رزگاربوویەکی ئەنفال: 12 کەس بووین 11 مان کەوتینە بەر شاڵاوی ئەنفال

رزگاربوویەکی ئەنفال: 12 کەس بووین 11 مان کەوتینە بەر شاڵاوی ئەنفال

بەیان مەحموود 

بەیان مەحموود رزگاربوویەکی ئەنفالە و دەڵێت، پێش ئەنفال ژیانمان زۆر خۆشبوو، خەڵک بە گشتی بە بەخێوکردنی ئاژەڵ و ماڵداری و باخداری سەرقاڵبوون. پێش ئەنفال 12 سەر خێزان بووین، لەو 12 کەسە 11مان کەوتینە بەر شاڵاوی ئەنفال.

دەقی پرسیار و وەڵامەکان لەگەڵ بەیان مەحموود 

پرسیار: تۆ کێیت و ماڵتان لەکوێ بوو ژیانتان چۆنبوو؟

من بەیان مەحموود مەنسوور لە گوندی تەپە چەرموو، پێش ئەنفال ژیانمان زۆر خۆشبوو، خەڵک بە گشتی بە بەخێوکردنی ئاژەڵ و ماڵداری و باخداری سەرقاڵبوون. ئێمە پێش ئەنفال 12 سەر خێزان بووین، لەو 12 کەسە 11مان کەوتینە بەر شاڵاوی ئەنفال.

ئەوکاتەی سوپا هاتە ناوچەی توکن و شەڕ هەبوو، لە چوار دەورمان هەر شەڕبوو، کاک سلێمان کە پیاوێکی ئاواییەکەمان بوو شەهید بوو، ئەو ئێوارەیە هەموومان چووین بۆ جەوەڵ لە نێوان ئارەقوڵە و تەپە چەرموو، 3 شەو لە خەڵەوەز بووین لەو جەوەڵە، دوای سێ شەوەکە گوتیان کوردستان گیراوە ناچار دەبێت خۆمان رادەستی حکومەتی بەعس بکەین، لەو سێ شەوەی لەوێ ماینەوە باو و بۆران و تۆفان بوو، ئەوەبوو خەڵکەکە هەندێکی بەپێ و هەندێک بە گوێدرێژ و هەندێکی دیکە بە تراکتۆر چووین بۆ ملە سوورە، ماوەی 3 شەویش لە ملە سوورە ماینەوە.

من و برایەکم و 3 بۆ 4 ئامۆزام کە دووانیان پێشمەرگەبوون ئەوان هێشتا لەگەڵ منداڵەکانیان نەهاتبوون، ئێمە چاوەڕێی ئەوانمان دەکرد، 3 شەومان پێچوو تا ئەو 3 شەوە ئێمە لە ملە سوورە بووین، جاش و سوپا خەڵکیان دەبرد، ئێمە دەمانگوت چاوەڕێی پیاوەکانمان دەکەین بێن، گوتیان با پیاوەکانتان بێن بەیەکەوە خۆتان رادەست بکەن، دوای 3 شەو ئەوەبوو پیاوەکانمان هاتن، ئەوان دەیانگوت نایێین، ئامۆزایەکم لەگەڵ هاوژینەکەی ئینکاریان کرد گوتیان هەر دەبی بێن، ئێوە نێن ئێمەش حەقمان بەسەر منداڵەکان نییەو ئێمەش ناڕۆین، وایاندەزانی بۆ شوێنێکی زۆرباش دەمانبەن، درۆیان لەگەڵدا دەکردین و دەیانگوت دەتانبەینە خانوو و ماڵی خۆتان و دەتانبەینە خێوەت با لەو شەڕو کێشەیە لەنێو نەچن، تازە ناچارن خۆتان رادەست بکەن ئۆردوگاتان بۆ کراوەتەوە.

ئەوەبوو لە ملەسوورەوە بە ئیڤایەکی سەربازی ئێمەیان بردە گردە گۆزینە، لەسەر پردەکەی گردە گۆزینە تایەی ئیڤاکە پەنچەر بوو، ئیڤایەکی دیکەیان هێنا، شۆفێرەکەی خەڵکی گردە گۆزینەبوو، ئێمەیان خستە ناوی لە پردەکە پەڕاندنیانەوە ئەوبەر، شۆفێرکە گوتی ئێوە خەریکی چین تا زووە خۆتان رزگار بکەن و خۆتان بخەنە ئەو چەمە، بۆ چاوەڕێی ئەوە دەکەن بتانبەن، گوتمان سەربازەکان بەدیارمانەوە وەستاون و ناوێرین بڕۆین، دواتر پێیانگوتین ئۆردوگاتان بۆ کراوەتەوە ئێمەش هیچ شتێکمان نەماوە و ناچارین بۆ ئۆردوگاکە بچین.

