قوتابییانی قوتابخانەیەک لە چەمچەماڵ 8 ساڵە لەنێو کابینەدا دەخوێنن

05 November 2025
قوتابییانی قوتابخانەیەک لە چەمچەماڵ 8 ساڵە لەنێو کابینەدا دەخوێنن
بۆ ماوەی 8 ساڵە، قوتابیانی قوتابخانەی "رەند" لە بانی مەقان لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، لەنێو کۆمەڵێک کابینەی کۆن و رزیودا وانەکانیان دەخوێنن. قوتابیان و مامۆستایان گلەیی لە خراپیی رەوشی خوێندن دەکەن و دەڵێن، کابینەکان بۆ خوێندن ناشێن، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی چەمچەماڵیش دەڵێت، قوتابخانەیەکی نوێ بۆیان دروستکراوە و بەمزووانە دەگوازرێنەوە.
 
نزیکەی 300 قوتابی لەو کابینانەدا دەخوێنن کە بە گوتەی خۆیان، "بە هاوین گەرم و بە زستان ساردن." یەکێک لە قوتابییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کابینەکان کون و چاڵیان تێدایە و چەندین جار مامۆستا و قوتابی قاچیان تێکەوتووە و ئازاریان پێگەیشتووە."
 
هاوکات، مامۆستایانیش نیگەرانن لە کەمیی میلاک و نەبوونی شوێنی پشوودان. هاوژین عەدنان، یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکە، لە بەرپرسیار، گوتی: "قوتابخانەکەمان تاوەکو پۆلی 9ـی بنەڕەتییە، مامۆستاکان پلانی 9 قۆناخی جیاواز دادەنێن و بەهۆی کەمیی میلاکەوە، مامۆستای وەرزش وانەی زمانی کوردی دەڵێتەوە."
 
عومەر عوسمان، بەڕێوەبەری قوتابخانەی رەند، لە بەرپرسیار، گوتی: "داوای کابینەی دیکەمان کردووە، چونکە پۆلەکان زۆر قەرەباڵخن و مامۆستامان کەمە، تاوەکو ئێستاش وانەی بیرکاری لە قوتابخانەکەمان نەخوێندراوە."
 
بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ دەڵێت، لە ساڵی 2014ـەوە هیچ بینایەکی نوێ بۆ قوتابخانەکانی سنوورەکەیان دروستنەکراوە. ئەو دانی بەوەدا نا کە کابینەکان "مەرجی خوێندنیان تێدا نییە و مەترسیدارن،" بەڵام بەکارهێنانیان بە "ناچاری" وەسفکرد.
 
عەبدوڵڵا حەمە کاکەڕەش، لە بەرپرسیار، گوتی: "لە بەرامبەر قوتابخانەی رەند، بینایەکی 12 پۆلی لەلایەن خێرخوازێکەوە دروستکراوە و تەنیا کارەبا و دانانی دەرگا و پەنجەرەی ماوە. بڕیاردراوە بە زووترین کات بیناکە تەواو بکرێت و هەموو قوتابییەکانی قوتابخانەی رەند بگوازرێنەوە ناوی."