ژنێک و دوو منداڵەکەی یەک مانگە لە پارکێکی هەولێر دەمێننەوە

02 October 2023
ژنێک و دوو منداڵەکەی یەک مانگە لە پارکێکی هەولێر دەمێننەوە

ژنێک لە هەولێر دوای دەرکردنی لە ماڵ لەلایەن کوڕەکەیەوە، دەچێتە ماڵی زڕکوڕەکەی، دوای مانەوەی بۆ شەش مانگ، لەوێش دەردەکرێت. ئێستا ماوەی یەک مانگە لەگەڵ دوو منداڵەکەی لە یەکێک لە پارکەکانی شاری هەولێر دەمێنێتەوە.

زولفا محەممەد، دایکی دوو منداڵە و دەڵێت، "بێ شوێن و ماڵم، پارەم نییە و دوو منداڵم لایە و کەس نییە هاوکاریم بکات. پیاوەکەم ژنێکی قەرەجی هەڵگرت و ماڵەکەشیان بردم. لە ئیشەکەش منیان بە دەرکردن دا. لەگەڵ زڕ کوڕم دەژیم، ئەویش گوتی؛ بڕۆ، منیش نەمگوت بۆچی، راستەوخۆ رۆیشتم. تەنیا یەک مانگ لای کوڕی خۆم بووم و دەریکردم."

شوان، زڕکوڕی زولفا، دەڵێت، شەش مانگە لەماڵم دەمێنێتەوە. دەڵێت کوڕەکەم ماڵی لێفرۆشتووم و بەخێوم ناکەن. منیش گوتم وەرەوە لای من ئەگەر نانێک هەبوو بەیەکەوە دەیخۆین. لەبەرئەوەی بەخێوی دەکەم و ماوەیەک لە زیندان بوو، هەروەها بە نیازی جیابوونەوەیە، کەسوکارم حاشایان لێکردووم و گوتیان تاوەکو ئەو ژنەت لابێت هاتووچۆت ناکەین. زولفاش گوتی؛ تاوەکو ماوەیەک لات دەبم.

شێخ محەممەد گەزنەیی، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی هەولێر گوتی: "ئەو ژنە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە، هەڵوێستی زڕکوڕەکەی جوامێرانەیە، بەڵام داخەکە لەوەیە کە کوڕەکەی خۆی دەریکردووە لە ماڵ. سەرەتا لەگەڵ ئەو ژنە دادەنیشین و لە کێشەکەی تێبگەین. ئەگەر کۆمەڵایەتی بێت دەبێت کەسوکاری خۆی چارەسەری بکات. ئێمە دەتوانین بە شێوەیەکی کاتی شوێنیان بۆ دابینبکەین بەڵام دەبێت کە چارەسەرێکی هەمیشەییان بۆ بدۆزرێتەوە. ئەمشەو شوێنیان بۆ دابین دەکەین."