بەنداو و شەقامێک 200 دۆنم زەوی لە دوو گوندی گۆمەسپان دەبەن

25 November 2025
بەنداو و شەقامێک 200 دۆنم زەوی لە دوو گوندی گۆمەسپان دەبەن
پڕۆژەی دروستکردنی بەنداو و شەقامی دووسایدی گۆمەسپان، بووەتە هۆی ئەوەی نزیکەی 200 دۆنم زەوی لە دوو گوندی سنوورەکە بکەوێتە بەر پڕۆژەکە. سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە جووتیاران بە قۆناخ قەرەبوو کراونەتەوە، بەڵام هێشتا بەشێکی دیکەیان ماوە و هەندێکیشیان سکاڵایان هەیە کە قەرەبووەکانیان راگیراوە. لەبەرامبەردا، پارێزگاری هەولێر و قایمقامی پیرمام دڵنیایی دەدەن مافی هیچ زیانلێکەوتوویەک نافەوتێت.
 
تەحسین سدیق، موختاری گوندی عەلاوە، یەکێکە لەو کەسانەی زیانی کردووە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی: "44 دۆنم زەوی و سێ خانوو و حەساری ئاژەڵم بەر پڕۆژەکە کەوتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا قەرەبوو نەکراومەتەوە، بۆیە سکاڵام تۆمار کردووە."
 
کێشەکە تەنیا گوندی عەلاوەی نەگرتووەتەوە. لە گوندی حاجی ئەحمەد، دانیشتووانەکەی چەکی قەرەبوویان وەرگرتووە و دوو قیستیان پێدراوە، بەڵام چاوەڕێی سێ قیستی دیکەن. 
 
دلێر حامید، دانیشتوویەکی گوندی حاجی ئەحمەدە و باس لەوە دەکات، "13 جووتیاری گوندەکەم و گوندی سارتکە زیانمەندبوون و قەرەبووی تەواویان وەرنەگرتووە. چەکی پارەمان هەیە، بەڵام پارەکە خەرج ناکرێت، لە کاتێکدا دەبوو لە ساڵی 2023 پرۆسەکە کۆتایی بهاتایە."
 
بابەتەکە ئێستا رەهەندێکی یاسایی وەرگرتووە، بەتایبەت دوای ئەوەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوێک لە 07-12-2021 بە واژۆی سەرۆکی دیوان، داوای کردووە دووبارە خەمڵاندن بۆ زیانەکان بکرێتەوە.
 
فەیسەڵ تەقیەدین، پارێزەری راوێژکار لە بەرپرسیار گوتی: "دادگەی پیرمام بڕیاریداوە لیژنەیەک لە 25ـی ئەم مانگە سەردانی گوندی عەلاوە بکات و خەمڵاندن بۆ زیانلێکەوتووانی ئەو گوندە بکات. هەروەها داوای شارستانی لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری ئاوەدانکردنەوە تۆمارکراوە."
 
حامد ئیسماعیل، قایمقامی پیرمام لە بەرپرسیار داوای لەو جووتیارانە کرد کە زیانیان بەرکەوتووە و تاوەکو ئێستا مامەڵەی قەرەبووکردنەوەیان نەکردووە، داواکاری پێشکێش بکەن بۆ ئەوەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز بکرێتەوە.
 
قایمقامی پیرمام گوتیشی، "ئەوانەی زیانیان کردووە دەبێ بەڵگەی خاوەندارێتیی موڵکەکەیان هەبێت. دواکەوتنی قەرەبووکردنەوەش پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە هەیە."
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دایە زیانلێکەوتووان و بە رووداوی گوت، "پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی پڕۆژەی گۆمەسپان نەوەستاوە و بەردەوامە. مافی هیچ کەسێک نافەوتێت." 
 
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشتر بەهۆی نەبوونی پارەوە پرۆسەکە وەستابوو، بەڵام دەستپێدەکاتەوە و هەر کەسێک مامەڵەی نەکردووە و بەڵگەی هەیە، دەتوانێت پێشکێشی کشتوکاڵی بکات بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێتەوە."