رزگاربوویەکی ئەنفال: ئەوەی بەسەر نوگرە سەلماندا هات، هیچ زاڵمێک لە جیهان نەیکردووە
رەزا حەسەن مارف رزگاربوویەکی دیکەی ئەنفالە و دەڵێت، خۆم حەوت کەسم ئەنفالە، هی ئامۆزا و خاڵۆزاکانیشم 40 بۆ 50 کەس دەبن.
ئەو رزگاربووەی ئەنفال باسی ئەو کاتە دەکات کە لە نوگرە سەلمان بوون و دەڵێت، ئەوەی بەسەر نوگرە سەلماندا هات، هیچ زاڵمێک لە جیهان نەیکردووە "کابرایەکی لێبوو ناوی حەجاج بوو، ئەو حەجاجە کێبڵێکی بەدەستەوەبوو هاتە ناومان، ئەو کێبڵەی لە هەر کەسێک بدابایە گیانی دەردەچوو، هاتە ناومان و لەمسەر بۆ ئەمسەر بەناوماندا دەگەڕا و قسەشی نەدەکرد، ئەوەی ئەقڵی نەیبڕیبوایە کێبڵێکی لێدەدا".
دەقی قسەکانی رەزا حەسەن مارف، رزگاربوویەکی ئەنفال
ئێوارەبوو گوندەکەمان بۆمبێکی بەرکەوت، ئێمە وامانزانی بۆردوومانە، بەڵام بۆمبی کیمیایی بوو. دووکەڵەکەی بەسەر ئاسمانی گۆپتەپە و ئەسکەر و بەشێکی کانی هەنجیریش بڵاوبووەوە، کاتێک لە گوندەکەی خۆمانەوە سەیرمان دەکرد بینیمان سوپای عێراق لە کلکە سماق و ئاغجەلەرەوە دەهاتن، گۆپتەپە کیمیاباران کرا، ئێمە نەماندەزانی کیمیا بارانە، هەروەها لە خاخەرانەوە گوتیان سوپا بەڕێکەوتووە بۆ سەرووی خاخەران، لە تەقتەقەوە هاتن بۆ قەمیشە و گرد خەبات، واتە سوپای عێراق لە چوار قۆڵەوە هێرشی هێنا، بەهەرشوێنێکدا دەهاتن دووکەڵ و خانوو سووتاندن و هاوار و تاڵان و رۆ رۆ بوو، هەرچوار دەورمان گیرا، ئێمەش لە دێیەکەمان ئەوەی گوێدرێژی هەبوو، ئەوەی دیکە بە کۆڵ بەرەو چەمی بابڕشە چووین بۆ ئەوەی لە نێو گوند نەمێنین و بەر بۆردوومان نەکەوین، چەمەکەش 4 بۆ 6 کیلۆمەتر لە ئاواییەکەمانەوە دوور بوو، شوێنەکی سەخت و شاخاوی و هەڵدێر و پڕ قەمیش بوو، خەڵک لە تەلانەوە لە ترسان خۆی رووتدەکردەوە تاوەکو بەیانی رۆشتنە خوارێ بۆ چەمەکە. ئەو شەوە فەردە ئارد و شەکر و ساج و ئەو کەرستانەی ژیانیمان هێنا بۆ ئەوەی ماڵ و منداڵی پێ بەخێو بکەین و پێمانوابوو ئەو سوپایە ماوەی 10 رۆژی پێدەچێت تاوەکو دەگەڕێتەوە، ئێمەش لەو چەمە ژیان بەسەر دەبەین و پاشان دەگەڕێینەوە ئاواییەکەمان.
ماوەی دوو بۆ سێ رۆژی پێچوو لەو چەمە ماینەوە، کاتێک بینیمان جەیش و جاش هاتوونەتە دیارمان و هەرچوار دەوری چەمەکەیان بە تانک و زرێپۆش گرتووە، ئێمەش ئاگامان لە هیچ نەبوو.
