رزگاربوویەکی ئەنفال: کەسێک بەناوی حەجاج پێیگوتین لێتان نادەم بەڵام نانتان پێنادەم

رزگاربوویەکی ئەنفال: کەسێک بەناوی حەجاج پێیگوتین لێتان نادەم بەڵام نانتان پێنادەم

ئاوات خورشید، رزگاربوویەکی ئەنفالە و باس لەوە دەکات، لەگەڵ خوشکێکی، سێ برا و دایکیان گەڕاونەتەوەوە، بەڵام باوکی هیچ چارەنووسێکی نەبووە و ئەنفال کرا، دەشڵێ "تاوەکو مردن چاوەڕێی باوکم دەکەین".

ئەو رزگاربووە باسی لەوەش کرد، کاتێک دەستبەسەربوون و ئەنفال کراون کەسێک بەناوی حەجاج پێیگوتوون، لێیان نادات بەڵام لەجیاتی ئەوە نانیان پێنادات.

دەقی قسەکانی ئاوات خورشید، رزگاربوویەکی ئەنفال

پرسیار: باسی پێش ئەنفالمان بۆ بکە، ئێوە چەند کەس بوون لە ماڵەوە، ژیان لە دێیەکەتان چۆن بوو؟ تەمەنت چەند بوو ئەوکات؟

ئێمە پێش ئەنفال لە دێیەکەی خۆمان بووین لە قەڵا چەمەنە لە ناوچەی داودە، ژیانێکی خۆشمان هەبوو، بە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و جووتیارییەوە سەرقاڵ بووین، باوکم ئاژەڵداری و جووتیاریی دەکرد.

رۆژێک گوتیان سوپا دێتە ئاواییەکەمان، ئەوەی من بە بیرم دێت فڕۆکە چووە سەنگاو سوپا هات و شەڕ دەستیپێکرد، دوای دوو رۆژ لە بۆردوومانی فڕۆکە، شاڵاوی ئەنفال دەستیپێکرد، من منداڵبووم ئەوکات تەمەنم 10 ساڵان دەبوو، نەمدەزانی مانای ئەنفال چییە. ئەوەبوو سوپا هاتە ئاواییەکەمان، ئێمە چووینە دێیەکی دیکە و بە بەرچاوی خۆمانەوە دێیەکەی ئێمەیان بە شۆفڵ رووخاند، ئێمە لە ماڵەکەی خۆمان حەوت سەر خێزان بووین، بێجگە لە مامم و خێزانەکەی و منداڵێکیان، ئەوان سێ کەس بوون جیابوون لەگەڵ ئێمە.

دوای ئەوە هاتینە ملەسوورە، لەوێبووین سوپا و جاش هاتن تەقەیان کرد و گوتیان خۆتان رادەست بکەن، ئێمەش خۆمان رادەستکرد، ئاژەڵەکانمان لەوێ جێما و خەڵک دەگریا، پیاوەکان نیوەیان رایانکرد و نیوەی دیکەش سواری ئیڤا سەربازییەکانیان کردین و ئێمەیان بردە قۆرەتوو، لە قۆرەتوو شەوێک ماینەوە، دوای شەوەکە ئێمەیان بردە شوێنێک لای باخێک بوو، نازانم چ شوێنێک بوو.

دوای ئەوە هەلیکۆپتەرێک هات لە کەلارەوە، گوتیان شێخ جەعفەر دەڵێ ئەو خەڵکە بگەڕێتەوە بۆ قۆرەتوو، ئەوانە عایدی منن، ئەو شەوە ئێمەیان بردەوە بۆ قۆرەتوو، ئێمەیان بردە تۆپزاوا لە کەرکووک، کاتەکەی عەسر بوو، باران بوو، باوکمانیان جیاکردەوە لە ئێمە، ئافرەتەکانیش بە جیا، منداڵەکان لە ئیڤایەک بەجێمان، تاوەکو دایکمان چوو منداڵەکان بباتە ژوورەوە و بگەڕێتەوە، باوکم گوتی با منداڵەکان بدەمە دەست دایکیان، سەربازەکە رێگەی نەدا و دەستی باوکمی کەلەپچە کرد و لەگەڵ پیاوەکانی دیکە چاویان بەستن. پاشان ئێمەیان کردە ژوورەوە، باوکم بە دایکمی گوت، ئیتر ئەو منداڵانە نابینمەوە کۆتا جارمە ئەمانەتی تۆ بن.