ئەوەبوو ئێمەیان بۆ قۆرەتوو برد، شەوێک لە قۆرەتوو ماینەوە بەیانی ئێمەیان برد بۆ تۆپزاوەی کەرکووک، شەوێکیش لە تۆپزاوە بووین، ئەو شەوە نزیکەی 500 بۆ 600 کەسیان دەکردە یەک هۆڵەوە، هەموومان بەسەریەکدا کەوتبووین، بەیانییەکەی بە ئیڤای سەر داخراو ئێمەیان برد، بەڵام نەماندەزانی بۆ کوێمان دەبەن، کاتێک دابەزین بینیمان شوێنەکە باخ و سەربازەگەی لێبوو، گوتیان ئەمە دووبزە، ئەوەبوو بۆ ماوەی 2 مانگ لە دووبز بووین لەنێو سەربازەکان، پاش دوو مانگەکە ئێمەیان بردە نوگرە سەلمان.

پرسیار: ژیانتان چۆن بوو؟

تا راددەیەک لە دووبز ژیانمان باش بوو، شوێنەکەمان پیسبوو، بەس خەڵکەکە برسیەتی و تێنوێتی دەکێشا، دوای ئەو دوو مانگەی لە دووبز بووین، براین بۆ نوگرە سەلمان، ماوەی 11 کاژێر لەنێو ئیڤاکەدابووین، لە نوگرە سەلمان حاڵی خەڵکەکە باش نەبوو، رۆژی وا هەبوو 25 کەس لە برسیەتی و تێنوێتی و ژێر ئەشەکەنجەدا دەمرد، ئاوێكیان دەدا بەو خەڵکە نازانم هی زێراب بوو هی چبوو؟ تامی تاڵی و سوێر و ترشی دەدا، نەتدەزانی تامی چۆنە. ئەوەبوو ماوەی 7 مانگ و 18 شەو زیندان بووین.

پرسیار: تەمەنت چەندبوو؟

ئەوکات تەمەنم 16 بۆ 17 ساڵان دەبوو.

پرسیار: لەوێ باسی حەجاج دەکرا، ئەو کەسە چی لەو خەڵکە دەکرد؟

جا حەجاج چ شتێک ما پێمان نەکات، شەو نیوەی شەو (زەلامێکی نێرەکەریان) بەردەدایە نێو ژنەکان و هاوری دەکرد کوا لەشفرۆشەکانی باکوور؟ داوای کلیلی دەرگاکەی دەکرد بۆ ئەوەی بێتە نێو ژنەکان، شەوێکیش هات گشتمان رامانکردە ژووەرەو دەرگامان لەسەر خۆمان کلیل دا.

