دکتۆر حوسێن خەلیقی- بەشی سێیەم
دکتۆر حوسێن خەلیقی: خومەینی وەڵامی نەبوو بۆ فتوای جیهاد دژی کورد و موفتیزادەش بە پەشیمانی سەرینایەوە
دکتۆر حوسێن خەلیقی، ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵناس، لە بەشی سێیەمی بەرنامەی پەنجەمۆردا وردەکاریی کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ خومەینی، چارەنووسی ئەحمەدی موفتیزادە، دۆخی زانکۆی تەورێز لە کاتی شۆڕش و ناکۆکییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکان دەخاتەڕوو.
دکتۆر خەلیقی لەم بەشەدا باس لەوە دەکات کە چۆن هەوڵیداوە بە بەڵگەی ئایینی رووبەڕووی فتوای جیهادی خومەینی ببێتەوە و پەردە لەسەر کۆتاییە تراژیدییەکەی ئەحمەدی موفتیزادە هەڵدەداتەوە.
چارەنووسی ئەحمەدی موفتیزادە؛ لە پشتیوانیی شۆڕشەوە بۆ زیندان
دکتۆر حوسێن خەلیقی سەبارەت بە کاک ئەحمەدی موفتیزادە ئاشکرای دەکات ناوبراو لە سەرەتادا بە تەواوی چووە پاڵ کۆماری ئیسلامی، بەڵام دواتر بۆی دەرکەوت کە درۆیان لەگەڵ کردووە، خەلیقی دەڵێت"دوای ئەوەی شەڕی سێ مانگە دەستیپێکرد و پێشمەرگە هاتنەوە شارەکان، موفتیزادە سنەی بەجێهێشت و چووە کرماشان، دواتر بۆی دەرکەوت کە دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ یارمەتییەکیان نەداوە و پشتگوێیان خستووە، تەنانەت خۆی بە دەنگی خۆی باسی لەوە کردووە کە خومەینی درۆی لەگەڵ کردووە".
سەبارەت بە دەستگیرکردن و گیانلەدەستدانی موفتیزادە، دکتۆر خەلیقی دەڵێت"خومەینی فەرمانی دابوو نەیکوژن بەڵام ئەشکەنجەی بدەن، لە زیندان زۆر ئەشکەنجە درا و تەنانەت ملیان شکاندبوو، دوای ماوەیەکی زۆر ئازادیان کرد و لە کۆڵانەکەی خۆیان لە سنە دایاننا، دوای چل رۆژ کۆچی دوایی کرد، پێدەچێت لە زیندان ژەهرخوارد کرابێت، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش تەسلیم نەبوو و دانی بە هیچدا نەنا"، خەلیقی ئاماژە بەوە دەکات کە موفتیزادە لە دوا ساتەکانی ژیانیدا ئامۆژگاری دەوروبەرەکەی کردووە کە سیاسەت نەکەن".
ناکۆکی نێوان شێخ عیزەدین و موفتیزادە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دکتۆر خەلیقی باس لە جیاوازیی پێگەی شێخ عیزەدین حوسێنی و ئەحمەدی موفتیزادە دەکات، بە بڕوای خەلیقی، شێخ عیزەدین کەسایەتییەکی نیشتمانیی هەبوو و لایەنی نەتەوەییەکەی زاڵتر بوو بەسەر لایەنە ئاینییەکەیدا، بۆیە خەڵک و حیزبە جیاوازەکان تەنانەت چەپ و کۆمۆنیستەکانیش خۆشیان دەویست و رێزیان لێ دەگرت، بەڵام موفتیزادە لایەنە مەزهەبییەکەی زاڵ کرد بەسەر نەتەوایەتییەکەیدا و کەوتە داوی دەسەڵاتدارانەوە، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت کە موفتیزادە پیاوێکی خوێنەوار و پاک بووە، بەڵام کێشەکان لەسەر نفووز و دەسەڵاتی سیاسی بووە.
