رزگاربوویەکی ئەنفال: هەرگیز تاوانەکانی ئەنفالم لەبیرناچێت
پایزە مەحموود
پایزە مەحموود مەنسوور، خەڵکی گوندی تەپە سپییە لە سنووری گەرمیان و یەکێکە لە رزگاربووانی ئەنفال و دەڵێت، هەرگیز تاوانەکانی ئەنفالم بیرناچێت.
پایزە مەحموود حەوت مانگ و 18 شەو لە نوگرە سەلمان بووە و دەڵێت "بەبیرم دێت هۆڵەکەی نوگرە سەلمان دووبەش بوو، گۆڕەپانێک لەنێوانیادابوو ئەوبەرەی هەڵەبجەیی بوون بەرەکەی دیکە گەرمیانی بوون، دوو کوڕی هەڵبەجەییەکان بەناوەکانی شەماڵ و غەریب، کاتێک تانکەری ئاو هات سەتڵێکیان بەدەستەوەبوو بۆ ئەوەی ئاو ببەن، ئەفسەرێک هات و دوو سەربازی بۆ بانگکردن، ئەو دوو کوڕەیان هەڵواسی ئەوەندیان لەژێر پێیەکانیاندا نەیاندەتوانی لەسەر پێ بڕۆن، دواتر هەر بە سەراوژێر لە ستوونی گۆڕەپانەکەیان هەڵواسین و بە کێبل ئەوەندەیان ئەشکەنجەدان تاوەکو نەمردن وازیان لەو دوو کوڕە نەهێنا".
دەقی قسەکانی پایزە مەحموود، رزگاربووی ئەنفال
من ناوم پایزە مەحموود مەنسوورە، خەڵکی گوندی تەپە سپیم، بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتین، 7 مانگ و 18 شەو لە نوگرە سەلمان بووین و گەڕاینەوە، ئەوکات تەمەنم لە نێوان 9 بۆ 10 ساڵ دەبوو، هەموو رووداوەکانم بە بیر نەماوە کە لە کوێوە چووین و بۆ کوێ تاوەکو گەیشتینە نوگرە سەلمان. ئەوەی لەبیرم بێت و لەبەرچاوی خۆم روویداوە، ئەوانەم هەرگیز لەبیر ناچێت.
ئێمە کاتێک چووین بۆ نوگرە سەلمان، یەکەمجار لە ملەسوورەوە بارکراین بۆ قۆرەتوو، شەوێک لە قۆرەتوو بووین، لە قۆرەتوو براین بۆ تۆبزاوە، وابزانم دوو شەو لە تۆبزاوە ماینەوە، هەموومانیان کردە نێو گۆڕەپانێکی گەورەوە، خەڵکەکەیان کردە چوار بەشەوە، ژنە بەتەمەنەکان بە جیا، ژنە گەنجەکان بە جیا، پیاوە بە تەمەنەکان بە جیاو پیاوە گەنجەکانیش بە جیا. ئێمە هەر ئەو رۆژە باوکمان بینی، ئیتر نەمانبینییەوە.
ئێمەیان بە ئیڤایەکی سەرداخراو برد، ماوەیەکی زۆر لە رێگابووین نازانم چەند کاژێر بوو نەماندەزانی بۆ کوێمان دەبەن، دواتر ئێمەیان لەنێو دارستان و باخێک هێنایە خوارەوە، گوتیان ئێرە دووبزە.
