رزگاربوویەکی ئەنفال: ئێستاش خەون بە باوکمەوە دەبینم
ئەسعەد شکور غەفوور رزگاربوویەکی دیکەی ئەنفالە و دەڵێت، باوکم و برا گەورەکەم ئەنفال کران، ئێستاش خەونیان پێوەدەبینم.
پێش هێرشەکە لەسەر قەڵاوە تۆپبارانی نێو ئاوایی دەکرد، لەبیرمە شەوێک لەکاتی تۆپباران هەر ماڵێک ژێر زەمینێکی بۆخۆی دروستکردبوو دەچووە نێو ژێر زەمینەکەوە، دایکم پێمانی دەگوت بڕۆنە نێو ژێر زەمینەکەوە، ئەوکات من تەمەنم 8 ساڵ بوو، ماوەی هەفتەیەک بەم شێوەیە تۆپبارانی نێو ئاواییەکەمان دەکرا، ئیتر سوپا هاتە دەوری ئاواییەکەمان و پێشمەرگە شەڕی کرد، دوای ئەوە سوودی نەبوو ئێمە رامانکرد. بەبیرم دێت لەنێو تاوێر و گەنم بۆ چەند رۆژێک خۆمان حەشار دەدا، دایکم دۆینەو ساواری بۆمان دەکر.
بەبیرم دێت لە ئاواییەکانەوە دووکەڵ هەستا، دایکم گوتی ئەوە ماڵەکەی ئێمەیە دەسووتێت، باوکم گوتی بڕۆین بیکوژێنینەوە، گوتی کوژاندنەوەی چی تەواو تازە ژیانمان نەما دەبێت جێی بهێڵین و بڕۆین.
ئەوەبوو چووینە بنەکە، شەوێکیش لەوێ بووین، بنەکەش هەمووی رایکرد. چووینە عەلیان کۆن، لەوێ سوپا هات و بووە هەڵڵا و قیژە و خەڵک هەمووی بەرەو ملەسوورە رایانکرد. ئێمە کەسوکارەکانمان کە گەلێک زۆربووین بە تراکتۆر چووینە ملە سوورە. لەوێبووین مستەشارێک هات و گوتی زەویتان پێدەدرێت و حکومەت پارەتان پێدەدات، خەڵکەکەش دڵی خۆشبوو، ئیتر هەموویان لە نۆرە وەستان و ناویان نووسرا، پاشان ئیڤای سەربازی هات و ئێمەیان بەرەو مەیدان برد، نازانم دوو سێ شەو لە مەیدان بووین.
پرسیار: چۆن ئەشکەنجەی خەڵکیان دەدا؟
لە مەیدان هێشتا ئەشکەنجەدان دەستی پێنەکردبوو، بەبیرم دێت نان و سەموونیان بۆمان دەهێنا، رۆژێک سەرلەبەیانی هاتن ئیڤایەکی زۆری سەبازی هاتن هەموو خەڵکەکەیان سوار ئیڤاکان کرد و ئێوارەیەکی باراناوی گەیشتینە شوێنێک گوتیان ئەمە تۆبزاوەیە. لەوێ خەڵکەکەیان لە یەک جیاکردنەوە، کاتێک پیاوەکانیان جیاکردنەوە، ژنەکان تێگەیشتن و کردیانە قیژەو گریان گوتیان تەواو ئیتر پیاوەکان نابینینەوە، لەو کاتەوەش باوکم نەبینییەوە.
پرسیار: ئەو ماوەیەی لە دووبز بوون حاڵتان چۆنبوو؟
نان خواردن نەبوو، ئیڤایەک دەهات هەندێک سەربازی تێدابوو خواردنیان دەهێنا بە بێڵ خواردنەکەیان تێدەکرد، هەندێک برنج و هەندێک شۆربایان لەسەر دەکرد و زۆر بە پیسی ئەو خواردنەیان دابەش دەکرد، ئەوەبوو نەخۆشی کەوتە نێومان، بەشێکی زۆر لە منداڵەکان مردن، تەنانەت منداڵانی تەمەن 1 بۆ 12 ساڵانیش گیانیان دەسپارد. بەبیرم دێت کوڕێک ناوی یاسین بوو لە دووبز مێردمنداڵ بوو بردیان، ژنەکان گوتیان دەرزیان لێداوە یەکسەر ئەمری خودای کرد.
ئامۆزایەکم ناوی بەشداربوو، ئەویش هەر لەوێ گیانی سپارد، ژمارەیەک زۆر مردن، باس ناکرێت. نەخۆشی و هیلاکی، ئەشکەنجەی ئەو خەڵکانەیان دەدا، رۆژێک ژنەکان گلەیی ئەوەیان کرد کە خواردنەکەی پێیان دەدرێت پیسە و بە کەڵکی خواردن نایێت، ئەوەبوو هاتن و دەرگایان لەسەر داخستین، بەو گەرمای تەمموزە تاوەکو ئێوارە دەرگایان لەسەرمان نەکردەوە.
