حاجیاوا.. 800 ماڵ بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن

27 November 2025
حاجیاوا.. 800 ماڵ بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن
نزیکەی 800 ماڵ لە گەڕەکی شەهیدانی قەزای حاجیاوا، بەهۆی وشکبوونی هەردوو بیری سەرەکیی گەڕەکەکەیان، بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیش دەڵێت، بڕیارە بیرێکی نوێیان بۆ لێبدرێت.
 
گوڵە حەمەد، یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە بەمشێوەیە باسی کێشەکەیان دەکات: "دوو رۆژ جارێک تەنیا بۆ ماوەی 20 خولەک ئاومان هەیە. ناچارین هەفتەی سێ جار بە تانکەر ئاو بکڕین کە هەر تانکەرێک بە 8 هەزار دینارە. زۆربەی خەڵکی گەڕەکەکە کەمدەرامەتن و توانای کڕینی ئاویان نییە، جگە لەوەی دڵنیا نین لە پاکیی ئەو ئاوەی دەیکڕین."
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی راپەڕین دەڵێت، ئەو دوو بیرەی ئاوی گەڕەکەکە دابین دەکەن، لە ساڵی 1980ـەوە لێدراون و کۆنن، بۆیە ناتوانرێت قووڵ بکرێن.
 
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین، لە بەرپرسیار، گوتی: "شوێن بۆ لێدانی دوو بیری نوێ لە گەڕەکەکە دەستنیشان کراوە، بەڵام نەبوونی بودجە بووەتە رێگر لەبەردەم دەستپێکردنی پڕۆژەکە."
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ئاماژە بەوە دەکات کە ئاگاداری کێشەکەن و بڕیاری پێویستیان داوە.
هیوا قەرەنی، گوتی: "بەهۆی وشکەساڵییەوە زۆربەی بیرەکانی سنوورەکە وشکیان کردووە و تاوەکو ئێستاش رەزامەندیی خەرجکردنی بودجەی پلانی رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نەگەڕاوەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، بڕیار دراوە بیرێکی نوێ بۆ گەڕەکی شەهیدان لێبدرێت."
 
هیوا قەرەنی، هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئەم ساڵ بارانبارین کەم بێت، کێشەی کەمئاوی لە سنوورەکەیان قووڵتر دەبێتەوە.