بۆ دەرمان وەرگرتن رۆیشت، بەڵام ئەوەندەیان لێدا تاوەکو گیانی لەدەستدا

بۆ دەرمان وەرگرتن رۆیشت، بەڵام ئەوەندەیان لێدا تاوەکو گیانی لەدەستدا

سابیر عەبدی باسی ئەو کاتانە دەکات کە لە نوگرە سەلمان بووە و دەڵێت، "رۆژێک گوتیان دکتۆر هاتووە، سابیری کەریم بەگ هەبوو خەڵکی قەمیشە بوو نەخۆشبوو، چوو بۆ ئەوەی دەرمانی پێبدەن، بەڵام زۆریان لێداو و سەریشیان شکاند، هاتەوە لە ژوورێک کەوت تاوەکو گیانی لەدەستدا". 


پرسیار: کاتێک لە نوگرە سەلمان بوون، ئەگەر کەسێک نەخۆش بکەوتبایە، چیان لێدەکرد؟ ئایا دەیانبرد بۆ نەخۆشخانە؟

ناوەڵا نەخۆشخانە نەبوو، رۆژێک گوتیان دکتۆر هاتووە، ئەو خەڵکەش کۆبوونەوە.. سابیری کەریم بەگ هەبوو خەڵکی قەمیشە بوو نەخۆشبوو، چوو بۆ ئەوەی دەرمانی پێبدەن گەلێکیان لێداو سەریشیان شکاند هاتەوە لە ژوورێک کەوت تاوەکو مرد.

سابیر عەبدی مەحموود

نادر هەبوو، خەڵکی لای ئێمەبوو، رۆژێک سەتڵێکی برد ئاو بهێنێت، گوتی سەتڵێک ئاومان پێبدەن کەسێکمان مردووە دەیشۆین، سەتڵەکەی لێوەرگرت وایزانی ئاوەکەی دەداتێ، تاوەکو گرتی سەتڵەکەی بەسەریدا کێشاو سەری شکاند، ئەویش بە سەری بریندارەوە هاتەوە.

ئەوانەی کەوا سەرپەرشتیاری هۆڵەکان بوون، خواردنیان دەهێنا بە قاچاخ پێیان دەفرۆشتین، رۆژێک گوتی ئەمە خەتای ئێوەیە ئەوانە خواردن دروست دەکەن و نان دەخۆن، هەموویانی برد لەبەر ئەو هەتاوە دەستیانی بە ستوونێکەوە بەستایەوە بۆ ماوەی چەند کاژێرێکی هێشتنەوە لەبەر ئەو خۆرە گەرمە.

ئاو بە تانکەر دەهات، ناو حەوشەکە چەمەنتۆ بوو، لەوێ تانکیان دانەنابوو ئاویان بۆمان تێدەکرد، ئەگەر یەکێک چووبایە لای ئاوەکە تا پڕ دەبوو، بە قامچی لێیان دەدا، بە خودا رۆژێک من لەدوورەوەش وەستابووم، کەسێکیان کردبووە بەرپرس ناوی مام ساڵح بوو، شانێکی دا لە شانم منی خستە سەر ئەرزەکە و بەر لێوار سەبەکە کەوتم و شوێنی برینەکەم رەنگی شین و مۆر بوو، گوتم مام ساڵح من چیم کردبوو بۆ ئاوات لێکردم، گوتی وەڵا لەو دونیاش بێیتە لای من ئاوت نەدەمێ. ئەوە ژیانمان بوو ئاو نەبوو نان نەبوو، نەدەوێرانی نە دەنگ بکەی نە قسە بکەی.

پرسیار: پرسیارتان دەکرد بۆ واتان لێدەکەن؟

پرسیارمان دەکرد، دەیانگوت بۆ دەجوڵێنەوە، بۆ قسە دەکەن و شەڕ دەکەن؟ ئێ 4 ملیۆن کەس لە شوێنێکدابێت ئەگەر ئەسحابەش بن دوو کەس هەر شەڕ و چەقە چەقیان دەبێت.

پرسیار: ئێوە لە چ ئاواییەک بوون کاتێک ئەنفال کران؟

لە کانی هەنجیر.

پرسیار: چۆن بوو؟ باسی بکە.