ماوەی دوو مانگ لە دووبز بووین، پاش دوو مانگەکە هەر بە ئیڤایەکی سەرداخراو ئێمەیان بردە نوگرە سەلمان، نزیکەی 17 بۆ 18 کاژێر لەنێو ئیڤاکەدابووین و بەنێو شارەکاندا ئێمەیان دەسووڕاندەوە، کاتێک گەیشتینە نوگرە سەلمان شەوبوو، ئێمەیان بردە شوێنێک نە کارەبا هەبوو، نە ئاو هەبوو، تاوەکو ئەژنۆ خۆڵی تێدابوو، سێ شەو لەوێ ماینەوە بێ ئاو و کارەبا، دوای سێ شەوەکە هاتن کارەبایان بۆ پێکردین و ئاویشیان بۆ هێناین، ماوەی مانگێک بۆ دوو مانگ هەر لەو شوێنە بووین، دواتر ئێمەیان بردە نێو هۆڵەکە ئیتر لە هۆڵەکان و ژوورەکان دەیانهێناین و دەیانبردین.
دوای مانگێک یان دوو مانگی کە زۆر بە باشی بەبیرم نایێت، گوتیان لێبووردن دەرکراوە، هەرچی پیاوی پیر هەبوو گاڵتەیان پێدەکرد و هەڵیاندەپەڕاندن، دەیانگوت یەڵا گۆرانی بڵێن، ئێمە لە پەنجەرەکەوە سەیرمان دەکردن، تاوەکو بەیانی بە بیرم دێت هەر گۆرانی "ئەی شیرنێ و خانم"یان بە پیاوێک دەگوتەوە، ئەو شەوە ئەو پیاوە کۆچی دوایی کرد، بە سکی برسییەوە ئەو مامەڵەیەیان لەگەڵ ئەو خەڵکە دەکرد. بەیانی تاوەکو کاژێر 10 بۆ 11 تەرمەکەی هەر لەوێ کەوتبوو.
حاڵمان زۆر خراپبوو، خواردن و ئاویان پێنەدەداین. رۆژ نا رۆژێک سەموونێکیان پێدەداین، ئەو سەموونەشیان دەخستە نێو کۆگایەکەوە مشک و پشیلە گیانلەوەری بەسەردا دەگەڕا، سەموونێکی رەق وەک بەرد وابوو، ئاویش نەبوو بۆ ئەوەی بە ئاو بمانخواردبایە، ئاوێکیان پێمان دەدا تاڵ و سوێر و ترشبوو، کاتێک دەمانخواردەوە لووتمان دەگرت، ئاوەکە زۆر پیسبوو، خەڵکەکە هەمووی تووشی نەخۆشی بوون، هەر یەکێک بە دەردێک دەمرد، کاتێکیش دەمردن تەرمەکانیان دەبرد و دەیانگوت بە خاکیان دەسپێرین، بەڵام تۆزێک چاڵیان بۆ هەڵدەکەندن و دوای ئەوان سەگە رەشەکان تەرمەکانیان دەردەهێنا و دەیانخواردن.
بەبیرم دێت هۆڵەکەی نوگرە سەلمان دووبەش بوو، گۆڕەپانێک لەنێوانیادابوو ئەوبەرەی هەڵەبجەیی بوون بەرەکەی دیکە گەرمیانی بوون، دوو کوڕی هەڵبەجەییەکان بەناوەکانی شەماڵ و غەریب، کاتێک تانکەری ئاو هات سەتڵێکیان بەدەستەوەبوو بۆ ئەوەی ئاو ببەن، ئەفسەرێک هات و دوو سەربازی بۆ بانگکردن، ئەو دوو کوڕەیان هەڵواسی ئەوەندیان لەژێر پێیەکانیاندا نەیاندەتوانی لەسەر پێ بڕۆن، دواتر هەر بە سەراوژێر لە ستوونی گۆڕەپانەکەیان هەڵواسین و بە کێبل ئەوەندەیان ئەشکەنجەدان تاوەکو نەمردن وازیان لەو دوو کوڕە نەهێنا، کاتێکیش مردن پەتەکانیان بڕی و تەرمەکانیان کەوتە نێو قوڕاوەکەی ژێر ستوونەکە، تا ماوەیەک لەنێو ئەو قوڕاوەدا مانەوە.