حەجاج لە هەر کەسێکی بدابا راست نەدەبووەوە و دەمرد، شەوێک ناومانیان خوێندەوە، ناوی 10 کچیان خوێندەوە، دەبوو لەکاتی ناو خوێندنەوە هەستیە سەر پێ، جا دەستڕێژیان لێکردبای و بیانکوشتبای دەبوو هەستییەوە سەر پێ، ئەوەبوو ناومانیان خوێندەوە، پیاوێکیشان بانگکرد ناوی مامە عەبە بوو خەڵکی کانی ماران بوو، مام عەبە بە تەمەن بوو سێ کچی مامە عەبەشمان لەگەڵ بوو، ئێمەیان بردە ژووری ئەفسەرەکە، دواتر هەر یەک لە ئێمەیان بردە نێو سەر ئاوێکەوە دەرگایان لەسەر داخستین، گوتیان ئەمە زیندانی تاکە کەسییە، من دوای هەموویان خرامە نێو سەرئاوەکەوە دوای هەمووشیان منیان دەرکرد، من لە هەموویان منداڵتر بووم. دوای ئەوە دەنگی شەقەی کێبڵ دەهات وەکو ئەوەی لە دیوار بدرێت نەک لە کەسێک، من بەبێ ئەوەی لێم بدەن زیڕەم کرد، کاتێک دەرگاکەیان کردەوە بینم ئەوەی لێی درابوو هەمووی بێهۆش کەوتبوون ئەوەندەی لێیان بدرێت، تەنانەت پیاوە بە تەمەنەکەش. ئەفسەرەکە کێبڵێکی رەشی کارەبایی لەشانمداو ویستی کێبڵێ دووەمم لێبدا دەستم بەرزکردەوە گوتم بۆ خاتر خودا، کێبڵەکەی لە دەستی دام و دەستم شۆڕ بووەوە، تاوەکو لە زیندانیش ئازادبووین بۆ ماوەی 6 مانگ چارەسەری سروشتیم بۆ کراوە، ئێستاش ئازاری هەیە و ئازارەکەی داوەتە چاوو ملم و گوێچکەم، دەڵێن ئەمە ئازاری (شەقیقە)یە لاسەرەیە، دکتۆر دەڵێ دوو دەماری باڵت زەبرێکی بەرکەوتووە کەوتووەتە سەر یەک، منیش گوتم ئەو زەبرە هی ئەوەیە لە زیندان بەرمکەوتووە. ئێستاش شتێکی قورس هەڵگرم ماندوو دەبم، تەزییەک دێتە دەستم وەک لێدانەکەی ئەوکات.

پرسیار: چۆن ئەشکەنجەی زیندانییەکانیان دەدا؟

لە زیندان ئەشکەنجەی گشت کەسێکیان دەدا، ئەوەنەبوو بڵێم لە کەسێک دەدەن و لە کەسێکی دیکە نادەن، جاری واهەبوو لە ژنێکیان دەدا کە دەگەڕایەوە ئاسەواری ئەشکەنجەدان بەسەر جەستەوە دیار بوو، شوێنی لێدانەکە وەکو خاڵ بە جەستەیەوە دەمایەوە، شوێنەکەی شین دەبوو.

بەڵام ئەفسەرێکی تێدابوو لەسەر شەرف و نامووس زۆر گران بوو، یەکێک لە ئافرەتەکانی کە لەگەڵ ئێمەبوو عەرەبی دەزانی ناوی حاجی خاوەر بوو لە ئەفسەرەکەی پرسیار کرد بۆچی وامان لێدەکەن، خۆی گڵاسێکی بەدەستەوەبوو چای دەخوارەوە، ئێمەش لە قتووی پیس و ژەنگگرتووی ئاوی تەماتە چایان پێ دەداین، حاجی خاوەر لە ئەفەسەرەکی پرسی بۆچی وامان پێدەکەن؟ ئەویش گوتی ئەگەر ئەو گلاسە بە زەوییەکەدا بدەم و بشکێت چاک دەبێتەوە؟ گوتیان نەوەڵا. گوتی ئێوە 500 ئافرەت دەبن نیوەیان کچن ئێوە کەس و کارتان و باوک و براتان لەگەڵ نییە، ئێوە لەنێو ئەو ئەمن و ئیستخباراتانەن کە هیچی ئێوە نین، ئەگەربێت و کچێکیان برد و خەساریان کرد، دوای من بەرپرس دەبم، ئێمە دەمانگوتم بمانبەن بۆ ناو خەڵکەکەی دیکە، ئێمە لە دوای 7 ژوور دەرگامان لەسەر کلیل درابوو، هاوین و زستان لەوێ بووین.

لە رێگادا ئێمەیان بردە شوێنێک بۆ ماوەی 7 رۆژ نە ئاویان پێداین نە نان، شوێنەکە رووناکی لێنەبوو تاریکبوو، دوای 7 رۆژەکە یەکدوو ژووری دیکەیان کردەوە گوتیان لێرە دانیشن، بە بیانووی ئەوەی ئێمە کچین لێنەدەگەڕان دەشت و دەر ببینین، 5 مانگ لە نوگرە سەلمان خۆر و بامان نەبینی، هەر لە ژوورەوە بووین.