من مێگەلێک مەڕم پێبوو منداڵەکانمان شەو دەچوون خۆیان دەشاردەوە، ئەو چەمە نزیکەی 500 کەسی لێدەبوو، شەو کە نانمان دەخوارد دەچووین خۆمان دەشاردەوە، بەیانییەک هەستام پیاوێکمان لەگەڵبوو چەکێکی بڕنۆی پێبوو، گوتم ئەوە بۆ کوێ دەچی؟ گوتی هەندێک عەلەشیش و قازم هەیە دەچم ئاویان دەدەم، من لەو چەمە بەستراومەتەوە بە خودا لە کیمیا دەخنکێن، وەرزەکە بەهاربوو دونیا گەرم بوو، گوتی هەم پارێزگاری لە ئێوە دەکەم و هەمیش عەلەشیش و قازەکانم ئاو دەدەم، منیش گوتم درەنگە سوپا دەتبینێت، گوتی نابەخوا بەو دۆڵە سەردەکەومە سەر شاخەکە.. ئەوبوو بەبەرچاومەوە سەرکەوت و گەیشتە سەرەوە چەند سەباز و جاشێکی لێپەیدابوو تەقەیان لێکرد، ئەویش بڕنۆیەکی پێبوو تاوەکو فیشەکی پێبوو لەقەت پاڵ ئەو شاخە شەڕی کرد، جاش و جەیشەکە دەڕۆیشتنە ئەودیوی شوێنەکە، لە کۆتاییدا فیشەکی پێنەما تەقەیەکی زۆریان لێکرد و لەوێ کوشتیان، دوای کوشتنی سوپا سەر شاخەکە کەوت، ئینجا بۆ ئێمە بەدیارکەوت کە جەیش جاش دەورەمانی داوە.
چۆن دەڵێن ئاخیر زەمان دونیا خراپ دەبێت، ئەو رۆژەش هەروابوو، 3 بۆ 4 ئارپیجیان بەنێو قامیشەکەوەنا، لەو شاخە بوو بە گرمەو لرمەیەک منداڵ زراوی رژا، 125 مێگەل مەڕ لەو چەمەدابوون، کە هەر هی دێیەکەی ئێمە نەبوو بە تەنها، هی دێیەکانی دیکەشی لێبوو، نزیکەی هەزار دانە وڵاغی لێبوو. ئەو رۆژە رۆژە رەشەکەبوو، تاوەکو هاواریان کرد گوتیان وەرنە خوارەوە ئەوەی بەدەم بانگەوازەکەمانەوە نێت و ئێمە بیگرین گوللـەبارانی دەکەین، خەڵکەکەش هەر لە خۆیەوە لە ترسان هاتنە دەرەوە بۆ سەرباز و جاشەکان، ئێمەیان بە شێوەی بازنەیی وەکو شایی لە تەک یەک ریز کرد، ژنەکان لەلای چەمەکە و پیاوەکانیش لای دارەبەنەکان، ئەفسەرێکی لێبوو، دوو سەربازی بە دوو کیسەوە رەوانەی لای ئێمە کرد، ئەفەسەرەکە دەمانچەیەکی بەدەستەوە بوو، گوتی بە کوردی و عەرەبی پێیان بڵێن ئێمە بەدوای ناسنامە و رەگەزنامەو پارە دەگەڕێین، ئەوەی یەک دیناری پێ بمێنێت و نەیداتە دەست ئەو دوو سەربازە بەو دەمانچەیە لەسەری دەدرێت، ئەفسەرە کوردەکەش بە ئێمە گوت دەزانن چی دەڵێت؟ گوتمان نەوەڵا گوتی دەڵێ یەکێک دینارێک لە باخەڵیدابێت و پاشان دەیپشکنین، ئەگەر دیناری لەلا مابێت بەو دەمانچەیە دەیکوژین، گوتمان باشە، دەستیان کرد بە گیرفانمان هەرچی پارە هەبووایە زۆر یان کەم دەیانخستە نێو کیسەکە، هەر ناوە ناوە کیسەکان پڕدەبوون و دەچوون دایاندەنا و دەهاتنەوە، هەر هەموومانیان پشکنی، پاشان ئەفسەرەکە گوتی دەزانن بۆ ئەو پارەیە لە ئێوە دەستێنین، گوتمان نەوەڵا، گوتی بۆیە ئەو پارەیە لە ئێوە دەستێنین چونکە ئەو پارەیە عێراقییەو ئێوە ئێرانین، ئێوە چوون سوپای ئێرانتان هێنا و ئەوانیش چوون لە کۆمپانیای نەوتیاندا، ئێمەش هەموومان وەکو یەک هاوبەشبووین لە داهاتەکە، بەڵام ئێستا ئەو پارەیە بە ئێوە حەرامە، گوتمان باشە، پاشان دەستیان بەسەر مەڕو ماڵاتەکانماندا گرت و لەنێوخۆیاندا دابەشیان کرد، گا گەلەکە بۆ جاشەکان و مەڕەکانیش بۆ سەربازەکان، ئێمەشیان بەپێش خۆیاندا بەرەو دێیەکە، کاتێک گەیشتینە دێیەکەمان بینیمان دوو شۆفڵی لێیە و خەریکن خانووەکان دەڕووخێنن، ئێمە کاتی نیوەڕۆ گەیشتینەوە دێیەکەمان، بەڵام شۆفڵەکان لە بەیانییەوە دێیەکەیان تەخت کردبوو.