رووداوەکانی تەورێز و تۆڵەسەندنەوەی خەڵک
دکتۆر خەلیقی کە ئەو کاتە مامۆستای زانکۆ بووە لە تەورێز، باس لە رۆڵی خوێندکاران و جەماوەر دەکات لە رووخانی رژێمی شا لەو شارە، ئەو دەگێڕێتەوە کە سەرەتا هەموو هێزەکان چەپ و ئیسلامی بۆ رووخانی شا یەکیان گرت، بەڵام دواتر ئیسلامییەکان زاڵ بوون.
سەبارەت بە تۆڵەسەندنەوە لە دوای شۆڕش، خەلیقی دیمەنێکی سامناک دەگێڕێتەوە "لە شارۆچکەی ئازەرشار، خەڵک 21 پۆلیسیان لەناو ساڵۆنێکی وەرزشیدا پارچە پارچە کردبوو وەک گۆشتی قەسابخانە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو ستەمەی لێیان کرابوو".
رەخنە لە تەریقەتەکان و هەڕەشەی کوشتن
خەلیقی ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی نووسینی نامیلکەیەک لەسەر تەریقەتی قادری و نەقشبەندی، رووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن بووەتەوە لەلایەن شێخەکانەوە،دەڵێت "من وەک کۆمەڵناسێک پرسیارم کرد کە ئەم تەریقەتانە لە ماوەی سەدان ساڵدا چییان بۆ کورد کردووە؟ ئایا زانکۆ یان کارگەیەکیان دروستکردووە؟ من پێم وابوو ئەوانە وەک ماددەی هۆشبەر وایە بۆ ئەوەی خەڵک بیر لە ئازادی و نەتەوە نەکاتەوە".
دیدار لەگەڵ خومەینی و پرسیاری جیهاد
یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی گفتوگۆکە، گێڕانەوەی چیرۆکی دیدارەکەیەتی لەگەڵ خومەینی لە تاران، دکتۆر خەلیقی کە خۆی حوکمی لەسێدارەدانی هەبووە، لە رێگەی زاواکەی خومەینییەوە توانیویەتی بیبینێت، خەلیقی دەڵێت "بە خومەینیم گوت تۆ فتوای جیهادت دژی میللەتێکی موسڵمان داوە، بەڵگە و سەنەدی ئیسلامیت بۆ ئەمە چییە؟ هیچ ئایەتێک رێگە نادات جیهاد دژی خەڵکێک رابگەیەنرێت کە شار و گوندەکانیان پڕە لە مزگەوت و بانگ".
بە گوێرەی قسەکانی خەلیقی، خومەینی هیچ وەڵامێکی شەرعی پێ نەبووە و تەنیا بێدەنگ بووە، هەروەها خەلیقی داوای لێکردووە کە ئەگەر دەیەوێت بیکوژێت، با بە دەستی خۆی بیکوژێت، بەڵام خومەینی کۆتایی بە دانیشتنەکە هێناوە.
گەڕانەوەی حیزبی دیموکرات و سەرهەڵدانی کۆمەڵە
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، دکتۆر خەلیقی باس لە کەشوهەوای ئازادیی دوای رووخانی شا دەکات لە کوردستان، ئەو دەڵێت گەڕانەوەی سەرکردایەتیی حیزبی دیموکرات و دکتۆر قاسملوو بۆ مەهاباد خۆشییەکی بێوێنەی لای خەڵک دروستکرد، هاوکات باس لەوە دەکات کە رێکخراوی کۆمەڵە لە شاری سنە جەماوەرێکی بەهێزی هەبوو، بەتایبەت لەناو خوێندکاران و مامۆستایاندا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی سەرکردەکانیان وەک فوئاد مستەفا سوڵتانی و سدیق کەمانگەر کەسانی خۆشناو و ناسراوی ناوچەکە بوون.
خەلیقی ئاماژە بەوەش دەکات کە هەر لە سەرەتاوە خومەینی هەڕەشەی لە دکتۆر قاسملوو کردووە و تەنانەت لە کاتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان گوتوویەتی "ئەگەر قاسملوو بێتە ئێرە، حیسابی لەگەڵ پاک دەکەمەوە".
پەنجەمۆر شەوانی چوارشەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.