شلەی شێلم و برنجی کوردی لە گوندی سووسێ

15 March 2026
شلەی شێلم و برنجی کوردی لە گوندی سووسێ
گەشتی ئەمجارەی بەرنامەی "تام و چێژ" لە گوندی سووسێ بوو لە سنووری ناحیەی دینارتە لە ئاکرێ. گوندەکە لە  500 ماڵ پێکهاتووە، تاوەکو ئێستا پارێزگارییان لە دابونەریت و تامی رەسەنی خواردنە کوردییەکان کردووە.

میوانی ئەمجارەمان، خاتوو فاتیمە ئەبووبکر ئەحمەد، کە یەکێکە لە خانمە دەستڕەنگینەکانی گوندەکە، چۆنیەتی ئامادەکردنی یەکێک لە ژەمە باوەکانی ناوچەکە کە ئەویش "شلەی شێلم بە گۆشتە" دەخاتەڕوو.

پێداوستییەکان
شێلم، گۆشتی سوور، نۆک، پیاز و ئاو، لەگەڵ بەکارهێنانی خوێ و زەردەچەوە بۆ بەخشینی رەنگ و تامێکی تایبەت بە شلەکە.

ئامادەکردن
سەرەتا گۆشتەکە ورددەکەین و دەیشۆینەوە، پاشان دەخرێتە سەر ئاگر و خوێی تێدەکرێت تاوەکو بە باشی دەکوڵێت. هاوکات لەگەڵ کوڵانی گۆشتەکە، نۆکەکان دەکوڵێنرێن و شێلمەکانیش دوای وردکردن بە جوانی دەشۆرێنەوە.

لە قۆناخی دواتردا، مەنجەڵێک دەخرێتە سەر ئاگر و بڕێک رۆنی تێدەکرێت، پاشان شێلمەکەی تێدا سووردەکرێتەوە. دوای ئەوەی شێلمەکە کەمێک رەنگی گۆڕا، نۆکە کوڵاوەکە و بڕی پێویست ئاوی بۆ زیاد دەکرێت.

کاتێک گۆشتەکە بە تەواوی کوڵا، دەخرێتە نێو ئاوی شێلم و نۆکەکە، پاشان خوێ و زەردەچەوەی تێدەکرێت. دوای نزیکەی 40 خولەک مانەوە لەسەر ئاگر، شلەی شێلمەکە ئامادە دەبێت و لەگەڵ برنجی کوردی پێشکەش دەکرێت.