کە ئێمەیان بردە ئەودیو ئاواییەکە کە ئامر لیواکەیان لەوێ بوو نای عەقید نوعمە بوو، ژنەکانیان بردە ژێر چەند دار تووێک کە لەوێ هەبوو، ئێمەش بەیار ئەو گەرمایە بووین، عەقید نوعمەش لەسەر کورسییەک دانیشتبوو، گوتی بە حەقی ئەو قورئانە یەک تاکە سەربازم بریندار ببێت و قەمیشێک بە پێدا بچێت بەو چەکە گشتتان گوللـەباران دەکەم، گوتمان سەیدی ئەگەر هەر سەربازێک برینداربێت و پێشمەرگەی لێبێت ئێمە هەژارین و خەڵکی ئەو دێیەین هیچ دەسەڵاتێکمان نییە، جا ئەگەر هەر شەڕێک بکرێت ئێمە هیچ دەسەڵاتێکمان نییە. گوتی نا، ئێوە بارمتەن بە حەقی قورئان یەک تەقە لە یەک سەربازمان بکرێت ئێوە دەکوژم، گوتمان باشە.
ئێمەی لەو شوێنە هێشەوە ژن بە جیاو ئێمەش بە جیا، هەر ئەوەندەمان زانی هەلیکۆپتەرێک بەسەر ئاواییەکدا هات و لەسەر گردەکە نیشتەوە، خەڵکیش لە ترسان و داماوی و هەژاری و گریان هیچ قسەیەکیان پێنەدەکرا، گوتیان ئەوە بارقە. ئێمە نەماندەناسی بەس گوێمان لە ناوەکەی ببوو، دیاربوو لەگەڵ ئامر لیوایەکە قسەیان کردو گوتیان ئەو خەڵکە هەمووی بار بکەن و بڕۆن، ئەوەبوو ئێمەیان خستە نێو ئیڤا سەربازییەکان، بەڵام تاوەکو سەردەکەوتینە نێو ئیڤاکان تاوەکو تاقەتیان هەبوو بە شەق و دار و لوولەی چەک لێیان دەداین و وەک ئاژەڵ باریان دەکردین، 7 ئۆتۆمبێل بوو ملی رێگایان گرت بەرەو چیای خاخەرانەوە بەو شاخە سەرکەوتین لە ئۆمەر مەندانەوە بەرەو شیوە سوور چووین و لەوێشەوە ئێمەیان بردە سەر جادەی تەق تەق، لە جادەی تەق تەق لە پردەکەی قەراتەوە پەڕینەوە ئەوبەر، لەوبەر 3 بۆ 4 دەواجنی لێبوو ئێمەیان بردە نێو ئەو دەواجنانە، بە سەتان سەرباز و جاش دەورەیان داین، ئەوەندەی پێنەچوو دوای 15 بۆ 20 خولەک جارێکی دیکە باریان کردینەوە و ئێمەیان بەرەو کەرکووک برد، لە رێگای کەرکووک بووین کوڕەکەم برسی بوو گوتی باوکە نان باوکە نان، سەربازەکە گوتی بڕۆ سەی کوڕی سەی لە ئۆتۆمبێلەکە کەوتە خوارەو کەوتە ژێر ئۆتۆمبێلەکانی دیکە و گیانی لەدەستدا، کاتێک گەیشتینە شوێنێک گوتمان ئەو شوێنە کوێیە؟ گوتیان تۆبزاوەی کەرکووکە، لەوێ ئێمەیان دابەزاند و لەیەکیان جیا کردینەوە، پیاوە بە تەمەنەکان بە جیا و گەنجەکانیش بە جیا، ژنە بەتەمەنەکان بە جیا، کچ و ژنە گەنجەکانیش بە جیا، کرانە چوار کۆمەڵە. خەڵکانێکی لێبوو جل و بەرگەکانیان لەبەر داکەندرابوو تەنیا یەک دەرپێ کورتیان لەبەر مابووەوە لە پشتەوەش دەستیان بەسترابوو، سەربازەکان بە سۆندە لێیانیان دەدا و بەبەرچاوی ئێمەیان دەگێڕان، پاشان ئێمەیان خستە نێو هۆڵێکەوە، ژنە پیرەکانیان بە یەکەوە خستە نیو هۆڵێکەوە، گەنجەکانیشیان بە یەکەوە کردە هۆڵێکەوە، پیاوە بە تەمەنەکانیشیان کردە هۆڵێکەوە، پاشان ئەوەی پێگەیشتوو بووایە و سمێڵ و ریشی رەشبووایە رووتیان دەکردەوە بە سۆندە ئەشکەنجەیان دەدا، هەتا ماندوو دەبوون لێیان دەدان و دەیانبردن لەنێو ئاویان دەنان و دەیانبردەنەوە هۆڵەکە، ئێمەشیان کردە هۆڵێکەوەو دەرگایان لەسەر کلیل داین و دەبوو هەر لەنێو هۆڵەکە پیسایی بکەین تاوەکو بەری بەیان لەوێ بووین، هێشتا بانگی بەیانی نەدابوو نزیکەی 13 بۆ 14 ئیڤای سەرداخراویان بۆ هێناین هەموومانیان بە یەکەوە خستە نێو ئەو ئیڤایانە، بە رێگادا دەڕۆیشتن نەماندەزانی بۆ کوێمان دەبەن، ژن و منداڵ بۆ قومێک ئاو هاواریان لێ هەستابوو دەگریان، دونیا رووناک بوو گەیشتینە لای سەماوە سەربازەکان دابەزین و بۆخۆیان چوونە سەر دەریاچەکە و ئاویان دەخواردەوە رێگەشیان بە ئێمە نەدەدا ئاو بخۆینەوە، دوویان دەچوون ئاوو و هەنجیر و ترێیان دەهێنا دوو سەربازی دیکە دەمانەوە بۆ ئەوانیشیان دەهێنا، رێگەشیان بە ئێمە نەدا قومێکیش ئاو بخۆینەوە.
ئیڤایەکان لەنێو سەماوە سوڕانەوە و منداڵەکانیشیان بەرەو شوێنێکی دیکە برد، ئینجا لەوێ خەڵکەکەیان هەموو رووتکردەوە گوتیان کێ پارە و زێڕ و شتێکی بە بەهای پێیە جەیش لە پێشەوەیە لێتان دەستێنن، هەندێکیان ئەوەی هەبوو پێیاندابوون، منیش گوتم مردن هەر مردنە نەیاندەنێ بەخودا ئەوانە تاڵانچین، ئەوەی پێیان بدەن ناتاندەنەوە، لەوێش سەربازەکە دوو سێ سۆندەی لێدام لەبەر ئەوەی گوتم نەیاندەنێ.