ئەوانەی ئەشکەنجەی غەریب و شەماڵیان دەدا یەکێکیان مامە خڵاسیان پێدەگوت، دەیگوت کورد خڵاس، بۆیە ناویان نابوو مامە خڵاس، ئەوەی دیکەش سەربازێک بوو نازانم ناوی چیبوو، حەجاجیش خۆی بەدیاریانەوە وەستابوو کاتێک ئەشکەنجەی ئەو دوو کوڕەیان دەدا، ئەو فەرمانی بە سەربازەکان دەکرد بۆ ئەوەی ئەشکەنجەی ئەو دوو کوڕە بدات، تەنها لەبەر ئەوەی چووبوون سەتڵێک ئاو بهێنن.
کاتێک لە تۆبزاوە خەڵکەکەیان جیا کردەوە، کیسەیەکی گەورەیان هێنا هەرچی ئاوێنە و شانەو کەل و پەل بوو هەبوو کە لای پیاوەکان بوو گشتیان لێ سەندن. پیاوێکی لێبوو ناوی شێخ حوسێن بوو تەسبیحێکی بەدەستەوە بوو دەستی شۆڕ کردبووەوە، سەربازەکە لە دەستیدا بۆ ئەوەی تەسبیحەکەی لێ بستێنێت ئەویش پێی نەدا، تەسبیحەکەی لەدەست بەربووەوە، منیش منداڵبووم چووم تەسبیحەکەم هەڵگرتەوە، تا ماوەیەکی زۆریش ئەو تەسبیحەم لەلابوو دواترم مامم حاجی ئەحمەد لێمی سەند.
من خۆم نەمبینی، بەڵام باسیانکرد گوتیان ئەویان سەربەست کردووە بۆ ئەوەی بڕوات گوتوویەتی من شێخم و تەکیەم هەیە، پێیان گوتووە بڕۆ.. ئەویش گوتوویەتی تاوەکو ئەو خەڵکە ئازاد نەکرێت من بە تەنیا ناڕۆم، چونکە خێزان و منداڵ و کەسوکارەکەشی گیرابوون، ئەوبوو ئەویشیان ئەنفال کرد.
یاری نەبوو، پێچێک بوو منداڵانیان دەبرد ئەوانەی تەمەنیان لەسەرووی 4 مانگەوە تاوەکو 10 ساڵ ئەوەی بیتوانیبا دابنیشێت بۆ ماوەی 5 کاژێر دەیانخستە بەر خۆر، ئەوەی بیتوانیبا لەسەر ئەو خۆرە خۆی بگرێت و بەرگە بگرێت. چەند جارێک منیشیان بردووە، بێ نان و بێ ئاو، دیوارێکی بەرز بوو تەنها ئاسمانمان لێوە دیاربوو، برایەکم هەبوو ناوی جوامێر بوو زوو زوو دەبواریەوە لەمن بچووکتر بوو، جوامێری برام لەنێو ئەو پێچەدا بورایەوە، خوشكێکی لەخۆم گەورەتر هەبوو لەباوەشی کرد و گریاو گوتی چی بکەم، بانگی دایکمانی دەکرد و دەیگوت دایە دایە جوامێر خنکا.. دایە دایە جوامێر بورایەوە، دایکیشم بەستەزمانە نەیدەزانی چی بکات لە تاوان وەکو شێتی لێهاتبوو، نەیدەتوانی ئاوی بۆ بهێنێت ناچار لە سەربانەوە ئاویان بۆمان شۆر دەکردەوەو دەیانگوت دەمتان بکەنەوە وەکو بەچکە چۆلەکە دەمیان دەکردەوە، ئەوەی ئاو چووبایە بەدەمی ئەوەشی ئاو نەچووبایە بەو شێوەیە ئاومانیان بۆ شۆڕ دەکردەوە.
