کفتە لە گوندی بازێ لە بارزان
بەرنامەی تام و چێژ لە گەشتێکی نوێیدا سەردانی گوندی بازێ لە دەڤەری بارزان کرد. بازێ گوندێکی ئاوەدان و گەورەیە و لە نزیکەی 600 ماڵ پێکهاتووە و، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 2000 کەسە.
خاتوو رێزان ساڵح عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی بازێیە و شارەزاییەکی باشی لە دروستکردنی خواردنی کوردەواریدا هەیە، لە بەرنامەکەدا شێوازی ئامادەکردنی کفتەی ناوچەی بارزان دەخاتەڕوو، کە بە یەکێک لە خواردنە ناسراوەکانی ناوچەکە دادەنرێت.
پێداویستییەکان:
گۆشتی سوور
بڕوێش
رۆن
تەماتە و ئاوی تەماتە (دۆشاو)
باینجان
پیاز و کەرەوز
کوولەکەی گەورە (کوولەکە) و سڵق
خوێ و سماق
ئامادەکردن
یەکەم: ئامادەکردنی هەویرەکە
سەرەتا بڕوێشەکە دەخرێتە ناو دەفرێکەوە و دەشۆرێتەوە، پاشان وازی لێ دەهێنرێت تاوەکو ئاوەکەی دەچۆڕێتەوە. دواتر خوێی تێدەکرێت و بۆ ماوەی کاژێرک دادەنرێت. پاش ئەو ماوەیە کەمێک رۆنی بۆ زیاد دەکرێت، ئەگەر هەست کرا وشکە، کەمێک ئاوی پێدا دەکرێت و بە باشی دەشێلدرێت تا دەبێتە هەویرێکی گونجاو، پاشان دادەپۆشرێت.
دووەم: ئامادەکردنی ئاوی کفتەکە (شۆربا)
کەمێک رۆن دەخرێتە ناو مەنجەڵێکەوە، باینجان، تەماتە و پیازی تێدەکرێت. دواتر دۆشاوی تەماتەی بۆ زیاد دەکرێت و بەپێی پێویست ئاوی تێدەکرێت و دەخرێتە سەر ئاگر تاوەکو دەکوڵێت.
سێیەم: ئامادەکردنی ناوەکەی (قیمە)
گۆشتە سوورەکە ورد دەکرێت، پاشان لەگەڵ پیاز و کەرەوزدا سوور دەکرێتەوە و ئامادە دەکرێت.
چوارەم: قۆناخی کۆتایی
دوای ئەوەی ئاوی کفتەکە کوڵا، دەستدەکرێت بە دروستکردنی کفتەکان. هەویرەکە بە تەنکی زۆر و بە شێوەیەکی پان گەورە دەکرێتەوە و قیمەکەی تێدەکرێت؛ ئەم تەنکی و گەورەییە تایبەتمەندی سەرەکی کفتەی ناوچەی بارزانە. دوای ئەوەی کفتەکان خرانە ناو ئاوە کوڵاوەکە، سڵق و کوولەکە گەورەکە ورد دەکرێن و دەخڕێنە ناو مەنجەڵەکە. بەهۆی ئەوەی کوولەکەکە کەمێک تامی شیرینە، کەمێک ئاوی سماق دەکرێتە ناو ئاوەکەی بۆ ئەوەی تامەکەی هاوسەنگ بێتەوە. پاش 40 خولەک کوڵان، کفتەکە ئامادەی خواردن دەبێت.
بەرنامەیەکی مەیدانی و رۆژانەی مانگی رەمەزانە کە گەشت بە گوندەکانی کوردستان دا دەکات. لە هەر بەرنامەیەک دا خواردنێکی گوند دەکاتە دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ناسنامە و ژیانی رۆژانەی گوندنشینان. 'تام و چێژ' لەسەر بنەمای پێشکێشکارێکی بەهێز و گێڕانەوەی راستەقینە دروست دەکرێت. بەشێوەیەک بەرهەم دەهێنرێت کە لەگەڵ بینەردا بمێنێتەوە