لە نەفسی سەماوە لێمانیاندا، کاتێک گەیشتینە سەماوە ئێمەیان بەرەو لایەک برد و منداڵەکانیشیان بەرەو شوێنێک برد کە ناوچەکە شاخاوی بوو وەک بانی مەقان. ئێمەش کە لە سەماوە پەڕینەوە شەومان بەسەر داهات، زانیمان گوتمان بە هەقی قورئان ئەم چەکدارانە دەمانبەن گوللـەبارانمان دەکەن، خەمێک لە خۆمان بخۆین و با 10 بۆ 15 کەسیشمان لێبکوژرێت و ئێمەش ئەو سەربازانە بگرین و چەکەکانیان لێبستێنین و بیانکوژین، لە سەروبەندی ئەو پلانەدابووین کاتێکمان زانی گەیشتینە نوگرە سەلمان، کاتێک گەیشتینە نوگرە سەلمان سوێند دەخۆم 20 هەزار کەسی لێبوو، ئێمەشیان لەوێ دابەزاند و بە شەق و دار لێمانیاندا، کاتێک دابەزین هەندێک ئاوو چڵکاوی نوگرە سەلمانی لێبوو بۆن بۆگەنی مرۆڤی دەکوشت، لە توێنوێتی و لە تاوان دەممان بەو ئاوەوە نا بۆ ئەوەی تۆزێک فێنکمان بێتەوە، چونکە گەرمای نوگرە سەلمان گەلێک بە تین بوو، ئەوەبوو هەر 15 بۆ 20 کەسێک یان بەپێی گەورەیی هۆڵەکە دەیانخستینە ژوورەوە. ماوەی دوو شەو و دوو رۆژ نە ئاو هەبوو نە نان، پاش سێیەم رۆژ دوو کەس هاتن فەردەیەک سەموونی رەقیان هێنا لەگەڵ یەک سەتڵ ئاو بۆ هەموومان.
لە نوگرە سەلمان کابرایەکی لێبوو ناوی حەجاج بوو، ئەو حەجاجە کێبڵێکی بەدەستەوەبوو هاتە ناومان، ئەو کێبڵەی لە هەر کەسێک بدابایە گیانی دەردەچوو، هاتە ناومان و لەمسەر بۆ ئەمسەر بەناوماندا دەگەڕا و قسەشی نەدەکرد، ئەوەی ئەقڵی نەیبڕیبوایە کێبڵێکی لێدەدا.
ئێتر لەوێ ماینەوە بەبێ ئاو و نان و خاوەن، خودا نەبێت کەس خاوەنمان نەبوو، ئەوەی دەشمرد، ئەمنەکان دەهاتن هەر شتێکی پێبوایە لە گیرفانی دەریان دەهێناو دەیانبرد، ئێمەش بە بەتانییەک ئەو تەرمەمان دەبرد بۆ گۆڕستانەکە کە خاکەناسێکی لێبوو هەم کلکەکەی هەمیش دەمەکەی شکابوو، بەو خاکەناسە تەرمەکەمان دەخستە ژێر خۆڵەکەوە و داماندەپۆشی، پاشان سەگی رەشی لێبوو دەچوو خۆڵەکەی هەڵدەکۆڵی و تەرمەکەی دەردەهێنا، هەموو رۆژێک 6 بۆ 25 کەس دەمردن، ئەوەی کەسی هەبووایە خەڵک بە تەنگیەوە بوایە دەمانبرد و بەخاکمان دەستپارد.
ئەو رۆژەی تەرمەکەمان دەبرد و دەهاتینەوە شۆفڵێکی لێبوو زەوییەکەی دەپەستایەوە، سوێندت بۆ دەخۆم ئەو بەسەرهاتەی بەسەر ئەو نوگرە سەلمانەدا هاتووە، نە فیرعەون و نە هیچ زاڵمێک لەسەر ئەو دونیایە ئەو حکومەی نەکردووە.
دوای ماوەیەک کەسێکی لێبوو بە ئەمنەکانی گوت خوا قبووڵ ناکات ئەو تەرمانە بە رووتی بخرێنە ژێر ئەو خاکەوە، پارەی پێبوو تۆپێک قوماشی خامی هێنا، تۆپە خامەکەی پارچە پارچە دەکرد و دەیدایە خەڵک، ئێمەش تەرمەکانمان بەبێ شۆردن و هیچ شتێک دەخستە ناو خامەکە و دەچووین بە خاکمان دەستپارد.
