شایەتحاڵێکی ئەنفال: ژنێکمان لەگەڵ بوو هەردوو منداڵەکەی لە دوو رۆژدا مردن
بەیانی بوو هەر ئەوەندە زانیمان بووە شەڕ. هەموومان رامانکرد بۆ عەزیز قادر، لەوێش بووە شەڕ و جاش هاتنە سەرمان. شەڕێکی گەورە لە ئۆمەربلوو و عەزیز قادر رووی دا. لەوێشەوە رامانکرد بۆ عەلیان و بنەخە، لەوێشەوە چووینە هەوارە رەقە و هەوارە قووڵە؛ کەس بەکەس نەبوو، ئاخیر زەمانێک بوو کۆپتەر بەسەرماندا دەسوڕایەوە و بۆردوومانی دەکرد، تاوەکو چووینە ملەسوورە. لە ملەسوورە بە ئیڤای سەربازی هەموومانیان بردە تۆبزاوە، لە تۆبزاوە دەستمان بە گریان و هاوارکرد. گوتمان، "پیاوەکانمان لێ جیا مەکەنەوە". یەکێک بە عەرەبی قسەی کرد و یەکێکیش بە کوردی گوتی، "دایکە وامەکەن، دەیانبەن ناویان دەنووسن". هەر ئەو ناونووسینە بوو و هەموویانیان بردن. بە بەرچاوی ئێمە کەلەپەچەیان کردە دەستی پیاوەکان و چاویان بەستنەوە. کەلەپچە بەشی نەدەکرد، بە پشتووێنی پیاوەکان پارچە پارچەیان دەکرد و دەست و چاوی پیاوەکانیان پێ دەبەستەوە و لێیانیان دەدان. ئیتر شەومان بەسەردا هات و ئێمەیان خستە هۆڵێکەوە. زیڕەی ئەو خەڵکە دەهات. یەکێک لەولاوە منداڵی دەبوو، یەکێک لەولاوە گیانی دەدا.
ماوەی سێ رۆژ لە تۆبزاوە ماینەوە. لەو سێ رۆژەدا لێیان دەداین و ئەشکەنجەیان دەداین. پاشان ئێمەیان بردە دوبز، هەر سەربازە و کێبڵێکی بە دەستەوە بوو و جیاوازییان لەنێوان منداڵ و گەورەو پیر و گەنجدا نەدەکرد و لە هەموومانیان دەدا. دواتر گواستراینەوە بۆ تۆبزاوە. لە تۆبزاوە بەندیان کردین و پیاوەکانیان جیاکردنەوە. نازانم ئەو پیاوانەیان چی لێکرد و بۆ کوێیان بردن.
پاشانیش ئێمەیان گواستەوە. ژیانێکی تا بڵێی سەختمان هەبوو. هەبوو منداڵی دەمرد. خۆم برینداربووم و لە تابووتدا منیان برد. تۆزەتۆزە تەداوییان دەکردم تاوەکو فامم کرد. ئەرێ وەڵا لە ژنان و منداڵانیان دەدا. ژنە گەنجەکان و پێگەیشتووەکانیان لە یەک شوێن کۆکردنەوە، ئەوسا ئێمە گەنج بووین. پیرەژن و پیاوە بەتەمەنەکانیشیان لە شوێنێک کۆکردنەوە. لەنێو ئەو زیندانە بگەیشتبانە هەرکەسێک لێیان دەدا. بە درێژایی ئەو شەش مانگەی لەوێ بووین نە نان هەبوو نە خواردن. دوو سێ رۆژ جارێک سەموونی رەقیان بۆ دەهێناین. بارودۆخمان زۆر خراپ بوو؛ چەندان منداڵ و ژن مردن.
نەوەڵا دەستدرێژیی نامووسیان نەکردینە سەر، ئەوەیان باشبوو. بەڵام ئەشکەنجەی ژن و منداڵانیان دەدا. یەکێک چووبایە ئاو بهێنێت، لێیان دەدا. ژنێک منداڵەکەی گریابا، لێیاندەدا.
ژنێکمان لەگەڵ بوو هەردوو منداڵەکەی لە ماوەی دوو رۆژدا مردن. هەرکەسێک بمردبایە داخی دڵی خۆمان دەردەبڕی و خۆمانمان دەکوشت. ئەفسەرەکانیش بە کێبڵ بەنێومان دەکەوتن و لێمانیان دەدا. شەوان دەبوو پاسەوانی لە منداڵەکانمان بکەین.
من منداڵێکم لەوێ مرد. پاسەوانیشم لە منداڵەکانی دیکەم دەکرد. هەریەکەو لەژێر پەنجەرەیەک دانیشتبووین و هەر لەسەر زەوییەکەش دەنووستین؛ ئەویش ئەگەر پارچەیەک کارتۆنمان دەستکەوتبایە.
هەر لەدوای ئەوەی پیاوەکانیان لە ئێمە جیاکردنەوە، دەستی پیاوەکەی منیشیان گرت و گوتی، "مەحبووب، ئەو 25 دینارەت لابێ بۆ خەرجیی خۆتان". ئەوە بوو گوتیان، "ناویان دەنووسین و دەیانهێنینەوە". ئەوە بوو چاومان پێیان نەکەوەتەوە. نەمانزانی چییان لێ بەسەر هات.