شەوێک لە تۆپزاوە بووین لە ژوورێکی بچووکی زۆر ناخۆش، سەربازەکانیش بەدیارمانەوە پاسەوانییان دەکرد، بەیانی ئێمەیان بردە دووبز، ماوەی دوو مانگ لە دووبز بووین، شوێنەکەمان لە دووبز باش بوو، زۆربەی سەبازەکانی ئەوێ کورد بوون، خەڵکی دووبز و کەرکووک بوون لەگەڵ ئێمە باشبوون، دوای دوو مانگەکە ئێوارەیەک ئیڤایەکی سەرداخراویان هێنا، چوار خێزانیان دەخستە ئیڤایەکەوە و دەیانبرد. پیاوێکی لێبوو ناوی کاک سەباح بوو، نازانم عەرەب بوو یان کورد بوو، بەڵام بە کوردی قسەی دەکرد، گوتی دەتانبەن بۆ شوێنێک 24 کاژێر لێرەوە دوورە، بەڵام ناتوانم ناوی شوێنەکەتان پێبڵێم. ئەوەبوو ئێمەیان بردە نوگرە سەلمان.

لە نوگرە سەلمان ئێمەیان بردە ژوورێک کە نزیکەی 400 بۆ 500 کەسی تێدابوو، ئەفسەرێکی لێبوو بە عەرەبی و کوردی قسەی دەکرد، ئەفسەرێکی دیکەش لەسەر ئێمەبوو، قسەی پێدەگوتین و لێمانی دەدات، ئارەقی دەخواردەوە و سەرخۆشبوو. شەوان ئەفسەرەکە دەچووەوە ماڵەوە، ئەفسەرەکەی دیکە دەیویست بێتە گیان ئافرەتەکان، من ئەوکات تەمەنم 10 ساڵ دەبوو. هەوڵی دەدا بێتە ژووری ئافرەتەکان ئێمەش زۆر دەترساین هەندێک لە ترسان لەهۆش خۆیان چوون، بەڵام نەیتوانی بێتە ژوورەوە و قوفڵی دەرگاکەی بۆ نەکرایەوە، دوای ئەوە ئەفسەرەکە کە حەجاجیان پێدەگوت هاتەوە، ئەویان بۆ قەزیەی نامووس باشبوو، ئەوەی من بە چاوی خۆم بینیم، گوتی من بڕیارم بۆ هاتووە ئەشکەنجەتان بدەم، بەڵام لێتان نادەم، بەڵکو نانتان پێنادەم، لە ماوەی 24 کاژێردا سێ سەموونیان پێدەداین، بە غازی ماڵان بۆنی سەموونەکەیان ناخۆش دەکرد بۆئەوەی پێی بمرین، من ماوەی سێ رۆژ نەمتوانی ئەو سەموونە بخۆم، چونکە بۆنی غازی لێدەهات، پاشان شووتیی بۆگەنیان هێنا، من لە پاڵ دایکمەوە دانیشتبووم حەجاج هات و گوتی، بۆچی شووتییەکە ناخۆی، منیش گوتم، سەیدی شووتییەکە بۆگەن بووە، ئەویش یەک سۆندەی لە سەرم دا و دەستیشی شکاندم و گوتی، بۆچی نایخۆی؟ منی خستە سووچێکەوە و گوتی نابێت بێیتە دەرەوە مادام شووتییەکەت نەخوارد.

ئێمە ماوەی چوار مانگ بوو وابزانم، لە نوگرە سەلمان ماینەوە، دوای ئەوە لێبووردن درا و گەڕاینەوە.