هەموو رۆژێک بۆ ماوەی 5 کاژێر حەجاج منداڵانی دەکردە ئەو پێچەوە، بەس لێمانی نەدەدا تەنها دەیخستینە نێو ئەو پێچەوە بێ نان و بێ ئاو لەژێر ئەو خۆرە گەرمەوە.
کاتێک حەجاج دەهاتە نێو خەڵکەکەوە، جشداشەکەی هەڵدەکرد و گاڵتەی بە خەڵکەکە دەکردو دەیگوت ئەسپێ هەیە؟ هەمیشە کێبڵێکیشی بەدەستەوە بوو سووچی بەتانییەکانی هەڵدەدایەوە و دەیگوت ئەسپێ هەیە، دەیانگوت ئەرێ وەڵا ئەسپێ هەیە، هی وا هەبوو دەیگوت بۆ خاتر خودا تاکەی بەرمان نادەن؟ دیگوت ئەی ئێوە کورد نین، پێشمەرگە نین.. ئێوە موخەریبن ئەمە شوێنتانە، دەبێت دەمار دەماری دەستتان حیساب بکەین ئەوکات دەڕۆنەوە دەچنە ناو کورد، ئیتر لە منداڵانی دەدا و لە خەڵکی دەدا و لووتی خۆی دەگرت و دەیگوت بۆنی کورد خۆشە، گاڵتەی پێدەکردین.
برایەکم ناوی رزگارە، تازە پێی دەگرت، منداڵیش کە پێی دەگرێت زۆر جوڵە دەکات و نازانێت دابنیشێت، هەر هەڵدەستایەوەو دادەنیشتەوە، ئەویش گوتی ئەمە پشیلەیە، منیش هەستام بچم بیهێنم ئەوەبوو لە هەردووکمانیدا، ئەوەندەی لێماندا دایکم خۆی بەسەرماندادا و گوتی بۆ خاتری خودا ئەوانە منداڵن، دوو سێ کێبڵیشی لە دایکمدا، کێبڵی وای لەسەری دەدام ئاگر لەنێو چاوم دەردەچوو، بەس لەسەر ئەوەی رزگاری برام تازەی پێی گرتبوو هاتووچۆی دەکرد و نەیدەزانی دابنیشێت، دەیگوت ئەمە هەر لە ئێستاوە وا بزۆکە، ئەمە بەیانی دەبێتە پێشمەرگە و شەڕ لە بەرامبەر حکومەت دەکات.
بەبیرم دێت منداڵ بووین نەماندەزانی، منداڵ چی دەزانێت؟ برسیمان بوو، نە نان هەبوو نە ئاو هەبوو. رۆژێک لە بەیانییەوە تاوەکو ئێوارە گریام بە دایکمم گوت من نانم دەوێ سەموون ناخۆم، داوای نانم دەکرد، دایکیشم دەیگوت نان لە کوێ بێنم، منیش سەرم خستبووە سەر رانی دایکم و دەمگوت من سەموون ناخۆم و نانم دەوێ، ئەویش دڵی دەدامەوە دەیگوت ئێستا نانتان بۆ دێنم. ئەفەسەرەکە گوتی ئەمە بۆچی دەگری؟ دایکم گوتی برسیەتی، لەبری ئەوەی شتێکمان بۆ بێنێ، گوتی برسیەتی؟ یەک لەقەی لە پێمدا.. زۆر زاڵم بوو زۆر.
نیوە شەوێک ئەفسەرێک هات و هاواری دەکرێت کوا لەشفرۆشەکانی باکوور کوا؟ دەیویست بێتە نێومانەوە، بەڵام دەرگاکە کلیل بوو نەیدەتوانی بێتە ژوورەوە... رۆژانە چۆن سەرژمێری ئاژەڵ دەکرێت و دەخرێتە ژوورەوە، هەموو رۆژێک ئەو خەڵکەیان دەبردە دەشت و یەک یەک بە دارلێدان سەرژمێریان دەکردین و دەیانگوت ئەمە یەک ئەمە دوو... بەم شێوەیە سەرژمێریان دەکردین.