پرسیار: خۆت حەجاجت بینی؟

حەجاجم بینی کوڕێکی قۆزی باڵا بەرز بوو، زاڵێمێک بوو زاڵمی وەک خۆی رەنگە لەسەر زەویدا نەبێت، مەگەر سەدام وەکو ئەو زاڵم بێت، ئەویش خاڵۆزای سەدامی گۆڕ بەگۆڕبوو، تکریتی بوو... ئەو و یەکێکی دیکەبوو دەیانگوت سەدام کوڕی خاڵمانە.

حەجاج خواردن و ئاوو پێداویستییەکانی خۆیان لە سەماوەوە دەهێنا، بەڵام ئاوی پیسیان بە خەڵکەکەی ئەوێ دەدا، خەڵکانێک کە لەوێ دەمردن تەرمەکەیان کرمی تێدەکەوت، دایکی شەهید مەحموود لە تەپە چەرموو، ئەوەندە رشک و ئەسپێی تێدابوو ئەوەندە خۆی خوراند لەشی بووە برین و کرم لێیدا تاوەکو لەژێر پەیژەکاندا مرد، کەس نەیزانی تەرمەکەیان چی لێکرد.

ئەو هەموو خەڵکە دەمردن سەیرمان دەکرد تەرمەکانیان ئەوەندە نەدەخستە ژێر خۆڵەکەوە، دەیانگوت زەوییەکەی رەقە، دواتر بە چاوی خۆمان دەمانبینی چۆن ئەو تەرمانە لەلایەن سەگەکانەوە دەردەهێندرا و دەیانخوارد، ئێستا بمبەن بۆ ئەو شوێنە دەزانم خەڵکەکە لەکوێ نێژراون، ئەو شۆفڵانە ئیشیان دەکرد و دەستڕێژی گوللـەیان لێدەکردن، ئێمە لە پەنجەرەکانەوە سەیرمان دەکردن، ئێستا دەزانم شوێنەکانیان لەکوێن.

کاتێک دەستڕێژی گوللـەیان لەو خەڵکە دەکرد، دەهاتنەوە لامان دەیانگوت ئەمە تەقەی خۆشییە و ساترەکانمان پتەو دەکەین. کاتێک لێبووردن درا، گوتیان بڕۆن، ئێمەش چووینە دەرەوە و چووینە دەشت.

کاتێک لێبووردنەکە درا، هێلکەیان دا بە خەڵکەکە. لەو دەشتە شوێنێک وەکو ئەشکەوتێک وابوو بە شۆفڵ دروستکرابوو ئێسک و پروسکێکی زۆری تێدابوو، رەنگە بە چەند بارهەڵگرێت پڕ نەبێت، جا نازانم ئەو ئێسک و پروسکانە هی کەسوکارەکانی ئێمە بووین یان هی جەنگی عێراق و ئێران بوو؟ بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە تەرم لەو شوێنە وشک ببوونەوە. ئێستاش دەزانم شوێنەکەی لە کوێیە، ئەوساڵە گوتیان بچم، منیش گوتم بەرگە ناگرم، دوو ئامۆزام چوون بۆ سەر ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەی کە تازە دۆزراوەتەوە هێشتا رووفاتەکانیان نەگەڕاندووەتەوە.

 پرسیار: ژنەکان لەو شوێنە چۆن منداڵەکانیان دەشووشت؟

ئەوان لە دەشت بە تانکەر رۆژ نا رۆژێک تانکییەک ئاویان پڕ دەکرد، قەبارەکەی رەنگە 10 بۆ 12 بەرمیلی دەگرت بۆ ئەو 500 کەسە، ئاوەکە زۆر پیسبوو، بەڵام خەڵکەکە لە ناچاری دەیانخواردەوە، هەر بەو ئاوەش منداڵەکانیان دەشووشت، بەڵام لە دوبز تۆزێک سابوونی رەقیان پێدابووین، ئەگەرنا لە نوگرە سەلمان هیچیان پێنەداین، ئاوەکەش ئەوەندە پیسبوو.

خواردنی خەڵک رۆژ نارۆژێک بوو، جاری واهەبوو دوو رۆژ جارێک خواردنیان پێ دەداین، رۆژی واهەبوو ئەگەر کاروانیان بارکردبایە، ئەوا 3 بۆ 4 رۆژ هیچت نەدەبینی، بەشێوەیەکی گشتی رۆژ نارۆژێک دوو سەموونی بەقەد خەیارێکیان پێدەدادین، ئەویش رەق بوو بە کەڵکی خواردن نەدەهات بەڵام لە ناچاری دەیانخوارد.

