لە کۆکردنەوەی نزیکەی 6 ملیار دینارەوە بۆ دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەرێک

15 December 2025
لە کۆکردنەوەی نزیکەی 6 ملیار دینارەوە بۆ دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەرێک

لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ـی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەمڕۆ دووشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمەڵێک دۆسیەی نێوخۆیی و جیهانیی گرنگ تاوتوێ کران. دیارترین تەوەرەکان بریتی بوون لە کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو، مشتومڕی راگەیاندنی پشوو لە چەمچەماڵ، دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا یوسف، لەگەڵ شرۆڤەی دۆخی سیاسیی عێراق و چەندین رووداوی جیهانیی دیکە.

نزیکەی 6 ملیار دینار بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو کۆکرایەوە

لەڕێگەی بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ی تۆڕی میدیایی رووداوەوە، بڕی 5 ملیار و 887 ملیۆن و 870 هەزار دینار بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی گەرمیان، چەمچەماڵ و کەرکووک کۆکرایەوە. فارووقی مەلا مستەفا بە 1.2 ملیار دینار و شێخ فاخیر شێخ تەیب بە یەک ملیار دینار بەشدارییان کرد، هاوکات چەندین سەرمایەدار و هونەرمەند و خێرخواز بەشداری کەمپینەکەیان کرد.

بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ: بەهۆی رانەگەیاندنی پشوو دەستم لەکارکێشایەوە

عەبدوڵڵا حەمە، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ ئاشکرای کرد کە بەهۆی رەتکردنەوەی داواکارییەکەی بۆ راگەیاندنی پشوو لە شەوی لافاوەکەدا لەلایەن قایمقام و سەرووی خۆیەوە، وەک ناڕەزایەتی دەستی لەکارکێشاوەتەوە، بەڵام دواتر گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە 18 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە و دوو قوتابخانە مەترسیی رووخانیان لەسەرە.

تەرمی ئاڤێستا یوسف لە بارزان بەخاک دەسپێردرێت

دوای 8 مانگ لە بێسەروشوێنبوونی، تەرمی ئاڤێستا یوسف (27 ساڵ) لە زێی گەورە دۆزرایەوە و لەلایەن باوکییەوە ناسرایەوە. بڕیارە لەسەر داوای باوکی لە دەڤەری بارزان بەخاک بسپێردرێت.

سۆران تەوحیدی ئازاد کرا

سۆران ئەحمەد ناسراو بە (سۆران تەوحیدی)، مامۆستای ئاینی، دوای دوو ساڵ مانەوە لە زیندان بە بڕیاری لێبووردنی تایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئازاد کرا. ناوبراو داوای دەرکردنی لێبووردنی گشتی بۆ زیندانییانی دیکەش دەکات.

گۆڕانکارییەکانی دەسەڵات لە عێراق و مەرجەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی

پرۆسەی گۆڕینی دەسەڵات لە عێراق نزیکەی 90 رۆژ دەخایەنێت و لە ئەمڕۆوە 15 رۆژ لەبەردەم سەرۆککۆمارە بۆ بانگهێشتکردنی پەرلەمان. چوارچێوەی هاوئاهەنگی مەرجی توندی بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو داناوە و هەریەک لە (سوودانی، مالیکی و ئەعرەجی) وەک بەربژێر ناویان دەهێنرێت. هەروەها سوننەکان داوا دەکەن یەکەم دانیشتنی پەرلەمان پێش 25ی ئەم مانگە بکرێت.

بە فەرمانی سوودانی کارتی زانیاری نامێنێت

محەممەد شیاع سوودانی فەرمانی کرد بە هەڵوەشاندنەوەی کارتی زانیاری و تێکەڵکردنی زانیارییەکان بە سیستمی "کارتی نیشتمانی" بەمەبەستی کەمکردنەوەی رۆتین.

دەم پارتی 5 هەنگاو بۆ چارەسەریی دۆخی کورد دەخاتەڕوو

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) نەخشەڕێگەیەکی 5 خاڵی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا پێشکەش کرد کە گرنگترینیان نەمانی قەییووم و دەستەبەری زمانی دایکە. هاوکات ئەردۆغان متمانەی خۆی بە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" نیشاندا.

گرژیی دیپلۆماسی و سەربازی لە سوریا

دوای کوژرانی 3 ئەمەریکی لە تەدموور، وەزیری دەرەوەی سوریا پەیوەندییەکی دەگمەنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنجامدا و سەرۆکی سوریا سەرەخۆشی لە ترەمپ کرد. ئەمەریکاش نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی مەترسییەکانی داعش نیشاندا.

موسڵمانێک هێرشەکەی سیدنی راگرت

ئاشکرا بوو ئەو کەسەی لە سیدنی رووبەڕووی چەکدارەکە بووەوە و کوشتارەکەی راگرت، پیاوێکی موسڵمانی تەمەن 43 ساڵە بەناوی "ئەحمەد". هێرشبەرەکەش خاوەنی مۆڵەتی چەک بووە و یاساکانی چەک لە ئوسترالیا توندتر دەکرێنەوە.

کە خەوتبوویت چی روویدا؟

1.لۆس ئەنجلەس: پۆلیس دۆزینەوەی دوو تەرمی (پیاوێک و ژنێک)ـی لەنێو کۆشکی رۆب رینەر، دەرهێنەری بەناوبانگی ئەمەریکی لە گەڕەکی برێنتوود راگەیاند؛ بەشی "دزی و کوشتن" دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری رووداوەکە.
2.بەغدا: شەپۆلێکی چڕی تەمومژ بەغدا و بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە؛ لە هەندێک ناوچە مەودای بینین نزیک بووەتەوە لە سفر و ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروستکردووە.
3.مینسک: عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی یەک رۆژە گەیشتە بیلاڕووس و بڕیارە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرۆککۆمار و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبێتەوە.
4.سانتیاگۆ: لە چیلی راستڕۆکان گەڕانەوە؛ دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان بە فەرمی سەرکەوتنی خۆسێ ئەنتۆنیۆ کاست، بەربژێری راستڕۆی توندڕۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە راگەیاند.
5.کانبێرا: حکومەتی ئوسترالیا تاوتوێی توندکردنەوەی یاساکانی چەک دەکات؛ وەزیری نێوخۆی ئەو وڵاتەش ئاشکرای کرد، یەکێک لە ئەنجامدەرانی هێرشەکەی بۆندی بە ڤیزای خوێندن چووەتە ئەو وڵاتە.

ئەمڕۆ چی روودەدات؟

1.دهۆک: بە بەشداریی 50 جووتیار و کۆمپانیای بەرهەمهێنان، ڤیستیڤاڵی پەتاتە لە سەنتەری شار دەکرێتەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، تێیدا بەرهەم و خواردنی دروستکراو بە پەتاتە نمایش دەکرێن.
2.هەولێر: بە ئامادەبوونی جین شین، بەرپرسی باڵای حیزبی شیوعی چین، رێوڕەسمی راگەیاندنی "سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەریی شارستانیی جیهانی" بەڕێوەدەچێت.
3.بەغدا: بەڵێندەرانی عێراق لە دژی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانیان و راگرتنی پڕۆژەکان بەهۆی دواکەوتنی پارە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، خۆپێشاندان دەکەن.
4.برۆکسل: وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا کۆدەبنەوە؛ دۆخی جەنگی ئۆکرانیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ چین تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە دەبن.
5.بەرلین: ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا، جارید کوشنەر و سەرکردەکانی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی چارەنووسی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا

رۆژی هیوا جەمال

 شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).