کوڕێک ناوی ئاکۆ بوو تەمەنی نەببووە ساڵێک لە باوەشی دایکیدابوو دارێکی بەرکەوت لە باوەشی دایکیدا مرد، بەو شێوەیە جارێکی دیکە سەرژمێریان دەکردینەوە کاتێک دەیانبردینەوە ژوور دارێکی دیکەیان لێدەداینەوە.
کچێکی لێبوو ناوی گوڵاڵە بوو خەڵکی سلێمانی بوو، دایکی لە تەنیشتیەوە بوو، خوشکێکیشی وابزانم دوو منداڵی هەبوو، خوشکێکی دیکەی پێگەیشتوو و برایەکی لە تەنیشتییەوە بوون، دوو براشی پێشمەرگەبوون لە شاخ بوون، ئەوان نەهاتبوونەوە.
بە قسەی خەڵک چونکە من منداڵبووم ئەوکات نەمدەزانی دەیانگوت لەگەڵ حەجاج دۆستی یەک بوون، ژنێکی زۆر بێنامووس بوو، ئێمە باوک و براو مام و کەسوکارمان لەنێو ئەنفالکراوەکاندابوو، یەکێک بە دزییەوە چووبایە سەری لە کەسوکارەکەی دابوایە گوڵاڵە ناوی دەدا، دیگوت فڵان کەس رۆیشتووە بۆلای باوکی یان چووە بۆلای مامی یان ئامۆزاکەی، حەجاجیش دەهات ئەشکەنجەی ئەو کەسەی دەدا، جاری واهەبوو گوڵاڵە لەگەڵ حەجاج دەڕۆیشت بۆ دوو بۆ سێ کاژێر دەڕۆیشت بۆ ژووری ئەو ئەفسەرە، من منداڵ بووم بە چاوی خۆم ئەو شتانەم دەبینی بەس نەمدەزانی چ باسە. دایکی گوڵاڵە زۆر هەوڵی لەگەڵ دەدا، بەڵام ئەو لە دایکی و خوشکی و براکەشی دەدا کە هەرزەکاربوو، بەڵام هیچ دەسەڵاتێکی نەبوو، چونکە حەجاج لە پشتییەوە بوو، لە هەموویانی دەدا و بە ئاسایی دەچووە لای حەجاج.. هەرچی فیتنەیی بوو ئەو دەیکرد.. یەکێک نەیدەوێرا بچێتە لای باوکی یان مامی، گوڵاڵە زانیاری بە حەجاج دەدا و دەیگوت فڵانە کەس چووەتە نێو پیاوەکان.
بەڵێ، ئامۆزایەکم ناوی مەعسومە بوو 3 منداڵی لە زیندان لە برسان مردن، کامەران و شنۆ و هونەر، ئەو ئامۆزایەم منداڵێکی سەری زامدار ببوو چووە ناو پیاوەکان بۆلای خەزووری بۆ ئەوەی مەرهەمێکی بۆ پەیدا بکات، ناویاندا گوتیان مەعسومە چووە بۆ لای خەزووری، حەجاج مەعسومە و سێ بۆ چوار ژنی دیکەی برد بۆ ئەشکەنجەدان، سەرەتا بە مەعسومەی گوت دەستی ئەو ژنانە لە پەنجەرەکە ببەستێتەوە، پاشان خۆی دەستی مەعسومەی بە پەنجەرەکە بەستەوە، ئەوەندە ئەشکەنجەی ئەو ژنانەدا بە قەد پەنجەرەکەوە بێهۆش کەوتن، ئێمە لە پەنجەرەکەوە سەیرمان دەکردن.