پرسیار: مامەڵەی حەجاج لەگەڵ خەڵکەکە چۆن بوو؟

حەجاجم بینی شەقێکی لە پشت ملی شێخ ساڵحی سماقەدا، برای شێخ حەسیب لەگەڵ شەقەکە کەوتەسەردەم و هەڵنەستایەوە، کاتێک سەیریان کرد بینیان مردووە، یەكێکی دیکە لە ئەفسەرەکان بە شیش لە سەری کوڕەکەی نەعیمی خەڵکی بنەکەی دا، کاتێک شیشەکەی لەسەری دەرکرد وەکو کانی خوێن لەسەرییەوە دەردەچوو. هەموو رۆژێک یەکە یەکە لە ژوورێکەوە دەیانگواستینەوە بۆ ژوورەکەی دیکە بۆ ئەوەی سەرژمێریمان بکەن. ژنێک ناوی سەلمە بوو کەماڵەییە خەڵکی گۆبانە پیاوەکەی پێشمەرگەبوو ناوی بەکر بوو، کوڕەکەی بەناوی زمناکۆ لەباوەشبوو، حەجاج شەقێکی لە کوڕەکەیدا خوێن لە پەنجەکانی هات، کوڕەکە مرد بۆ ماوەی 3 رۆژ تەرمەکەی هەر لەژێر دەستی دایکیدابوو، کەس بە کەس نەبوو، هەست و سۆز نەمابوو هەرکەس دەیگوت دوای ئەوە نۆرەی ئێمەش دێت، کەس هیوای بە ژیان نەبوو.

دوو ئامۆزام بەناوەکانی نیگار و کوێستان یەک بەدوای یەکدا مردن،  کاتێک نیگار مرد کوێستان بە دایکی گوت کە ناوی ئەسمەر بوو، گوتی بۆ نیگار مەگریێ راکە شتێک بۆمن پەیدا بکە بۆ ئەوەی بیخۆم، منیش خەریکە دەمرم، نیگار بەیانییەکەی مرد کوێستانیش ئێوارەکەی مرد. ئەوەی ئێمە بینیمان لەوێ گێڕانەوەی بەدەم زۆر ئاسانە.

پرسیار: چۆن ئەشکەنجەیان دەدان و سەر ئاوەکانیان پێ پاک دەکردنەوە؟

دەستیان دەخستینە نێو بنکەی سەر ئاوەکە، کچێکی ئامۆزام هەبوو ئیشی زۆر پاکبوو، کاتێک سەرئاوەکانی پاک دەکردەوە حەجاج پێی گوت سەردەستی کراسەکەت هەڵکە، ئەویش لە داخا دەستی کردە ناو پیساییەکە. دەستی خەڵکیان دەخستە نێو زێرابەکان بەو شێوەیە ئاودەستەکانیان بە خەڵک پاک دەکردەوە.

کاتێک لێبووردن درا بۆ ئەوەی دەشت ببینین، گەچیان بە دەوری تەلبەندەکادا کردبوو، بۆ ئەوەی ئەگەر پێیان خستبا سەر گەچەکە ژمارەی ژێر پێڵاوەکە دەردەکەوت بۆ ئەوەی بزانن کێ دەرچووە، دەیانزانی ئەو خەڵکەی لە دەرەوەن باوک و براو مام و کەسوکاری ئێمەن، بەڵام ئێمە دەمانگوت نایانناسین، هەر لە دوورەوە یەکدیمان دەبینی و نەماندەتوانی بە یەکەوە قسە بکەین.