زیندانکراوەکان هەریەکەو دڵیان بۆ خواردنێک دەچوو. هەبوو دەیگوت، "خەیارم دەوێ". هەبوو دەیگوت، "تەماتەم دەوێ". هەبوو داوای چای دەکرد. ئێمەش نەختێک سەموونی رەقمان دەخستە ئاوەکەوە. ئەویش لە دوو بۆ سێ رۆژ جارێک پێیان دەداین و ئەویشمان دەخستە دەمی منداڵەکانەوە.
رەزالەت و بەسەرهاتێکی خراپمان بەسەرهات. یەکێک لەولاوە گیانی لەدەستدەدا. یەکێک لەولاوە دەمرد. کەس نەیدەزانی دەیانخستە گۆڕەوە یان نا، بەڵام تەرمەکانیان دەبرد. پێیاندەگوتین، "ئێوە پێشمەرگەتان هەیە و نانتان داوەتە پێشمەرگە". وەرگێڕەکە پێی دەگوتین سەرباز هەبووە سێ مانگ بووە ماڵەکەی خۆی نەبینیوە، کاتێک مۆڵەتی پێدەدرا بۆ ئەوەی بێتەوە ماڵ و منداڵەکانی ببینێت، بەڵام پێشمەرگەی ئێوە رێگەی لێدەگرت و گوللـەبارانی دەکرد. پێیان دەگوتین، "ئەها چۆن جەلال تاڵەبانی خۆی رۆیشت و ئێوەی جێهێشت و ئێوەش لە چ حاڵێکدان!" ئەو قسانەیان پێدەگوتین.
رۆژێک پیاوەکەمم لە خەودا بینی کڵاشی دەچنی، گوتم، "بۆ کوێ دەچی؟" گوتی، "هەتا چوارشاخ دەچم و دەگەڕێمەوە". منیش گوتم، "بێستانەکەمان کاڵەکی گرتووە خەریکە گشتی زەرد دەبێت". گوتی، "هەتا چوارشاخ دەچم و دەگەڕێمەوە". هەرچەند چاوەڕێم کرد نەهاتەوە. خەون بە براکانم و ئامۆزاکانمەوە دەبینم لەنێو ئاواییدا دەگەڕێن.
کاتێک لە زیندان گەڕاینەوە ئێمەیان بردە سموود، ئیتر هەرکەسێک کەسوکارەکەی خۆی بناسیبووایە، دەستی دەگرت و دەیبردە ماڵەوە. لەبەر ئەوەی ماوەیەکی زۆربوو نان و ئاو و خواردنمان نەخواردبوو، کاتێک چاومان بە خواردن دەکەوت، خەریک بوو زیڕەمان دەکرد.
ئیتر هەرکەسێک یەکێکی بناسیبایە دەیبردەوە بۆ ماڵەکەی، هێشتا گرانییەکە نەهاتبوو خۆم و منداڵەکانم چووینە خانووێکی شڕ، نەک هەر من، گشت ژنە ئەنفالەکان، ئەگەر یەکێک کەسوکارێکی هەبووایە لە شار باش بوو. هەریەکێک بە جۆرێک هاوکارییان دەکردین، هەبوو هەندێک ئارد و هەندێک شەکر و چاییان بۆ دەهێناین. بەو رەزاڵەتە ژیانمان بەسەر دەبرد، ماوەیەکی پێچوو گرانیی بەسەرداهات. گرانییەکە لە ئەنفالەکە خراپتربوو کە بەسەرماندا هات.
کاتێک لە دوبز بووین، ئەشکەنجەی زیندانەکانیان دەدا. بە جۆرێک ئەشکەنجەیان دەدان خەڵتانی خوێنیان دەکردن. یەکێک لە ئەفسەرەکان ناوی جومعە بوو لە منداڵێکی دا کە داوای سەموونی کرد. سەموونەکەی لێسەندەوە. یەکێکی دیکەی لێبوو خەڵکی سلێمان بەگ بوو، مەحموود بەحرییان پێدەگوت. خۆیان راستییەکەیان نەدەگوت کە خەڵکی کوێن. بە عەرەبی قسەی دەکرد، من پرسیارم لێکرد گوتم، "خەڵکی کوێی؟" گوتی، "سلێمان بەگ". گوتم، "ماڵی مامێکم لە سلێمان بەگە". گوتی، "کێیە؟" گوتم، "ناوی حەسەنە و هاوژینەکەی ناوی جەمیلەیە". گوتی، "هاوسێمانە". لەوکاتەوە سۆزی بەرامبەرمان هەبوو، ئەشکەنجەی خەڵکەکەی نەدەدا. دوو کەسیان باش بوون کەلوپەلیان بۆ خەڵک دەهێنا، بەڵام دووی دیکەیان خراپ بوون. بۆیان بکرابووایە سەرمانیان دەبڕی. دەیانگوت ئێوە وەک ئەم دار قەلەم تۆزەن، لەبنەوە بتانبڕین هەم دەژیێنەوە.
بهشی بكه لە