ ژنانی کورد پڕی بکەنەوەو ببێتە چەترێک بۆ هەمووان".
 
ئەو باس لەوە دەکات کە فیدراسیۆنی ژنانی کورد دوور دەبێت لەوەی رێکخراوێکی حیزبی بێت، چونکە حیزبەکان رێکخراوی ژنانی تایبەت بە خۆیان هەیە. 

پرشنگ محەممەدی، ئەندامی کۆنفرانسی ژنانی دیاسپۆرایەو بەشداری بەرنامەی دیاسپۆرا بوو  رایگەیاند، بارودۆخی جیهانی ئەوە لە ژنانی کورد دەخوازێت لە دەوری یەک کۆبنەوەو دەکرێت فیدراسیۆنی ژنان ئەو رۆڵە ببینێت، پڕشنگ خۆی لە تەمەنی 15 ساڵیەوە پێشمەرگە بووەو لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەشدار بووە، ئەمەش دەرفەتێکە کە بە شێوەیەکی سیاسی خەبات بۆ ژنانی کورد و دۆزی کوردستان بکات. 

پڕشنگ باسی لەوەکرد کە دوای شۆڕشی ژینا پرسی کورد و ژنانی کورد رەهەندێکی جیهانی وەرگرتووەو خۆڕێکخستنی ژنی کوردیش بە پێویست دەبینێت. 

دەربارەی کۆنفرانسەکە شیرین زەکی گوتیشی"کۆنفرانسەکە یەک رۆژ دەخایەنێت و ئامادەکاری باشمان بۆی کردووەو چەند ژنێکی چالاک لە کۆنفرانسەکەدا خەڵات دەکرێن و 80 ئەندام بەشدار دەبن و هەڵبژاردن بۆ ئۆرگانەکان دەکەن".  

رۆنیا عوسمان دیارترین نووسەری کوردی ئێزدییە کە بە ئەڵمانی دەنووسێت

رۆمانی 74ی ئەو کچە ئێزدییە باس لە جینۆسایدی ئێزدییەکان دەکات
کچە شاعیر و رۆماننووس رۆنیا عوسمان، نووسەرێکی دیاری ئەڵمانیایە و باوکی ئێزدیی رۆژئاوای کوردستان و دایکیشی ئەڵمانییە، رۆنیا کە بەرهەمەکانی پڕن لە باسی کورد و کوردستان، لەمیانەی خوێندنەوەی نوێترین و پڕخوێنەرترین کتێبی خۆی بە ناوی "74" ئاشکرایدەکات، کە چۆن رابردوو و ناسنامەی بنەماڵەکەی، هانیداوە قووڵ بێتەوە لە مژاری هەستیاری 74ـەمین کۆمەڵکوژی (یان فەرمان)ی سەر ئێزدییەکان،  ئەو لە رۆمانە دۆکیۆمێنتارییەکەیدا هەوڵدەدات ئەو خەم و نەهامەتییەی تووشی ئێزدییەکان بووە بگەیێنێتە ژمارەیەکی زیاتری خەڵک، بە تایبەت باسی بابەتی وەک باوەڕ، رەسەنایەتی و تووندوتیژیی سێکسی دەکات.

ژنێکی عەفرینی لە رێگەی هونەری کارتۆنی و ئەنیمەیشنەوە کولتووری کوردی دەناسێنێت
منداڵێکی ئۆتیزم دەبێتە ئیلهامی هونەری بۆ دایکی
نێرۆز هۆری، ژنێکی هونەرمەندی خەڵکی عەفرینە و لە هۆڵەندا نیشتەجێیە، لە رێگەی کاری کارتۆن و ئەنیمەیشنەوە کولتور و بەرخودانی خەڵکی شارەکەی و جلوبەرگی کوردی دەناسێنێت.
منداڵەکەی کە ئۆتیزمی هەیە، بووەتە سەرچاوەی ئیلهام و پاڵنەری سەرەکیی کارە هونەرییەکانی، هۆری بەهۆی بەرهەمەکانیەوە لە شاری شاریقەی ئیمارات خەڵات کراوە و هەوڵدەدات لە رێگەی ئەنیمەیشنەوە کارەکانی زیاتر پەرەپێبدات. 

لازۆ ئازاد: ژیانی ئەدەبی زۆر پێش نووسین دەستپێدەکات

لازۆ ئازاد: شێرکۆ بێکەس لە نامەیەکدا پێی گوتم"من لە پێش کتێبەکەتەوە دەڕۆم و ئاوێنەکەم پێیە"
هێمن عەبدوڵڵای پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ لازۆ ئازادی ژنە شاعیری نیشتەجێی بەریتانیا ئەنجامداوە، ئەو شاعیرە دیاسپۆرانشینە، باسی لە سەرەتای ژیانی ئەدەبیی خۆی و کاریگەریی خانەوادەکەی کرد.

دەربارەی ناونانی خۆی بە لازۆ دەڵێت" ناوەکە لەلایەن باپیرەیەوە هەڵبژێردراوە، کە دوو مانای هەیە: یەکەمیان ئاماژەیە بۆ نووسینێکی کۆنی کوردی و دووەمیان بە واتای لاو یان گەنج دێت، ئەو باوەڕی وایە کە دەستپێکی ژیانی ئەدەبیی نووسەر بە نووسین دەستپێناکات، بەڵکو پەیوەندیی بە ئەزموونەکانی منداڵی و ژینگەی دەوروبەریەوە هەیە.

ئاماژەی بەوەش دا کە لە خانەوادەیەکی هونەریدا گەورە بووە، چونکە باپیرەی شانۆنووس بووە و باوکیشی شێوەکارە، ئەمەش وایکردووە کە لە منداڵییەوە بەرکەوتنی لەگەڵ ئەدەب و هونەردا هەبێت..
لازۆ ئازاد، باسی لەوەشکرد تاوەکو تەمەنی 17 ساڵی هیچ بەرهەمێکی نەنووسیوە و یەکەم شیعری لە دەرەوەی وڵات نووسیوە، یەکەم هەنگاوی جیددی لەم بوارەدا کاتێک بوو کە دوو دەقی خۆی لە رێگەی هاوڕێیەکیەوە نیشانی سابیر سدیقی شاعیرداوە، ئەو یەکێکیانی بە شیعر نەزانی و ئەوی دیکەی بە شیعر وەسفکرد، ئەمەش وەکو سەرەتایەک بۆ تێگەیشتن لە جەوهەری شیعر یارمەتیدا، دواتر هیوا قادری شاعیر رۆڵێکی گرنگی لە هاندان و پشتگیریکردنیدا بینی و لە رووی زمان و تەکنیکەوە رێنمایی کرد.

 
لە دیاسپۆردا بایەخ بە مژارە ئەوروپییەکان کە کاریگەرییان لەسەر کوردستان و رۆژھەڵاتی نێوەڕاست ھەبێ و ئەو مژارانەی جێگەی بایەخی رەوەندی کوردن دەدرێت. شۆیەکە لە کۆمەڵێک دۆسێ پێکدێت کە جگە لەوەی پاکێجی بۆ ئامادەدەکرێت، میوانیشی بۆ دەھێندرێت. بایەخی تایبەتیش بە توانا مرۆییەکانی رەوەندی کوردی لە ئەوروپا دەدات.
 
پێشکەشکار: هێمن عەبدوڵڵا
 
پرۆدیوسەر: سابیر یاسین و سەنگەر ستار