یان ئەگەر چووبایە دەشت بەهۆی ئەو گەچەوە پێیاندەزانی، من جارێک بە دزییەوە چووم بۆ دەشت، بەرمیلیان لەسەر گەچەکە دانابوو، پاڵم بە بەرمیلەکەوە ناو چوومە دەشت بۆ ئەوەی بچم شتێک بۆ براکەم بهێنم، کە بەهۆی خواردنی گەنە گەرچەکەوە تووشی قەبزی ببوو، منداڵ لەبرسان گەنە گەرچەکیان دەخوارد، بەشی هەرە زۆریان پێی دەڕشانەوە، بەڵام ئەو برایەم "کە دوای ئەوەی گەڕاینەوە بەر مین کەوت"، تووشی قەبزی کرد. ئەو ژنانەی بە تەمەن بوون گوتیان مرەباو دۆشاوی بۆ پەیدا بکەن باشە، منیش ئەو ریسکەم کرد و چووم بەڵکو لەنێو بەتەمەنەکان مرەبا یان شتێکم دەستکەوێت، ئەوەبوو پاڵم بە بەرمیلەکەوەنا لەسەر گەچەکە، دوو کراسم لەسەر یەکەوە لەبەر کردبوو، هەردووکی هەر رەش بوو، یەکێکیان گوڵەکەی پەمەیی بوو ئەوەی دیکە گوڵکەی سپی بوو، کاتێک چوومە دەرەوە کراسە گوڵ پەمەییەکەم لەبەر کرد، کاتێک هاتمە ژوورەوە گوڵ سپییەکەم لەبەر کرد گوتم با نەمدۆزنەوە، وەکو چۆن بڵێی سیخوڕێکیان لەنێومان دانابێ یەکێک لە ئەمنەکان پێی زانی و هات و گوتی کوا بەیانە بچکۆڵ؟ کچێکی دیکە ناوی بەیان بوو لە ترسی من هەڵسایەوە سەر پێ و ئەشکەنجەیەکی زۆریاندا، ئێستاش کە دەمبینێت دەڵێ گەردەنت ئازا ناکەم بەبۆنەی تۆە ئەو ئەشکەنجەیە درام، منیش گوتم دانت بەخۆتدا گرتبایە و خۆت ئاشکرا نەکردبووایە، ئەویش گوتی لە خەمی تۆ من هەڵسامەوە گوتم منم.

پرسیار: لەو ماوەیەدا دایک و باوکت هەر لەگەڵتدابوون؟

لە تۆبزاوە باوکمان لە ئێمە جیاکرایەوە، تاوەکو لە قۆرەتوو براینە تۆبزاوە لامانبوو، کاتێک لە تۆبزاوە جیاکراینەوە ژن و پیاوە بە تەمەنەکانیان لەیەک جیاکردنەوە، پیاوو ژنە گەنجەکانیشیان لەیەک جیاکردنەوە، لەوکاتەدا باوکم گەنج بوو تەمنی نزیکەی 45 ساڵ دەبوو، ئەوکاتە بینیم کە ئەوانیان کردە هۆڵێکەوە، پاشان نەمانبینیەوە، دایکم لەگەڵمانبوو، پێش دوومانگ بەر لە ئێستا کۆچی دوایی کرد.

پرسیار: چۆن گەڕانەوە؟

گوتیان لێبووردن دراوە، لە نوگرە سەلمانەوە ئێمەیان هێنایەوە بۆ تۆبزاوە، ماوەی 5 شەو لە تۆبزاوە بووین، ماوەی ئەو 5 رۆژە هەرچی خراب بوو بەو خەڵکەیان کرد، دەچوون دوو کەسیان دەخستە ژێر عەبایەکەوە کامێرایان لەسەر لادەدا کاتێک عەباکەیان لا دەدا دەیانگوت ئێستا بووەتە 3 کەس، توانجیان لە خەڵکەکە دەدا و دەیانگوت ئێو دووکەستان بە سێ کەس گەڕاوەتەوە، یان بە تەمەنەکانیان دەگوت لاسایی گوێدرێژ بکەنەوە و بزەڕێنن، یان وەکو کەڵەشێر بقوڕێنن ئێمەشیان دانابوو سەیریان بکەین، ئێمەی گەنجەکان سەیری پیرەکانمان دەکرد، یانیش دەیانگوت وەکو گوێدرێژ یەکێک دانیشێت و ئەوەی دیکە لەسەر پشتییەوە دابنیشێت و دەشبوو وەکو گوێدرێژ بزەڕێنێت، هەرچی خراپبوو بە کوردیان دەکرد. دەمانگوت بۆچی وامان پێدەکەن؟ دەیانگوت با نەوەی نەوەی ئێوەش نەڵێ کوردم.