پرسیار: مامەڵەی حەجاج لەگەڵ زیندانییەکان چۆن بوو؟

خوشک و برایەکم لە زیندان مردن، کاتێک تەرمەکانیان بردن بۆئەوەی بە خاکیان بسپێرن، حەجاج رێگەی بە دایکم نەدا لەگەڵ تەرمەکان بچێت بۆ بەخاکسپاردنیان، تەنانەت لێشی دا. دایکیشم بە ناچاری لە شوێنەکەی خۆی دانیشت و دەستی بە گریان کرد. خوشکەکەم چوار ساڵ بوو، تاوەکو مرد بانگی باوکم و شێرزادی برامی دەکرد، من تاوەکو مردنیش ئەم رووداوەم لەیاد ناچێتەوە. حەجاج رێگەی نەدەدا ئەوان ببینین و ئێمەش لە ژوورێکدا بەندکرابووین.

بە چاوی خۆم بینیم ژنێک منداڵەکەی مرد، تاوەکو سێ رۆژ تەرمەکەی لە باوەش بوو، حەجاج رێگەی نەدەدا نە بیخەنە گۆڕ نە لە باوەشی داینێت.

ژن و پیاوە بە تەمەنەکانیش لە هۆڵێکی دیکە بەندکرابوون، یەکێک لە ئێمە چووە لای خزمێکی بەڵام حەجاج لە سەرەوە بینیی کە ئەو کەسە چووەتە لای کێ، سێ کەسی هێنا و بە شیشی زیندانەکەی بەستنەوە و ئەشکەنجەی دەدان، حەجاج رێگەی بە هیچ کەسێک نەدەدا کەسێک شتێک بدات بە کەسێکی دیکە.

ئێستاش سەیر دەکەی ئەوانەی ئێمەیان ئەنفال کرد، ئەوانە رێزیان زیاترە لە ئێمە، جاش و موستەشار. خەڵک دەناسم باشترین شوێنی هەیە، شوێن و ژیانی لە من خۆشترە. ئێمە وەکو کەسوکاری ئەنفال کارمان بۆ کراوە، بۆ نموونە بۆ نیوەمان، بەڵام بۆ نیوەکەی دیکەمان نا.

پرسیار: ئەو شتانەی لەنێو زیندان بینیوتن و لەبیرت ناچنەوە چین؟

سرووشتی منداڵ وایە داوای شت دەکات، بۆ نموونە داوای سەموون و نان و خەیار و میوەی دەکرد، کەسیش نەیدەوێرا ئەو شتانەمان بۆ بێنێت، کاتێکیش حەجاج دەهات لەترسان زیڕەمان دەکرد، زۆر لێی دەترساین، زۆر زاڵم بوو.

پرسیار: کاتێک بردران چەند کەس بوون؟ چارەنووسی خێزانەکەتان چی لێ بەسەرهات؟

بە منەوە دایکم حەوت منداڵی هەبوو، برایەکم لە ملەسوورە لای ئاژەڵەکان جێما و ونبوو لە ئێمە، من و دایکم زۆر بێتاقەت بووین بۆ براکەم، یەکێک لە سەربازەکان کە کورد بوو، ناوی مام ئەحمەد بوو، دەیگوت شوانەکان لە کەلارن، کاتێک گەڕاینەوە زانیمان ئاژەڵەکانیان لێسەندووە و لە ماڵی خاڵم بووە، باوکم و دایکم و من و پێنج منداڵیان بردین، خوشک و برایەکم لە زیندان مردن، خوشکەکەم ناوی سوعاد بوو، تەمەنی چوار ساڵان بوو، برایەکەشم ناوی بێستوون بوو، تەمەنی 10 مانگ بوو، نەخۆشکەوتن و تووشی سورێژە بوون، دکتۆر نەبوو چارەسەریان بۆ بکات و لە برسانیش مردن و هەر لە نوگرە سەلمانیش جێمان، من و خوشکێکم و سێ براش لەگەڵ دایکمان گەڕاینەوە. باوکیشم هیچ چارەنووسێکی نەبوو، ئەو ئەنفال کرا، هەر لە تۆپزاوە لە ئێمەیان جیاکردەوە و بردیان، تاوەکو مردنیش چاوەڕێی دەکەین.