خۆم نەبینیبوو تەرمەکان بخەنە بەردەم سەگەکەوە، بەڵام ئەگەر بشمانی خواردبا ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان پێوە نەبووە، کاری رۆژانەی حەجاجیش ئەوەبوو رۆژانە دەهاتە نێومان و رۆژانە سێ چوار کەسی لێدەکوشتین، ئەمە پیشەی بوو تاوەکو لەوێ بووین.
من نەمبیینوە هیچ کەسێک لەگەڵ خۆی ببات، بەڵام ئەوەی کوردبوو لەژێر دەستی زیندان بوو، دەیبرد لە ستوونەکە هەردوو پێیەکانی دەبەستەوە و سەرەو ژێری دەکردەوە تاوەکو گیانی دەرنەچووبایە یان نیوە مردووی دەکرد، ژن و پیاو لای ئەو جیاوازی نەبوو، نەمبینیوە بە تەنیا هەر ژن ئەشکەنجە بدات.
بەخوا بینیومە بە دارەوە بۆخۆی دەوەستا بە ئەمنەکان ئەشکەنجەی زیندانەکانی دەدا بە بەرچاوی خەڵکەوە تاوەکو گیانی دەردەچوو.
دواتر لێبووردن دەرکرا، کاروان کاروان ئیڤاکانیان پڕ دەکرد و خەڵک دەگەڕێندرایەوە، جاری وا هەبوو بە 10 رۆژ ئیڤایەکیان پڕ دەکرد، جاری وا هەبوو مانگێکی پێدەچوو تا کاروانێکیان دەناردەوە، خۆم 6 مانگ و نیو لەو نوگرە سەلمانە بووم، من دوایین کەس بووم کە دەرچووم.
بە هەقی قورئان، ژێک هەبوو خەڵکی کەرکووک بوو، هاتبوو دوو کوڕی پێشمەرگەبوو هاتبوو بۆ لای کوڕەکانی لەگەڵ ئێمە بە گەردەلوولەوە وەبوو، هەر دەگریا، لەگەڵ ئێمە سووڕیاندا، بەڕۆژوو بوو، ئەو خەڵکە ئەگەر لە 10%ی بەڕۆژوو نەبووبێت، ئەوەی دیکە هەمووی بەڕۆژوو بوو بە ژن و پیاوەوە.
ئەو ژنە بانگی من و کابرایەکی کرد کە ناوی ئەحمەد جەمیل بوو، گوتی ئێوە خەڵکی وڵاتەکەن بۆ لای کوڕەکانم هاتووم، 80 دینارم لە گیرفاندایە من وا مردم، ئەگەر کوڕەکانم فڵان و فڵان هاتنەوە ئەو پارەیان بدەنەوە، ئەگەر نەشهاتنەوە بۆمی بکەن بەخێر لە رای خودا. خودا دەیزانێت ئەمنەکە کە گوێی لەو قسانەبوو هەر یەکەو سۆندەیەکی لێمانداو 80 دینارەکەی برد. ئێمەش بەو ژنەمان دەگوت خوشکم وا دەمری وا گیانت دەردەچێ ئەو گڵاسە ئاوە بخۆ، دیگوت سوێند بەخوا کە خاوەنی ئەو رۆژووانەیە کە من بۆی بەڕۆژوو بوومە لەوێ سکاڵا دەکەم، ئاوو زاد ناچێتە سەر زمانم تاوەکو گیانم دەرنەچێت.
دواتر کە گەڕاینەوە بە 6 بۆ 7 قۆناخ گەڕاینەوە، من لە دوایین قۆناخ گەڕامەوە، ژنێکم لەگەڵدابوو ناوی فاتم بوو لەسەر یەک گڵاس ئاو یەک شیشەی سەبەی لێیدا و یەکسەر گیانی دەرچوو، ئەو ژنە لە مەمەڕەکەی ئێمەبوو، ئێمەش کە بەڕێکراین مەمەڕەکەی ئێمەش چۆڵ بوو، ئێمەیان هێنایەوە سەماوە، لە نێو سەماوە خەڵکەکەی عەشایەر بوون بۆ ماوەی 3 رۆژ لێیان نەگەڕا بچینەوە خزمەتیان دەکردین ماسی و نان و سەموونیان پێدەداین، لە کۆتایی ئەو سێ رۆژە، ئێمەیان هێنایەوە هۆڵەکەی تۆبزاوە، لە تۆپزاوە ئەو شەوەی تاوەکو بەرەبەیان ئێمەیان بەناو کەرکووکدا گەڕاندەوە.
