بەربژێرێکی نوێ بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەردەکەوێت

18 December 2025
بەربژێرێکی نوێ بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەردەکەوێت

بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرنامەی (ڕۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، هاوکێشە سیاسییەکانی بەغدا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و بەربژێرێکی نوێ بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دێتە پێشەوە. هاوکات، بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو دەوام لە قوتابخانە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دەستپێبکاتەوە.

مالیکی و سوودانی دوورخرانەوە؛ باسم بەدری بەربژێرە

زانیارییەکانی رۆژی هیوا جەمال ئاشکرای دەکەن کە لە بەغدا گۆڕانکاری لە هاوکێشەکاندا روویداوە. هەریەک لە نوری مالیکی  و محەممەد شیاع سوودانی لە کێبڕکێی پۆستی سەرۆکوەزیران دوورخراونەتەوە. لە ئێستادا چاوەکان لەسەر د. باسم حازم حەمید بەدری-یە، وەک بەهێزترین بەربژێر.
بەپێی زانیارییەکان، باسم بەدری کە ئێستا سەرۆکی دەستەی باڵای لێپرسینەوە و دادوەرییە و سەرکردەیە لە حیزبی دەعوە، پشتیوانیی ئێرانی بەدەستهێناوە و سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریش بە چڕی کار بۆ سەرخستنی دەکات.

لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان زۆرترین چانسی هەیە، بەڵام تاکە بەربەستی ئەوەیە کە لای پارتی دیموکراتی کوردستان خوازراو نییە.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار، تا ئێستا یەکێتی بەربژێری فەرمی یەکلایی نەکردووەتەوە. هەرچەندە باس لە خالید شوانی و نزار ئامێدی دەکرێت، بەڵام ئەگەرێک هەیە کەسایەتییەکی هاوبەشی نێوان یەکێتی و پارتی دیاری بکرێت.

وردەکاریی زیانەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ

زیاتر لە 2 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون و ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە. 10 ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوە تەرخانکراوە و بەشێوەی کاش دابەش دەکرێت.

بەڕێوەبەری پێشووی پەروەردەی چەمچەماڵ دەستی لە کار هەڵگرت

نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە بەرنامەکەدا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ قبوڵکراوە و لە ئێستادا سەرپەرشتیارێک بە وەکالەت بەڕێوەی دەبات. گوتیشی: "دەرگای سیڤی دەکەینەوە و بەڕێوەبەرێکی نوێ بەپێی مەرجەکان دادەنێین".

زیانەکانی لافاو و دەستپێکردنەوەی خوێندن

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی 20 قوتابخانە بەهۆی لافاوەکەی چەمچەماڵەوە زیانیان بەرکەوتووە. بۆ نۆژەنکردنەوەیان، وەزارەتی پەروەردە 135 ملیۆن دیناری تەرخان کردووە.

سەبارەت بە دەوام، نەژاد عەبدوڵڵا گوتی: "تا 4-1-2026 هەموو قوتابخانەکان ئامادە دەبن. پۆلەکانی 4ی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی لە 11ی مانگ تاقیکردنەوە دەکەن، پۆلی 12ش لە 20ی مانگ تاقیکردنەوە دەستپێدەکەن".

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی هۆشداریدا لەوەی 140 قوتابخانە لە سنووری سلێمانی مەترسیی رووخانیان لەسەرە، کە 86یان دەکەونە چەمچەماڵەوە.

زۆرترین ئاڵای کوردستان لە کەرکووک هەڵکرا

ئەمساڵ زۆرترین ئاڵای کوردستان لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە کەرکووک هەڵکراوە. پارێزگاری کەرکووک بەڵێنیداوە کار لەسەر لابردنی ئاڵای عێراق لە دەستی پەیکەری پێشمەرگە بکات.

ئاڵایەکی گەورە لە سنە هەڵکرا

لاوانی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاڵایەکی 20 مەترییان لەسەر شاخی ئاویەر هەڵکرد وەک هێمایەک بۆ رۆژی ئاڵا.

نێردەی ترەمپ دێتە هەرێمی کوردستان

بڕیارە هەفتەی داهاتوو مارک ساڤایا، نێردەی دۆناڵد ترەمپ سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات و لە هەولێر بمێنێتەوە.

ترەمپ سەرکەوتن بەسەر گرانی رادەگەیێنێت

دۆناڵد ترەمپ لە گوتاری ساڵانەیدا رایگەیاند، نرخی هێلکە بەڕێژەی 80% دابەزیوە و نرخی بەنزینیش بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە.

مادۆرۆ وەڵامی ترەمپ دەداتەوە

سەرۆکی ڤەنزوێلا سیاسەتەکانی ئەمریکای بە "بەربەریەت" وەسف کرد و جەختی کردەوە وڵاتەکەی هەرگیز نابێتە کۆلۆنیی هیچ وڵاتێک.

مەرجێکی نوێ بۆ مۆڵەتی شۆفێری لە هەولێر

هاتووچۆی هەولێر دروستکردنی (UPN) کردە مەرج بۆ هەر مامەڵەیەکی مۆڵەتی شۆفێری و دەبێت هاونیشتمانییان سەردانی بەشی ئایتی بکەن.

لێخۆشبوون لە سزای هاتووچۆ

وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا تا کۆتایی ئەمساڵ لە سزای دواکەوتنی گرێبەستی ئەلیکترۆنیی ئۆتۆمبێل خۆش ببێت و سزاکانیان لێ وەرنەگیرێت.

شەپۆلێکی سەرما روو لە هەرێمی کوردستان دەکات

کەشناسی هۆشداریدەدات کە پلەکانی گەرما دادەبەزن و لە سلێمانی دەگاتە 3 پلەی ژێر سفر و مەترسیی بەستنی ئاو هەیە.

پشوو لە 4 پارێزگای عێراق

بەهۆی باران و کەشوهەواوە، لە پارێزگاکانی دیوانیە، بابل، موسەننا و زیقار پشووی فەرمی راگەیێندرا.

تورکیا دروستکردنی ڤێلا بۆ ئۆجەلان رەتدەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گرتووخانەکانی تورکیا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە دروستکردنی خانووی تایبەت بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن.

پارتی کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی حکومەت.

خۆپیشاندانی جووتیاران لە ئەورووپا

هەزاران جووتیار لە برۆکسل دژی رێککەوتنی بازرگانیی یەکێتیی ئەوروپا و مێرکۆسۆر خۆپیشاندان دەکەن.

لوتکەی یەکێتیی ئەوروپا دەستپێدەکات

سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ئۆکرانیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).