ئێمە لە کانی هەنجیر لەبن ئەو شاخانە خۆمان حەشاردابوو، ئەوسا منداڵ بووم، کاتێک جاشەکانی تەحسین شاوەیس هاتن، لە بن ئەو شاخانە کۆمانیان کردەوە و ئێمەیان بردە کانی هەنجیر، خوا هەڵناگرێ لەوێ تەحسین شاوەیس گوتی رێگەنادەم ماڵ و منداڵەکانتان بگیرێت، هەمووی بۆ چەمچەماڵ و تەکیە نارد، ئێمەشیان کردە ناو ئیڤای سەربازی و بۆ چەمچەماڵیان بردین، لەوێشەوە بۆ ئاغجەلەر پاشان بۆ سلێمانی، نزیکەی 10 بۆ 20 شەو لە سلێمانی بووین، پاشان ئێمەیان بردە تۆبزاوەی کەرکووک و چوار شەویش لەوێ بووین، چوارەمین شەو ئێمەیان بردە نوگرە سەلمان، لە نوگرە سەلمانیش ئەو حاڵەمان بەسەر هات، رۆژێک یەک سەموونیان پێدەداین، رۆژێکیش دوو سەموون، ئاوێکی گەرم و پیسیشیان پێدەداین، دوای ئەوەی ئەو ئاوەمان دەخوارد بۆنی نەوتی لێدەهات.

ئێمە 25 بۆ 30 ساڵ پێشمەرگەمان بەخێوکرد، بە هەقی قورئان رەنگە 20 فەردە برنجم بەدەمی پێشمەرگەدا کردبێت، ئەوەش ئەنجامەکەیەتی، وەڵا ئێمە کوردستان رزگار دەکەین بۆ نەوەکەمان.

پرسیار: حاجی کاتێک لە نوگرە سەلمان بوون، مامەڵەی ئەفەسەر و هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ ژن و منداڵەکان چۆن بوو؟

من ئاگام لە ژن و منداڵەکان نەبوو، ئەوان دوور بوون لە ئێمەوە، ئەوان لە هۆڵێکی دیکەبوون، دوای نیوەڕۆیان تۆزێک دەرگایان لەسەر دەکردنەوە منداڵەکان لە خۆشیاندا خۆیان لە خۆڵەکە دەگەوزاند.
هەرچی ژن بوو لەو زیندانەبوو سەری خۆی تاشیبوو لەبەر ئەسپێ و کێچ و خۆڵ و تۆز و گەچ، نە ئاو هەبوو خۆت بشۆی نە خۆت بتاشی، ئەو 6 مانگە هەر ئەوە جلوبەرگەی لەبەرمان بوو هەر ئەوەبوو.

پرسیار: بۆ خۆشووشتن چیتان دەکرد؟

پارچە چینکۆیەکیان لەسەر ئاودەستەکە دانابوو، ئەگەر بتویستبا تۆزێک ئاو بەخۆتدابکەی، ئەویش ئەگەر یەکێک پیس بووایە هەر پاکیش نەدەبوویەوە.. مەسینەیەک ئاوی بەسەرخۆیدا دەکرد، بەبێ سابوون. ئەگەر ئاوێکی گەرم نەبێت و سابوون نەبێت و لیفکەیەک نەبێت و بەرگەکەی خۆت نەگۆڕی.. ئەمە کەی دەکاتە خۆشووشتن.

پرسیار: دەگوترێت کاتێک لێبووردن دراو لە نوگرە سەلمان ئازادکران دووبارە لە دووبز بە تەمەنەکانیان کۆکردووەتەوە سووکایەتیان پێکردوون، تۆ ئەمەت لەبیرە؟

من لەگەڵیان نەبوومە تاوەکو بزانم سووکایەتیان پێکردوون.

پرسیار: تۆ لەنێو پیاوە پیرەکان بووی؟

من لەنێو پیاوە پیرەکان بووم، ئێمە کە بەر لێبووردن کەوتین و گەڕاینەوە چەمچەماڵ یەک ژنیشمان لەگەڵ نەبوو، هەمووی پیاو بووین. 50 پیاو لەنێو ئیڤایەکدا بووین، لە شوێنێک رایانگرتین تانکەرێک ئاوی لێبوو چووین دەست و چاومان شووشت، نوێژی بەیانی ببوو یان نەببوو هاتینە تۆبزاوە، لە تۆبزاوە رایانگرتین تاوەکو رۆژ گەرمبووم، لەوێ باریان کردین راستەوخۆ بۆ سلێمانی، کاتێک گەیشتینە سلێمانی خەڵکی سلێمانی نان و ئاو و خواردن و پاکەتیان بۆ هێناین، بەڵام کەس بۆی نەدەخورا، هەموو ریخەڵۆکمان وشکببووەوە.

پرسیار: کاتێک لە نوگرە سەلمان بوون، ئەگەر کەسێک نەخۆش بکەوتبایە، چیان لێدەکرد؟ ئایا دەیانبرد بۆ نەخۆشخانە؟

ناوەڵا نەخۆشخانە نەبوو، رۆژێک گوتیان دکتۆر هاتووە، ئەو خەڵکەش کۆبوونەوە.. سابیری کەریم بەگ هەبوو خەڵکی قەمیشە بوو نەخۆشبوو، چوو بۆ ئەوەی دەرمانی پێبدەن گەلێکیان لێداو سەریشیان شکاند هاتەوە لە ژوورێک کەوت تاوەکو مرد.