کاتێک لە سەماوە بووین، لە نزیک سەربازگەکە دەمویست سۆراغی کەسوکار و منداڵەکانم بکەم، چوومە لای سەربازێک گوتیان شیعەیە، هەندێک کوردیشی دەزانی، لەبارەی ژن و منداڵەکانەوە لێم پرسی، گوتی زیاتر لە 5 هەزار ژن و منداڵ وا لەو بیابانەی سەماوە لە گۆڕی بەکۆمەڵ بە زیندوێتی زیندەبەچاڵ کراون، ئینجا لەوێ دەستم بە ناڵەو گریان کرد و هاتمەوە، کە هاتمەوە برایەکم لەگەڵمدابوو گوتی بۆ دەگری بۆ تاوەکو ئێستا هیچ عەیبت نەبوو و بۆ وادەکەی چیت بیستووە؟ گوتم بە هەقی ئەو قورئانە ئەو پۆلیسە عارەبە گوتی لەو بیابانەی سەماوە نیوەی شەو گۆڕی بەکۆمەڵیان بۆ هەڵکەندرابوو گشتیان زیندە بەچاڵ کران.
دواتر ئێمەیان خستە نێو ئیڤاکان و ئێمەیان گەڕاندەوە بۆ تۆبزاوە، لەوێشەوە بۆ چەمچەماڵ. لە تەکیە عەلی عەزیزێکی لێبوو قائیمقام بوو، لەسەر پەیژەکەوە بەریداینەوە، نێوچەوانم شکاو هەموو لەشم بە خوێن سوور بوو، گوتی ئەگەر بمزانیبوایە رێگریمان لەو (با)یە دەکرد کە بەسەر دێیە کوردەکانەوە دەهات، رێگەمان نەدەدا بەسەر قەزاو ناحیەکانماندا بێت، پۆلیسەکان کورد بوون لە هەموویان خراپتر بوون، ئێمەیان دایە بەر شەق، تەکیە ناوچەیەکی قەدەخەکراوبوو، دێیەکانمان هیچ نەمابوو، رێگاش نەبوو بچینەوە بۆ دێیەکەی خۆمان، لە تەکیە ئەوماڵ و ئەوماڵ دەگەڕاین ئەگەر یەکێک لە رای خودا تیکەیەک نانمان پێبدات یان شەوێک لای خۆی بمانهێڵێتەوە، دوو ساڵی تەواو ئەمە حاڵمانبوو بەبێ ئەوەی کەس خەممان لێبخوات و سڵاوێکمان لێبکات.
ئەم رووفاتانە کە دەیانهێننەوە، من مەمنوونی ئەو کەسەم ئینجا ئەگەر حیزب بێت یان عەشایەر یان رێکخراو یانیش خێرخوازبێت ئەو رووفاتانە بهێنێتەوە، هەتا دەمرین وادەزانین زیانمان پێنەگەیشتووە، ئەو رووفاتانە لە نیشتمانی عەرەب بێتە دەرەوەو بێتەوە ناو نیشتمان و چەمچەماڵ وڵاتەکەی خۆمان.
ئەگەر رووفاتەکان هی سەماوە بێت هەر وادەزانم منداڵەکانی خۆم لەناو گۆڕستانەکەی خۆمانە. لەوکاتەوەش گوتوومە ئەگەر هەر کەسێک گەرەنتی ژیانم بکات و نەکوژرێم، بمبەن بۆ ئەو ناوچەیە لەو سەربازگەیەوە دەچمە سەر گۆڕی منداڵەکان. کە بەس منداڵەکانی خۆم جیا لە هی خزم و کەسوکارەکەم بە دایکیانەوە 7 کەسم ئەنفالە. هی ئامۆزا و خاڵۆزاکانیشم 40 بۆ 50 کەس دەبن.