داندۆک بە مریشکی کوردی و شێخ مەحشی لە گوندی سارتکە
بەرنامەی ئەمجارەی تام و چێژ گەشتەکەی دەباتە گوندی سارتکەی سەر بە قەزای پیرمام لە پارێزگای هەولێر. گوندێکی ئارام و دڵگیر کە لە 55 ماڵ پێکهاتووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی 300 کەسن.
میوانی ئەمجارەمان ئیسماعیل وەلی خورشید، گەنجێکی دەستڕەنگینی تەمەن 32 ساڵ، کە دوو خواردنی جیاواز ئامادە دەکات، ئەوانیش داندۆک بە مریشکی کوردی و شێخ مەحشی.
داندۆک بە مریشکی کوردی
بۆ ئامادەکردنی ئەم ژەمە، پێویستیمان بە مریشکی کوردی، کەشک، ماست، خوێ و ئاو دەبێت.
سەرەتا مریشکە کوردییەکە دەشۆینەوە و وردی دەکەین، پاشان دەخرێتە سەر ئاگر تاوەکو بە جوانی دەکوڵێت و خوێی تێدەکرێت.
کەشک پێکهاتەیەکی سەرەکییە و لە ماست و ساوەر دروست دەکرێت، کە خواردنێکی رەسەنی کوردەوارییە و زۆربەی کات لە وەرزی هاویندا ئامادە دەکرێت. سەرەتا کەشکەکە دەشۆرێتەوە و سێ کەوچک ماستی تێدەکرێت، پاشان لەسەر ئاگرێکی کز دادەنرێت تاوەکو خەست دەبێتەوە. دواتر بەپێی قەبارەی داندۆکەکە، ئاوی گەرم و خوێی بۆ زیاد دەکرێت. لە کۆتاییدا مریشکە کوڵاوەکە دەخرێتە سەر تێکەڵەکە و دوای چەند خولەکێک، داندۆکەکە ئامادەی پێشکەشکردن دەبێت.
شێخ مەحشی
بۆ ئەم ژەمەش پێویستیمان بە باینجان، تەماتە، گۆشتی سوور، کەرەوز، پیاز، بیبەری رەش و خوێ دەبێت.
سەرەتا ناوەوەی باینجان و تەماتەکان دەردەهێندرێن و باینجانەکان سوور دەکرێنەوە. بۆ ئامادەکردنی قیمەکەش؛ گۆشتی سوور، پیاز و کەرەوزەکە بە وردی دەجنرێن و لەناو رۆندا سوور دەکرێنەوە؛ خوێ و بیبەری رەشی بۆ زیاد دەکەین.
لە کۆتا قۆناخدا، ناوەوەی تەماتە و باینجانەکان بەو قیمە ئامادەکراوە پڕدەکرێنەوە و دەخرێنە ناو تاوەیەک. دوای نیو کاژێر لەناو فڕندا، شێخ مەحشییەکان بە تەواوی سوور دەبنەوە و پێشکەش دەکرێن.
بەرنامەیەکی مەیدانی و رۆژانەی مانگی رەمەزانە کە گەشت بە گوندەکانی کوردستان دا دەکات. لە هەر بەرنامەیەک دا خواردنێکی گوند دەکاتە دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ناسنامە و ژیانی رۆژانەی گوندنشینان. 'تام و چێژ' لەسەر بنەمای پێشکێشکارێکی بەهێز و گێڕانەوەی راستەقینە دروست دەکرێت. بەشێوەیەک بەرهەم دەهێنرێت کە لەگەڵ بینەردا بمێنێتەوە