پرسیار: ئەگەر یەکێک بمردبایە چیان لێدەکرد؟

هەر بە بەرگەکەی خۆی یان بەتانییەکیان لێ دەئاڵاند، بەبێ ئەوەی بیشۆن و دەیانبردە دەرەوە. من نەمدەتوانی بچمە دەرەوە نەخۆش دەکەوتم، لە دەرەوە هەندێک زەوییەکەیان هەڵدەکەند و دەیانشاردەوە، دوایی دەیانگوت سەگەکان تەرمەکەیان دەردەهێناو دەیانخوارد، بەڵام من ئەوەم بەچاوی خۆم نەبینیبوو، نازانم راستە یان نا.

پرسیار: ئەو خەڵکەی لەو شوێنە زیندانی کرابوون، لەگەڵ نوێژ و رۆژوو چۆن بوون؟

ئێمە مانگی رەمەزان لەوێ نەبووین، نوێژیش ئەوەی بیتوانیبا نوێژی دەکرد، مەسینەیەک ئاوی پەیدا دەکرد و دەستنوێژەکەی هەڵدەگرت، بەڵام من نەمدەتوانی نوێژم نەدەکرد، بەڵام حاجی عەبدوڵڵای خاڵۆزام و حەمەی عەلی نوێژیان دەکرد، حەمەی عەلی ئێستا ماوە لە گۆپتەپەیە.

پرسیار: ئەگەر لە کاتی نوێژکردن بەعسیەکان یەکێکیان ببینایە چیان لێدەکرد؟

پۆلیسەکان هەندێکیان گەلێک باشبوون، هەر دەیانگوت روو لە خودا بکەن و بپاڕێنەوە، بەڵام حەجاج کە دەهاتە ئەوێ بەنێو زیندانەکان دەکەوت، دەیوگت بزانم کێ خواردنی هێناوە، ئیتر دەیبرد و تێری لێدەدا، دەیگوت پێم بڵێ ئەو برنجەت لەکوێ هێناوە و کێ بۆتی هێناوە.

پرسیار: تۆ لەو کاتە چەند منداڵت هەبوو؟

چوار کوڕم هەبوو. ناویان سلێمان، قادر، تاڵب و تۆفیق بوو، لە تۆبزاوە لە ئێمەیان دابڕاندن.

پرسیار: هیچ کاتێک خەون بە منداڵەکانتەوە دەبینی؟

ئەی چۆن، ئەرێ وەڵا ..

پرسیار: ئەگەر ئێستا حەجاج یان سەدام حوسێن بێتە بەردەستت و پێت بڵێن هێشا زیندون، چ هەقێکیان لێدەستێنیەوە؟

وەڵا یەک هەقێکی لێ ناسەنمەوە، ماڵی ئاوا بێ. ئەگەر دەستیشم بڕوات لە پێشمەرگەو کوردستانی دەستێنم، چونکە ئەگەر پێشمەرگە رێگەی پێ بداباین بۆخۆمان بڕۆین بۆ وامان لێدەهات، حکومەت 10 رۆژ پێشتر بانگەوازی کردبوو بۆ ئەوەی خۆمان رادەست بکەین، ئەوکات هیچمان لێنەدەهات.
مەلا مستەفا رەحمەتی خوای لێبێت گوتی کاکە دەسەڵاتم نەما خواحافیز، چووین خۆمان رادەستکردو حکومەت چەکەکانی لێوەرگرتینەوەو 50 لیرەشی پێماندا، بەخوا سەدام حوسێن لەمانە پیاوتربوو رەحمەت لە قەبرەکەشی.

پرسیار: تۆ پێشمەرگەی سەردەمی مەلا مستەفا بووی؟

نەوەڵا قەت پێشمەرگە نەبوومە، بۆ ناوی وەڵا لە ساڵی 1969 چوار پێنج مانگ بۆ 10 مانگ پێشمەرگەی کۆڵوانە سوور جەلالی بووم، ئەویش بە زۆر بردمیان.

پرسیار: دەڵێن حکومەتی بەعس پێشتر بۆ ماوەی 4 مانگ بانگەوازی کردبوو بۆ ئەوەی گوندەکان چۆڵ بکەن؟

بەڵێ بەڵێ، دەیگوت چۆڵی بکەن و وەرنە ناو حکومەت، حکومەت دەرگای لەسەر پشتە، بەڵام پێشمەرگە رێگەی پێنەداین بچین. ئێستا بچیتە ناو هەر فەرمانگەیەک بڵێی پێشمەرگەم بەخێوکردووە، پێت دەڵێن چیت کردووە.