ئامۆزایەکی دیکەم 3 منداڵی مردن بە ناوەکانی کامەران، نیگار و کوێستان. کوڕەکەی سەلمە کە لە کاتی سەرژمێرییەکە لەلایەن ئەفسەرەکەوە لێیدرا ئەویش مرد، ماوەی دوو رۆژیش تەرمی ئەو منداڵە هەر لەلای بوو لەسەری دەگریا، بەڵام کاتێک حەجاج دەهات نەدەوێرا بگری، کە حەجاج دەڕۆیش ئەوکات دەستی دەکردەوە بە گریان، بۆت نەبوو بۆ مردووەکەت بگری.
بەیانی خوشکم لەلایەن ئەفسەرەکەوە بە دار لێیدرا ئێستا باڵێکی سەقەت بووە، بۆ ماوەی 6 مانگ لە سلێمانی دکتۆر چارەسەری سروشتیان بۆ کرد، ئێستاش ئازارەکەی داوەتە ملی و چاوی.
خێزانی ئامۆزایەکم کە ناوی ئەسمەرە حەجاج پێی گوت هەستە دەستت بخە ناو ئاودەستەکە و پاکی بکەوە، ئەویش گوتبووی رووی باوکی سەدام رەشبێت تاوەکو کەی دەستدرێژیمان دەکەنە سەر؟ دە بمانکوژن و نەجاتمان بدەن، کاتێک گوتی رووی بابی سەدام رەشبێت، حەجاج گوتی سەدام کوڕی خاڵمە، ئەسمەری گرت و ئەوەندەی لێدا هەر لێیدەدا هەر دەیگوت رووی بابی سەدام رەشبێت، دایکم و ژنەکانی دیکە گوتیان ئەسمەر بەسە قسە مەکە، ئەسمەریش گوتی قسەی چی نەکەم لەمە زیاتر چیمان پێدەکەن، 3 منداڵم بەبەرچاومەوە لەبرسان مردوون، کەس نازانێت پیاوەکەم چی لێبەسەرهاتووە، ئیتر لەمە زیاتر چیم پێدەکرێت، بە حەجاجی دەگوت بمکوژە هیچ منەتت نەبێت، ئیتر حەجاج لێی دەدا و ئەویش دەیگوت رووی بابی سەدام رەشبێت، تاوەکو بێهۆشی کرد هەر لێیدا، پاشان وازی لێهێنا وایزانی مردووە، پاشان ئەسمەر تووشی نەخۆشییەکی پیسبوو، نەخۆشییەکەی دایە سەر و پشتی، هەتا لە نوگرە سەلمان بوو خەزووری بەخێوی دەکرد.
قەبر نەبوو، دەیانگوت قەبرە، مردووەکانیان نەدەشووشت، تەنها دەیانخستنە سەر عارەبانەیەکی بچووکی 3 تایەو دەیانبرد و دەیانگوت بە خاکیان دەسپێرین، پاشی 3 بۆ 4 رۆژ سەیرت دەکرد دەتبینی تەرمەکە بە دەمی سەگەوە بوو دەیخوارد.
جار جارە رێگەیان پێدەداین بۆ ئەوەی پەڕۆ و کاغەز بهێنین بۆ ئەوەی چای پێ لێبنێین، ئەویش ئەگەر حەجاج لەوێ نەبووایە، سەربازێک بوو مامە خڵاسیان پێدەگوت، دەیگوت کورد خڵاس دەبێت، خەڵکیش ناویانابوو مامە خڵاس، ئەو تۆزێک باشبوو، هەرچ کاتێک حەجاج دیار نەبایە و بچووبایە سەماوە، ئەو خەڵکەکەی ئازاد دەکرد دەیگوت بڕۆن کۆنە پەڕۆ و کاغەز بهێنن بۆخۆتان بە دزییەوە چای پێ لێبنێن. جاری وا هەبوو بۆ ماوەی دوو رۆژ حەجاج نەدەگەڕایەوە.
