گڤشک؛ خواردنە بەناوبانگەکەی دەڤەری بادینان لە گوندی بێتاس
تیمی بەرنامەی (تام و چێژ)ی رووداو، بۆ ئەمجارە سەردانی گوندی "بێتاس"یان کرد لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ. ئەم گوندە لە 86 ماڵ پێکهاتووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی دەگاتە نزیکەی 405 کەس.
لەوێ خاتوو "فەریدە حەمید حاجی" کە تەمەنی 52 ساڵە و دانیشتووی گوندەکەیە، چۆنیەتی ئامادەکردنی خواردنی "گڤشک"ی خستەڕوو.
پێداویستییەکانی گڤشک:
گۆشتی سوور
خوێ
سماقی دەنک گەورە
برنجی خڕ
بیبەری سوور و بیبەری رەش
سەوزەواتەکان: پەتاتە، تەماتە، گەنمەشامی، پیاز و گیزەر.
ئامادەکردن:
سەرەتا گێزەر، تەماتە، پیاز، گەنمەشامی و پەتاتەکە بەوردی و بەشێوەی خڕ لەت دەکرێن، بە جۆرێک کە هەموویان یەک قەبارەیان هەبێت؛ دواتر بە باشی دەشۆرێنەوە و بە جیا دادەنرێن (دەتوانرێت بەپێی ئارەزوو سەوزەی دیکەش زیاد بکرێت).
دواتر گۆشتەکە و پیازێک بە ئامێری وردکردن (وەک قیمە) یان بە دەست زۆر بە وردی ورد دەکرێن. پاشان برنج، گۆشت و پیازەکە تێکەڵ دەکرێن؛ خاتوو فەریدە ئاماژە بەوە دەکات کە "ئەگەر بڕی گۆشتەکە لە برنجەکە زیاتر بێت، تامەکەی خۆشتر و رەنگەکەشی جوانتر دەردەچێت". هەر لەم قۆناخەدا خوێ، بیبەری رەش، بیبەری سوور و ئاوی مریشک (ماجی) بۆ تێکەڵەکە زیاد دەکرێت و بەباشی دەشێلدرێت تاوەکو یەکدەگرێت.
بۆ لێنانەکەی، مەنجەڵێک دەهێنرێت و ئەو سەوزەواتانەی پێشتر وردکراون (گیزەر، پەتاتە، تەماتە و هیتر) لە بنکی مەنجەڵەکە ریز دەکرێن. پاشان تێکەڵەی برنج و گۆشتەکە بە شێوەی تۆپەڵەی بچووک لەناو لەپی دەستدا دروست دەکرێن و دەخرێنە سەر سەوزەواتەکان.
لە قۆناخی کۆتاییدا، سماقی دەنک گەورە دەهێنرێت و دەکرێتە ناو ئاوەوە، دوای چەند خولەکێک تێکدەدرێت و دواتر دەپاڵێورێت؛ تەنیا ئاوە ترشەکەی دەکرێتە ناو مەنجەڵەکە. دوای کوڵان، رۆنی گەرم دەکرێت بەسەریدا و پاش نیو کاژێر، خواردنەکە ئامادە دەبێت بۆ پێشکەشکردن.
بەرنامەیەکی مەیدانی و رۆژانەی مانگی رەمەزانە کە گەشت بە گوندەکانی کوردستان دا دەکات. لە هەر بەرنامەیەک دا خواردنێکی گوند دەکاتە دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ناسنامە و ژیانی رۆژانەی گوندنشینان. 'تام و چێژ' لەسەر بنەمای پێشکێشکارێکی بەهێز و گێڕانەوەی راستەقینە دروست دەکرێت. بەشێوەیەک بەرهەم دەهێنرێت کە لەگەڵ بینەردا بمێنێتەوە