دوای ئەو 5 شەوە ئێمەیان بردە تۆبزاوە شەوێکیش لە تۆبزاوە ماینەوە بۆ بەیانییەکەی گوتیان ئازادتان دەکەین تاوەکو ئێمەیان نەبردە سلێمانی باوەڕمان نەدەکرد، تەنانەت لە سلێمانیش بڕوامان نەدەکرد.. ئێمەیان بردە گۆڕەپانێکی وەرزشی کە تەلبەند کرابوو، گوتیان هەرکەس بۆخۆی بگەڕێتەوە ماڵەوە، ئێمەش لە زیندان دەرچووبووین هیچمان پێ نەبوو، ئەوەبوو ئێمەیان کردە نێو پاسێکەوە، تاوەکو دەربەند ئێمەی برد گوتیان پاسەکە تێکچووە، لەوێشەوە ئێمەیان خستە نێو بارهەڵگرێت تاوەکو ئەودیو دەربەندی بردین، لەوێشەوە پاسێکیان لە کەلارەوە هێنا و ئێمەیان بردە سموود، کەسوکارەکانی یەکدیان رادەستی یەک دەکردەوە و نووسراوێکیان پێ پڕ دەکردینەوە و دەیانگوت هەر کاتێک لە خاکی قەدەخەکراو بتانبینین وەکو ئەوجارەتان لێدەکەینەوە.

ئەوکاتە ئێمە 11 کەس بووین رادەستی ئەو برایەمان کراین بووینە 12 کەس. بە گشتی 500 کەس دەبووین بە یەکەوە لە زیندان دەرچووین، دوای ئەو 500 کەسە ئیتر کەسی دیکە نەهاتەوە. 

کاتێکیش هاتینەوە ئەوکاتە ناخۆشیمان زیاتر بینی، نە ماڵمان مابوو، نە پارەمان هەبوو نە نێو ماڵیشمان هەبوو، ئێمە 11 منداڵ بووین من لە هەموویان گەورەتربووم، براکەشم لەمن بچووکتربوو، بەڵام لەوانی دیکە گەورەتربوو، نە ماڵمان هەبوو، نە پارە و نە باوکمان هەبوو. ئەو منداڵانە لەلایەن دایکمەوە بەخێوکراین، بۆ ماوەی 15 رۆژ لای کەسوکارەکانمان بووین بەڵام بۆ شەو دەگەڕاینەوە ماڵی خاڵم، دوای 15 رۆژەکە زۆر بێتاقەت بووم گوتیان چیتە؟ گوتم دەمەوێت ماڵی خۆمان هەبێت، نەنکیشم گوتی ئێوە هیچتان ماوە تاوەکو ماڵی خۆتان هەبێ؟ گوتم نەنە هەرچیمان هەبێت و نەبێت دەمەوێت ماڵی خۆمان هەبێت، گوتم ئێمە زۆرین و ئێوەش زۆرن، گوتیشم ئێوە خانووێکتان نییە بچینە ناوی؟ گوتیان لە سموود ژوورێکمان هەیە بەکەڵکتان دێ؟ گوتمان بەڵێ، ئەوەبوو 12 سەر خێزان لە یەک ژووردابووین، تەنها سەر ئاوێکی بۆ کرابوو، لەگەڵ حەوزێک بۆ ئەوەی ئاوی تێبکەن، تاوەکو نزیکەی 3 ساڵ تەنها لەو ژوورەدابووین، من و دایکم و خوشکێکم دەستمان کردە کرێکاری، جوامێر و حوسێنی برامان ناردنە شوانی لە کاتێکدا تەمەنیان زۆر بچووک بوو، وێنەیان هەیە لەوکاتدا کە بە حاڵ سەریان لە مەڕەکان دیاربوو، بەو دەردەسەرییە ژیانمان بەسەر برد، لە سموود 18 جار ماڵمان بارکردووە، وای لێهاتبوو حەسەنی برام دەیگوت با بە شەو ماڵمان بار بکەین، ماڵەکەمان ئەوەندەبوو جێگای لەنێو عارەبانەیەکی مۆتۆرەکانی ئەو سەردەمە دەبووە، بۆیە دەیگوت با بەشەو بار بکەین، پێشتر بینیبووی چ ماڵێکمان هەبوو ئێستاش چیمان هەیە، پێی ناخۆش بوو.. خەڵکیش ئێمەی دەبینی دەیگوت بۆ وا پیر بوونە و بۆ واتان لێهاتووە؟ ئێمە ئەگەر زووخاومان هەڵبڕێژین بۆ خەڵک ناو سکمان رەشە بەخوا.