جارێکیان حەجاج ژنێکی خستە نێو بەرمیلێکی نەوتەوە کە سەرەکەی هەڵگیرابوو، ژنەکە ناوی خۆراسان بوو خەڵکی ئۆمەر بلوو بوو، پیاوەکەشی ناوی مام ئیبراهیم بوو، رۆیشت بۆلای پیاوەکەی کە لەنێو پیاو بە تەمەنەکان، ئەوەبوو حەجاج پێی زانی، خستیە نێو بەرمیلێکی نەوتەوە خۆشی ژنێکی قەڵەو بوو، سەری بەرمیلەکەشی داخست، گوتی هەتا دەچمە سەماوە دەگەڕێمەوە دەبێت ئەو ژنە لەنێو ئەو بەرمیلەدابێت، هەتا چووە سەماوە نازنم 5 بۆ 6 کاژێری پێچوو ئەو ژنە هەر لەنێو ئەو بەرمیلە نەوتەدابوو. زۆر زاڵمبوو، کەسێکی پیس و بێ ویژدان بوو.
حەجاج ئەو رەوشتەی باشبوو، بە شەرەف بوو، دەستدرێژی سێکسی نەکردە سەر خەڵک، بیزانیبووایە هەردوو گەنجێک بە یەکەوە بوونایە دەچوو ئەشکەنجەیانی دەدا، بەڵام تاوەکو بڵێی کەسێکی زاڵم و بێ ویژدان و پیسبوو، بەڵام رەوشتی جوانبوو.
ئەوەندە نەبێت باسی ئەوەیان دەکرد کە لەگەڵ گوڵاڵە بوو، جا نازانم گوڵاڵە دەچوو جل و بەرگی بۆ بشوورێت یان نا، خەڵکی دیکەی نەدەبرد، بەس گوڵاڵە لەگەڵی دەچوو.
خۆم و خوشکێکم کە هێشتا بە تەواوەتی فێری قسەکردن نەببوو، ناوی نازدار بوو، داوای پیازی دەکرد دەیگوت فاس، ئێمەش نەماندەزانی داوای چی دەکات، بەڵام دواتر دایکم گوتی ئەمە داوای پیاز دەکات.
هیچ نەبوو بیخۆین، سەموونێکی رەق و ئاوێکی پیسی شۆراویان دەهێنا دەبوو لووتت بگری تا ئاوەکە بخۆی، تانکەرێک ئاویان هێنا گوتیان ئەمە بەس بۆ هەڵەبجەییەکانە کەس لێی نەبات، هەر کەسێک لەو ئاوەی خواردبایەوە یەکسەر دەیکوشت، بەیان-ی خوشکم چوو سەتڵێک ئاوی هێنا زۆر پێیەوە هیلاک بوو تاوەکو ئاوەکەی هێنا، ماشەڵڵا لە گەورەیی خوا تاوەکو گەیشتەوە لای ئێمە سەتڵە ئاوەکە لەدەست رژا و نەمانخوارد، ئەگەر لەو ئاوەمان خواردبایەوە هەموومانی دەکوشت، هەر کەسێک لەو ئاوەی خواردەوە کوشتی. خەڵکێکی زۆری کوشت.
حەجاج بە بەردەوام یان دارێک یان کێبڵێکی بەدەستەوەبوو، قسەی خۆشی لەگەڵ خەڵک لێدانبوو لەو خەڵکە، بەلای منداڵێک تێپەڕبووبایە کە یاری دەکرد دارێکی لەسەر دەدا، زۆر زاڵم بوو.
