ماسی و برنجی سوورلە گوندی کەلکەسماق لەسەر زێی دووکان

10 March 2026
ماسی و برنجی سوورلە گوندی کەلکەسماق لەسەر زێی دووکان

سەردانی ئەمجارەی بەرنامەی تام و چێژ بۆ گوندی گوندی کەلکەسماق بوو. گوندی کەلکەسماق سەر بە قەزای دووکانە و لە 130 ماڵ پێکهاتووە و، ژمارەی دانیشتووانەکەی لە 650 کەس پێکهاتووە. بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و نیشتەجێبوونیان لەسەر زێی دووکان، ماسی بووەتە پێکهاتەی سەرەکی زۆربەی ژەمە خۆراکەکانیان.

خاتوو شارا ساڵح محەممەد، کە کچێکی تەمەن 24 ساڵی دانیشتووی گوندەکەیە، شێوازی ئامادەکردنی ئەم خواردنە لە بەرنامەکەدا دەخاتەڕوو.

پێداویستییەکان:
ماسی، برنج، تەماتە، خوێ، بیبەری سوور، لیمۆندزی، سماق، رووبەهەنار، رۆن و پیاز.

شێوازی ئامادەکردن:
سەرەتا ماسییەکان بە جوانی پاک دەکرێن و دەشۆردرێنەوە، پاشان تێکەڵەیەک لە (خوێ، ترشی سماق و لیمۆندزی) ئامادە دەکرێت و ماسییەکەی تێدا هەڵدەکێشرێت. بۆ ئەوەی ماسییەکە تامێکی خۆشتر بگرێت، بۆ ماوەیەک لەناو ئەو تێکەڵەیەدا جێدەهێڵدرێت و دواتر دەخرێتە سەر تێلی سوورکردنەوەی ماسی و لەبەردەم ئاگرێکی لەسەرخۆدا سوور دەکرێتەوە.

هاوکات لەگەڵ سوورکردنەوەی ماسییەکە، برنجە سوورەکە ئامادە دەکرێت؛ سەرەتا پیاز و رۆنەکە سوور دەکرێنەوە و دواتر برنج و ئاو و خوێی بۆ زیاد دەکرێت. ئەم پێکهاتەیە بۆ ماوەی نیو کاژێر لەسەر ئاگر دەمێنێتەوە تاوەکو دمکێش دەبێت.

نزیکەی 10 خولەک پێش ئەوەی ماسییەکە بە تەواوی ئامادە بێت، گیراوەیەکی تایبەت لە (خوێ، رووبەهەنار و بیبەری سووری تیژ) دروست دەکرێت و دەکرێت بەسەر ماسییەکەدا. ئەم گیراوەیە رەنگ و تامێکی خۆشتر بە ماسییەکە دەبەخشێت. دوای 10 بۆ 15 خولەکی دیکە، ماسی و برنجە سوورەکە ئامادە دەبن بۆ پێشکەشکردن.

بەرنامەیەکی مەیدانی و رۆژانەی مانگی رەمەزانە کە گەشت بە گوندەکانی کوردستان دا دەکات. لە هەر بەرنامەیەک دا خواردنێکی گوند دەکاتە دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ناسنامە و ژیانی رۆژانەی گوندنشینان. 'تام و چێژ' لەسەر بنەمای پێشکێشکارێکی بەهێز و گێڕانەوەی راستەقینە دروست دەکرێت. بەشێوەیەک بەرهەم دەهێنرێت کە لەگەڵ بینەردا بمێنێتەوە