پرسیار: لەگەڵ منداڵەکان هەڵسوکەوتیان چۆن بوو؟
ئەوان وەکو دڕندە وابوون، هیچ مرۆڤایەتییەکیان پێوە دیار نەبوو، بۆ نموونە رۆژێک من لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆمان بووم، شامیان هێنا، منداکانیش چاویان بەو شامیە کەوت هەر شێت بوون، ئێمە 6 بۆ 7 مانگ لەو زیندانەبووین شامیمان نەبینیبوو، گوتیان بیگوازنەوە بۆلای هۆڵەکە، نێوانەکەی 50 مەترێک دەبوو هەر بە دەست دەمانگواستەوە، منداڵێک ناوی غازی بوو، پێموابێت خەڵکی قەرەداخ بوو هاوڕێم بوو، هەمیشە بە یەکەوە یاریمان دەکرد، شامیەک لە دەستی بەربووەوە شکا، ئەفسەرێک هات کە دوو ئەستێرە و داڵێک بەسەر شانیەوە بوو، لەققەیەکی تێ هەڵدا دوو بۆ سێ مەتر رۆیی خەڵتانی خوێنبوو، پاسەوانەکانیشی بارەکەڵڵایان لێدەکرد.
یەکێکی دیکەی لێبوو ناوی مەحموود بوو، زۆر خراپوو خەڵکی زۆر ئەزیەت دەدا و لە منداڵەکانی دەدا، ئێمە یاریمان دەکرد، تەنکییەک هەبوو لەسەربان بۆ ئاودەست دایاننابوو، ئێمەش منداڵبووین نەماندەزانی دەچووین لەنێویدا مەلەمان دەکرد، رۆژێک دەورەمانیان گرت، هەموومان رامانکرد، کوڕێک ناوی حەیدەربوو ئەویان گرت، زۆریان لێدا، دایکی حەیدەر و ژنەکانی دیکە هەموویان دەستیان بە قیژەلێدان و هاوار کرد وەک جەنازەیەک لەژێر دەستی سەربازەکان دەریان هێنا، بە کێبڵ لەو منداڵەیان دەدا.
ئەو رۆژی ئازادیان کردین، بە کێبڵ لە خەڵکیان دەدا، ژنێکی لێبوو زۆر زیرەک بوو ناوی میم خورشید بوو، دەستیکرد بە جنێودان و گوتی خوا هەڵناگرێ ئەوەتا بەرمان دەدەن بۆ لەو خەڵکە دەکەن، ئیتر ئەگەر یەکێک دواکەوتبایە کاتێک ناوەکەی دەخوێندرایەوە بە کێبڵ دەکەوتنە گیانی.
سەربازەکان بۆخۆیان هەموو خواردنێکیان لابوو، جاری وا هەبوو تەماتە یان خەیاریان دەخوارد، ئێمەش لە دوورەوە سەیرمان دەکرد خەریکبوو گیانمان دەردەچوو. تەماتەیەکمان ببینیبا خەریکبوو گیانمان دەربچێت. جاری واهەبوو ئەگەر فڕێیان دابووایە رەنگە 20 منداڵ خۆی بۆ تێ هەڵبدا.
منداڵ هەبوو بۆ خەیار دەگریا تاوەکو گیانی دەردەچوو، بۆ تەماتە دەگریا تاوەکو گیانی دەردەچوو، داوای نانی دەکرد تاوەکو گیانی دەردەچوو، هۆڵەکە 100 خانەوادەی تێدابوو، ئامۆزایەکەم کە ناوی بەشداربوو گیانی دەرچوو هیچ خواردنێک نەبوو پێی بدەن، چەندین منداڵی دیکە وەکو ئەو لە برسان گیانیان دەرچوو، رۆژانە 3 بۆ 10 منداڵ دەمردن، گۆڕستانێک هەبوو پێیاندەگوت حەویجە، ئەیانبرد بۆ ئەو گۆڕستانە خۆیان و خوای خۆیان نازانین چیان لەو تەرمانە دەکرد.
باوکم و برا گەورەکەم ئەنفال کران، برایەکیشم لەگەڵ خۆمان بوو ئەو لەگەڵ ئێمە گەڕایەوە، برا گەورەکەم کە لەدایکبووی ساڵی 1972 بوو تەمەنیشی زۆر گەورە نەبوو لە تۆبزاوە لەگەڵ پیاوەکان ئەویشان برد. ئەو سەرەتا لەگەڵ سەر ئاژەڵەکان بوو لەگەڵ ئێمە نەبوو، کە هاتە تۆبزاوە ئەویشیان لەگەڵ پیاوەکان برد.
خەونیان پێوە دەبینم، بەڵام زۆر بە کەمی، خەون بە باوکمەوە دەبینم، بەڵام خەون بە براکەمەوە نابینم.