لە ئاواییەکەی خۆمان ئەوەی بەبیرم بێت، ئەگەرچی شتەکانم زۆر بەباشی لە یاد نییە تاوەکو باسی ژیانی منداڵی خۆمان بکەم، تەنها ئەوەی لەبیرمە ژیانی منداڵی هەرچۆنێک بێت هەر خۆش بووە، ئەگەر ژیانیش تاڵ بێت مادام منداڵ بێت ژیانە خۆشە. ئێمە پێش ئەنفال ژیانمان ئەوەندە خۆشبوو نەماندەزانی دونیا بۆچی کراوە، خەڵک بە مەڕ و ماڵات بەخێوکردن و جووتیاری و باخداری و کشتوکاڵەوە سەرقاڵ بوون، خەڵکەکە دڵ و دەروونی پاک بوو، منداڵ چاوی منداڵێکی دیکەی دەربکردایە خاوەنەکەی لەسەری بە وەڵام نەدەهات، منداڵ لەکاتی یاریکردندا سەری منداڵێکی دەشکاند خاوەنەکەی لەسەری بە وەڵام نەدەهات.
ئەو شەوەی بۆ یەکەمجار کە براینە نوگرە سەلمان، ئێمە کاژێر 2 و نیوی دوای نیوەڕۆ بوو لە دوبزەوە بۆ نوگرە سەلمان گواستراینەوە، لە دووبز خواردنمان باشبوو، سەربازگە بوو، هەچی بۆ سەربازگەکە بهاتبایە بەسەر خەڵکەکەش دابەشیان دەکرد، ئەگەرچی شوێنەکەمان پیسبوو خەڵکەکە زۆری تووشی نەخۆشی بوو بە تایبەت منداڵ، لە دووبز منداڵێکی زۆر مردن. شوێنی دانیشتن و خواردن و سەرئاوکردن هەمووی لەیەک شوێنبوو، بەڵام خواردنەکەمان عەیبی نەبوو.
ئێمە کاژێر 2 و نیوی دوای نیوەڕۆ بوو لە دوبزەوە بۆ نوگرە سەلمان گواستراینەوە، دوای بانگی عیشا گەیشتینە نوگرە سەلمان، تاوەکو بەیانی چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد نانمان بۆ بێت، واماندەزانی وەکو دووبز خواردنمان بۆ دێنن، ئێمەیان برد بۆ ژوورێکی تاریک تاوەکو ئەژنۆ خۆڵی لێبوو، نە رووناکی تێدابوو نە ئاو نە پەنجەرەیەکی تێدابوو، 500 کەسیان کردە ئەو ژوورەوە، تاوەکو بەیانی چاوەڕێی خواردنمان کرد تاوەکو گەیشتە 12ی نیوەڕۆش هەرچاوەڕێی خواردنمان دەکرد، ئێمە لە کاژێر 2 و نیوی دوای نیوەڕۆ بارکراین تاوەکو 12ی نیوەڕۆ هەر چاوەڕێی ئاوو خواردنمان دەکرد، تەنها ئەو شەوە رەنگە 20 بۆ 30 کەس مردبێت چ ئەوانەی لە برسان مردن و چ ئەوانەی کەوتنە ژێر دەست و پێ، منداڵێکی زۆر لە برسان مردن.
کاتێک لە دووبز دەرچووین بە بیرم دێت گەیشتینە تکریت، ئێمەیان بردە باڵەخانەیەکی بەرز و لەوێیان داناین، پاسەوانی بەر دەرگاکە گوتی رێگا نییە بڕۆن، ئێمەیان بردە سەر دەریاچەیەک کاتەکەی شەوبوو تاریکبوو، چەند ئۆتۆمبێلێکی نەژدە هاتن و گەیشتنە لامان گوتیان ئەوە بۆ کوێیان دەبەن، گوتیان رێمان هەڵە کردووە، نیازیان وابوو بمانخەنە نێو دەریاچەکەوە، پاشان ئێمەیان بردە نوگرە سەلمان. ئێمە بۆ مردن بردراین، ئێمە تەنها 5 ئیڤا براین بۆ نوگرە سەلمان ئەوەی پێش ئێمە لە دووبز بردران ئەوان هەر نەهاتنەوە، ئێمەش هەر بۆ کوشتن براین، بەڵام قسمەتمان وابوو بەر لێبووردن کەوتین و گەڕاینەوە.